ئەندرۆید 22, ئه‌یلول 2017

هواوەی مۆبایلی Maimang 6ی ڕاگەیاند

دوای چەندین هەواڵ و وێنەی دزەپێکراو لە کۆتاییدا هواوەی مۆبایلە نوییەکەی بە ناوی Maimang 6 ڕاگەیاند.

مۆبایلەکە ڕوونمایەکی ٥.٩ ئینچی هەیە بە ڕوونی ١٠٨٠x٢١٦٠ پیکسڵ، ئەم مۆبایلە یەکەم مۆبایلی هواوەیە کە ڕوونماکەی لە جۆری ڕێژەی ١٨:٩ بێت، واتە هاوشێوەی زۆرێک لە مۆبایلەکانی ئەمساڵ درێژییەکەی دوو ئەوەندەی پانییەکەیەتی.

دڵی مۆبایلەکە پڕۆسێسەری کیرین ٦٥٩یە کە لە ٨ ناوکی Cortex-A53 پێک هاتووە، ٤گب ڕام و ٦٤گب بیرگەی ناوەکیش لایەنێکی باشی مۆبایلەکەن.

بەڵام سەرنجڕاکێشترین لایەنی مۆبایلەکە بواری کامێرایە چونکە ئەم مۆبایلە ٤ کامێرای هەیە! بەڵێ ٤! ٢ دانە لە دواوە و ٢ دانە لە پێشەوە، کامێراکانی دواوە (١٦مپ+٢مپ)ن، ئەوانەی پێشەوەش (١٣مپ+٢مپ)ن بۆ عاشقانی سێڵفی، مۆبایلەکە ٧.٥ مم ئەستوورە و ١٦٤ گرام کێشیەتی و پاترییەکەی ٣٣٤٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە، لەسەر ڕووکاری Emui 5.1 کار دەکات کە لەسەر ئەندرۆید نوگەت ٧.٠ بنیاد نراوە، خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرە لە ڕووی دواوەی، هەروەها پشتگیری دوو سیم کارد و بیرگەی دەرەکیش دەکات(تەنها دوو سیم کارد یان سیمێک و بیرگەی دەرەکی لە هەمان کاتدا).

مۆبایلەکە لەمڕۆوە لە چین بەردەستە بۆ داواکردنی پێشوەختە بە ڕەنگەکانی شین و ڕەش و زێڕی بە نرخی ٢٣٩٩ یوان(٣٦٥ دۆلار) و پێشبینی دەکرێت لە دەرەوەی چین بە ناوی مەیت ١٠ ڵایت بفرۆشرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ