10
دیزاین 8, ئه‌یلول 2017

HCI چییە؟

HCI کورتکراوەی Human–computer interaction (بەکوردی: کاردانەوەی کۆمپیوتەر بۆ مرۆڤ). HCI یەکێکە لە زانستەکانی کۆمپویتەر کە لەگشت ئەو لایەنانە دەکۆڵێتەوە بۆئەوەی دیزاین و تایبەتمەندی سیستەم یان کۆمپیوتەر بەشێوەیەک دابڕێژرێن کە لەلایەن بەکارهێنەرەوە کە مرۆڤە ئاسانتر و باشتر بەکاربێت. دەکرێت HCI هەم لە دیزاینکردنی ڕەقەواڵە هەمیش لە نەرمەواڵە بەکاربێت.

مرۆڤ: مرۆڤ بەچەندین شێوە پێناسەی بۆکراوە بەڵام لەڕووی ئەم زانستەوە بەکۆمەڵێک هۆکار مرۆڤەکان جیادەکرێنەوە لەپێناو دیزاینکردنی ئەو سیستەمە. جیاکردنەوەی مرۆڤەکان بەنموونە لەڕێگای حەز، تەمەن، ڕەگەز، ئاستی خوێندەوری، خاوەن پێداویستی تایبەتەکان، ئاستی هۆشیاری لە کۆمپیوتەر و دەیان هۆکاری دیکەش.

کۆمپیوتەر: لە زانستی HCI کۆمپیوتەر مەبەست لێی ئەو سیستەمەیە یان بەرنامەیە کە بەکارهێنەر بەکاری دەهێنێت. کۆمپیوتەریش دەکەوێتە چەند هاوپۆلێک لەوانە خێرایی، نرخ، قەبارە و کێش، ڕەنگ و شێوە، هۆی بەکارهێنان، فۆنت و دەیان هۆکاری دیکە.

 

لەساڵی ١٩٨٧ شنایدەرمان لەگەڵ پلایسانت لە ٢٠٠٩ هەروەها لەساڵی ١٩٩٠ نیلسۆن و مۆلیخ کۆمەڵێک هۆکارییان دانا کە یارمەتی داڕشتن و دیزاینکردنی سیستەمی کۆمپیوتەر یان بەرنامەی کۆمپیوتەری دەدات. لێرەدا بەکورتی باسییان دکەین

  • ڕێگریکردن لەهەڵە، هەر سیستەمێک دابڕێژی واباشترە کەمترین هەڵەی تێدابێت، واتە وابکەیت بەکارهێنەر بەپێی ویستی دانەر سیستەمەکە بەکاربەرێت. بەجۆرێک کەبەکارهێنەر هەستبکات بەرنامەکە کۆنتڕۆڵکراوە.
  • گەڕاندنەوەی کرداری هەڵە (undo) ئەمەش بۆئەوەی بەکارهێنەر ئەگەر هەڵەیەکی کرد بەئاسانی بگەڕێتەوە دۆخی پێشوو.
  • بەکارهێنانی دەستەواژەی ئاسان لەسیستەم تاوەکوو هەمووان بەئاسانی تێبگەن. نموونە دووکەوتنەوە لەهەندێ دەستەواژەی تایبەت و تەکنەلۆژی لەبڕی ئەوە دەستەواژە گشتییەکان بەکاربێن باشترە.
  • دابینکردنی ڕێبەر و فێرکاری بۆ بەکارهێنەر (User Guide) تا چۆنییەتی بەکارهێنانی سیستەمەکە تێبگات.
  • بوونی فیدباک لەسیستەمەکە تاوابکات بەکارهێنەر بزانێت چی کردووە و کاردانەوەی سیستەم بۆکارەکەی چی بووە.
  • ڕیزبەندی درووست لەکاتی بەکارهێنان نموونە کاتێک بەکارهێنەر دەیەوێت لەماڵپەڕێکی کڕین شتێک بکڕێت ئەوا بەکارهێنەر چاوەڕێی ئەوەدەکات کۆتا هەنگاو دوگمەی دووبارە دڵنیابوونەوە (Confirm) لەکڕینی کەلووپەلەکە دابگرێت.
  • کەمکردنەوەی ئەو شتانەی کەوادەکات مرۆڤ لەبیرییان بچێتەوە بۆنموونە بوونی پەڕەیەک کە  بەکارهێنەر هەموو زانیارییەکان پڕبکاتەوە ئەوە ئەگەری زۆرە زانیارییەکان زووتر لەبیری ئەو کەسە بچنەوە لەوەی ئەگەر هەمان زانیاری لە ٣ پەڕەی جیاوازدا پڕبکاتەوە.

 

بەگرووپکردن:

یەکێکی دیکە لەبابەتەکانی HCI بریتییە لە پرەنسیپەکانی گێشتالت (ناوێکی ئەڵمانییە) بۆ هاوپۆلکردن و بەگرووپکردنی سیستەم و دیزانەکانە، ئەم پڕەنسیپانە لەوە هات کۆمەڵەیەک لە سایکۆلۆجیستەکانی ئەڵمانیا لە سەرەتای سەدەی ١٢ەم لێکۆڵینەوەیان لەسەر کاردانەوەی چاوی مرۆڤکرد یەکێک لەوشتانەی بۆیان دەرکەوت کەچاوی مرۆڤ خۆکارانە کاتێک سەیری ماددەیەک یان شتێک دەکات ئەوا یەکەم شت شتێک دەبینێت. گێشتاڵت بریتییەلە لە هاوپۆلکردنی چەند جۆرێک لەشێوە و ڕیزکردن کە دەکرێت لە سیستەم یان بابەتەکانی کۆمپیوتەریشدا بەکاربێت. لێرە چەند نموونەیەک باسدەکەین.

 

1- پڕەنسیپی پڕۆکسیمیتی: ئەم پڕەنسیپە وەک لەوێنەکەی خوارەوە دەرکەوتووە چەند بژاردەکەیەکە بەشێوەیە ئاسۆیی و ستوونی ڕیزکراون. بەپێی ئەم پڕەنسیپە کە مرۆڤ یەکەمجار لەچەند چرکەی یەکەم کە دیزاینێک لەم چەشنە دەبینێت ئەوا تێدەگات کە ئەوانەی بەئاسۆیی ڕێزکراون پەیوەندیدارن بەیەکەوە و ئەوانەی بەستوونیش ڕیزکراون ئەوانیش بەشێکی دیکەن و پەیوەندیدارن بەیەکەوە.

٢- پڕەنسیپی بەردەوامی (کۆنتینیوتی) :ئەم پڕەنسیپە بریتییە لە هێڵێکی درێژرکراوە کەخاڵی دەستپێکی هەیە لەگەڵ خاڵی کۆتایی وەک لەوێنەی خوارەوە دیارە کە خاڵی دەستپێک لەناو پیتی H دەستپێدەکات و لای گەڵایەکە کۆتایی دێت. کاتێک مرۆڤ سەیری وێنەیەک یان لۆگۆیەک دەکات کە ئەم پڕەنسیپەی تێدابەکارهاتبێت ئەوا یەکەم سەرنج کەبۆی دەچێت ئەو هێڵەیە کە دەستپێکی هەیە و چاوی مرۆڤ دەیەوێت کۆتایی ئەو هێڵە ببینێت.

 

  • تێبینی: لێرەدا تەنیا باسی ٢ پڕەنسیپمان کرد بەڵام لەوە زیاترە بۆیە دەتوانن لەسەرچاوەکانی خوارەوە یان لەئینتەرنێت بەدوای ئەوانی دیکەشدا بگەڕێن.

سەرچاوەکان:

  1. https://www.nngroup.com/articles/ten-usability-heuristics/
  2. http://www.designprinciplesftw.com/collections/10-usability-heuristics-for-user-interface-design
  3. https://en.wikipedia.org/wiki/Human%E2%80%93computer_interaction
  4. https://en.wikipedia.org/wiki/Principles_of_grouping
بۆچونی تۆ