ئەپڵ
14, ئەیلوول 2017
بۆ ئەوەی بە خێرایی ئایفۆنە نوێیەکان بارگاوی بکەیتەوە، پێویستیت بە کڕینی بارگاویکەرەوەی جیا دەبێت

٢ ڕۆژ لەمەوبەر ئەپڵ ٣ ئایفۆنی نوێی ڕاگەیاند و تیایاندا بۆ یەکەمجار ئەپڵ بارگاویکردنەوەی خێرای زیاد کردووە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە بە پێی ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵ ئایفۆنە نوێیەکان ئەداپتەری ئاساییان لەگەڵدایە کە وەک ئایفۆنەکانی پێشوو توانستیان تەنها ٥ واتە! بۆیە ئەگەر بتەوێت سوود لە تایبەتمەندییە نوێیەکە وەربگریت پێویستە ئەداپتەری توانست بەرز بەجیا بکڕیت، هەرزانترین ئەداپتەری ئەپڵ کە توانستێکی زۆری هەبێت بە ٤٩ دۆلارە و توانستی ٢٩ واتە، لێرەدا کێشەیەکی تر دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە کە ئەم ئەداپتەرە دەرچەی جۆری USB Type-C هەیە نەوەک Type-A بۆیە پێویستە کەیبڵێکیش بکڕیت لە جۆری Lightning بۆ Type-C، هەرزانترین کەیبڵی ئەپڵ کە لەم شێوەیەبێت بە ٢٥ دۆلارە و ١ مەتر درێژە، ٢ مەترییەکەشی بە ٣٥ دۆلارە.

ئەپڵ ئەداپتەرێکی تریشی هەیە بە ١٩ دۆلار کە توانستی ١٢ واتی هەیە و دەرچەکەشی ئاساییە بۆیە پێویستی بە کەیبڵی نوێ نییە، هەرچەندە ١٢ واتەکە هەر خێراتر ئایفۆنەکەت بارگاوی دەکاتەوە وەک لە ٥ واتییە بنەڕەتییەکەی خۆی بەڵام هێشتا خێرای تەواو نییە! کێشەیەکی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە ئەم ئەداپتەرانە لە هی بنەڕەتی ئایفۆنەکان و گشت مۆبایلە زیرەکەکان گەورەترن و قەبارەیان ئاسایی نییە!
چارەسەرێکی تریش ئەوەیە ئەداپتەرێکی کۆمپانیایاکی جگە لە ئەپڵ بکڕیت لەم حاڵەتەشدا بێگومان دەتوانیت هەندێک پارەی کەمتر خەرج بکەیت بەڵام دەبێت ئاگاشت لە جۆرێتی بەرهەمەکەبێت!
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.