ئای ئۆ ئێس 12, ئه‌یلول 2017

زانیاری تەواو لەسەر کۆنگرەکەی ئەمڕۆی ئەپڵ

مانگی ئەیلول بۆ هەوادارانی ئەپڵ زۆر تایبەتە، بە تایبەتی ئەمساڵ کە یادی دەیەمین ساڵەی ئایفۆنە. لەبەر ئەوەشە کە هەمووان چاوەڕێی میوانداریی گەرمی ئەپڵ دەکەن بۆ ڕاگەیاندنی پێشکەوتووترین نەوەی ئایفۆن لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا!

هەروەکو ئاشکرایە، ئەپڵ سیاسەتێکی توند جێبەجێ دەکات پێش ئەنجامدانی کۆنگرەکانی و نایەڵێت زانیاری تەواو لەسەر کۆنگرەکەی و بەرهەمە نوێیەکانی بزانرێت، بۆیە ئەوانەی کە تاوەکو ئێستا لەپێگەکاندا بڵاودەکرێتەوە تەنها پڕوپاگەندە و پێشبینییە. ئەو پڕوپاگەندانەش باس لەوە دەکەن کە ئەپڵ لە کۆنگرەی ئەمڕۆیدا زیاتر لە دوو ئایفۆن ڕادەگەیەنێت، کە لە ساڵانی پێشوودا بە لایەنی زۆرەوە تەنها دوو ئایفۆنی نوێی ڕادەگەیاند. زانیارییەکان لەسەر ناوی ئایفۆنە نوێیەکان جیاوازن، پڕوپاگەندەکانیش بەسەر چەند بیروڕایەک دابەش بوون، بەشێک لە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەپڵ سێ ئایفۆنی نوێ ڕادەگەیەنێت کە بریتین لە (ئایفۆن ٨، ئایفۆن ٨ پڵەس و ئایفۆن ئێکس)، بەڵام بەشێکی تر لە زانیارییەکان دەڵێن کە ناوی ئایفۆنە نوێیەکان (ئایفۆن ٨، ئایفۆن ٧ ئێس و ئایفۆن ٧ ئێس پڵەس) دەبن، ئەمە جگە لەوەی کە پێگەی تر هەن کە ڕای جیاوازیان هەیە و دەڵێن کە ئایفۆنەکان ناوی تریان دەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە وا چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ سیاسەتی خۆی لە ناولێنانی ئایفۆنەکانی بگۆڕێت و زیاتر بچێتە مەیدانی پێشبڕکێی بازرگانیی. پێشبینی دەکرێت لەم کۆنگرەیەدا ئەپڵ گۆڕانکاری گەورە لە ڕووکاری ئایفۆنە نوێیەکاندا ئەنجام بدات، ئەمەش لە ڕێگای سڕینەوەی دوگمەی سەرەکی ئایفۆنەکان و هێنانی بۆ سەر ڕوونما.

جگە لە ڕاگەیاندنی ئایفۆنە نوێیەکان، وا چاوەڕوان دەکرێت کە ئەپڵ تیڤی بە ڕوونی (4K)، وەشانی ئای ئۆ ئێس ١١ و چەند بەرهەمێکی تریش لەکۆنگرەکەدا ڕابگەیەنرێن.

  • پڕوپاگەندەکان دەربارەی ئایفۆنە نوێیەکان

هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا، تاکو ئێستا ڕوون نییە کە ئەو سێ ئایفۆنە چ ناوێک هەڵدەگرن و ئەوەی کە هەیە تەنها پڕوپاگەندە و پێشبینییە، بەڵام بە گوێرەی زۆربەی زانیارییەکان ئەوە زانراوە کە ئەپڵ سێ ئایفۆنی نوێ لە کۆنگرەی ئەمڕۆیدا ڕادەگەیەنێت، ئایفۆنێکی پێشکەوتووی ئاستبەرز کەقەبارەی ڕوونماکەی ٥.٨ ئینچ دەبێت لەجۆری OLED کە یەکێکە لەهەرە پێشکەوتووترین ڕوونماکان بۆ مۆبایلەکانی ئەم سەردەمە، لەگەڵ دوو ئایفۆنی تر لەجۆری ڕوونمای LCD و بەقەبارەکانی ٤.٧ و ٥.٥ ئینچ.

  • چی لەم ئایفۆنانە چاوەڕوان دەکرێت؟

ئەپڵ دەیەوێت بۆ ئەمساڵ ئایفۆنێکی پێشکەوتووی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ڕابگەیەنێت، کە بە گوێرەی بەشێک لە زانیارییەکان ئەو ئایفۆنە ناوی “iPhone X” دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت کە خاوەن لاشەیەکی شووشەیی بێت و ڕوونمایەکی چێوەیی نایابی هەبێت لە جۆری (OLED)، ئەمانە لەگەڵ لابردنی دوگمەی سەرەکی ئایفۆن و هێنانی بۆ سەر ڕوونما و زیادکردنی تەکنیکی نوێ بۆ ناسینەوەی بەکارهێنەری ئایفۆنەکە، یان لە ڕێگای پەنجەمۆری پێشووەوە دەبێت کە ئەمجارە لەسەر ڕوونما دەبێت و یان لەڕێگای ناسینەوەی ڕووخساری بەکارهێنەر دەبێت کە ئەمەش تایبەتمەندییەکی نوێیە و پێشبینی دەکرێت زیاد بکرێت. بە گوێرەی بەشێکی زۆری زانیارییەکانیش ئەم ئایفۆنە ناوی (ئایفۆن ئێکس) دەبێت کە نەوەیەکی لووتکەیی و پێشکەوتووە و دوو ئایفۆنەکەی تریش یەکێکیان بە قەبارەی ڕوونمای ٤.٧ ئینچ کە ناوی (ئایفۆن هەشت)ـە و ئەوی تریان بە قەبارەی ڕوونمای ٥.٥ ئینچ بەناوی (ئایفۆن هەشت ئێکس پڵەس) دەبێت.

زۆر پڕوپاگەندەی تر دەربارەی تایبەتمەندییەکانی ئایفۆن ئێکس هەن، باس لەوە دەکەن کە ئەم ئایفۆنە بە پڕۆسێسەری نوێی ئەپڵ لە جۆری A11 کاردەکات و تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی بێ تەلی دەبێت. هەروەها ئەپڵ دەیەوێت هەوادارانی زیاتر سەرسام بکات و لە ئایفۆنەکانی پێشوو دووربکەوێتەوە، ئەمەش بەوەی کە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئەپڵ واز لەو ئەلەمنیۆمە دەهێنێت کەپێشووتر لاشەی ئایفۆنەکانی (پێنج، پێنج ئێس، شەش، شەش ئێس، حەوت و ئێس ئی) لێوە دروست کردبوو، بەڵکو ئەمجارە بۆ ئەم سێ ئایفۆنە نوێیە لاشەکەی لە شووشە دروست دەکات کە هاوشێوەی لاشەی ئایفۆن چوارە. هەروەها هاوشێوەی ئایفۆن حەوت و حەوت پڵەس لەم ئایفۆنە نوێیانەشدا تایبەتمەندی دژە ئاو و خۆڵ و تۆز بوونی دەبێت و پشت بەبڕوانامەیەکی باشتر دەبەستێت کە (IP68)ـە.

– چەند وێنەیەکی دزەپێکراوی ئایفۆنە نوێیەکان:

 

جگە لەوانەی باسمانکردن، بە گوێرەی پێشبینییەکان بیرگەی ناوەکیی ئایفۆن ئێکس سێ جۆر دەبێت کە بریتیین لە (٦٤، ٢٥٦ و ٥١٢) گێگابایت بەڵام بۆ دوو ئایفۆنەکەی تر نەزانراون. سەبارەت بە ڕامی ئایفۆنە نوێیەکان، پێشبینی کراوە کە ڕامی ئایفۆن ئێکس هاوشێوەی ئایفۆن حەوت و حەوت پڵەس (سێ گێگابایت) بێت و دوو ئایفۆنەکەی تریش ڕامەکەیان تەنها (دوو گێگابایت) دەبێت. بۆ نرخی ئایفۆنە نوێیەکانیش چاوەڕوان دەکرێت کە ئایفۆن ئێکس بەنرخێکی بەرز بفرۆشرێت نزیک بێتەوە لە (هەزار دۆلار) ئەمەش بەهۆی زیادکردنی چەندەها تایبەتمەندی گرنگ و نوێ بۆ ئایفۆنەکە.

  • چۆن سەیری کۆنگرەکە بکەم؟

کۆنگرەکە ئەمڕۆ سێشەممە (١٢\٩\٢٠١٧) کاتژمێر (٨ی شەو) بە کاتی هەولێر بەڕێوەدەچێت، کەی ئای تی ئێن سات بەسات ڕووماڵی تەواوی کۆنگرەکە دەکات بۆ ئەوەی بێبەش نەبن و بتوانن بە زمانی شیرینی کوردی چاودێری کۆنگرەکە بکەن. لە ڕێگای پەڕەی کەی ئای تی ئێنەوە لەفەیسبووک کۆنگرەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە و دەتوانن لە پەڕەکەوە ڕاستەوخۆ سەیری کۆنگرەکە بکەن، هەروەها لە ڕێگەی نووسینیشەوە لە پێگەکەمان و لەم بابەتەوە (کرتە بکە) ڕاستەوخۆ ڕووماڵی کۆنگرەکە دەکەین بە زمانی شیرینی کوردی بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری ڕووداوەکانی کۆنگرەکە بن، لەگەڵ کەی ئای تی ئێن بن!

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ