10
کۆمپیوتەر 5, تشرینی یه‌كه‌م 2017

گووگڵ لاپتۆپی Pixelbookی ڕاگەیاند

لە پاڵ کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەدا کە گرنگترینیان مۆبایلەکانی پیکسڵ ٢ و پیکسڵ ٢ ئێکس ئێڵ بوون گووگڵ لاپتۆپێکیشی ڕاگەیاند، پیکسڵبووک لاپتۆپێکی کەشخە و ئاست بەرزە و ٣٦٠ پلە دەسوڕێتەوە و نرخی بەپێی تایبەتمەندییەکان لە نێوان ٩٩٩ بۆ ١٦٤٩ دۆلارە! لە ئێستادا زیاد لە نیوەی قوتابییانی قوتابخانەکان لە ئەمریکا لاپتۆپی کڕومبووک(ئەو لاپتۆپانەی لەسەر سیستەمی کڕوم ئۆ ئێس کاردەکەن) بەکاردێنن، زۆرینەشیان لە سیستەمەکە ڕازین و ئاسوودەن لەگەڵی، ئامانجی گووگڵ بە پلەی یەکەم ئەوەیە لاپتۆپێکی ناوازەی هەبێت بۆ ئەو قوتابییانە تاوەکوو دوای دەرچوونیان بۆ زانکۆ بیکڕن.

پیکسڵبووک تەنها ١سم ئەستوورە و ١.١ کگ قورسە، زۆربەی لاشەکەی ئەلەمنیۆمە، لە بەشی سەرەوەی پشتەوەی پارچەیەک شووشە هەیە! ئەم شووشەیە (Wifi Antenna)یەکانی لەخۆگرتووە هاوشێوەی مۆبایلەکانی پیکسڵ، لە بەشی پێشەوەش لە خوار تەختەکلیلەکە سلیکۆنمان هەیە کە ئاسوودەبەخشترن لە ئەلەمنیۆم بۆ پشووی دەستەکانت و کەمێک بەرز بووەتەوە بۆ پاراستنی ڕوونماکە لە ڕووشان بە تەختەکلیلەکە.

لایەنێکی تری زۆر گرنگی لاپتۆپەکە نەبوونی پانکەیە سەرەڕای هەبوونی پڕۆسێسەری بەتوانا، ڕوونمایەکی ١٢.٣ ئینچی لەمس لە جۆری LCD بە ڕووناکی ٤٠٠ نیت و ڕوونی ١٦٠٠x٢٤٠٠ پیکسڵ و بەڕێژەی ٢:٣ بوونی هەیە، واتە درێژی ڕوونماکە ئەوەندە و نیوی پانییەکەیەتی، لێوارەکانی لاپتۆپەکە گەورەن، بە وتەی Trond Wuellner لێوارە گەورەکان یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی بتوانی لە کاتی بەکارهێنان بە شێوەی تابلێت ئامێرەکە باشتر هەڵبگری و یارمەتیدەریشە بۆ هێشتنەوەی لاپتۆپەکە بە تەنکی.

لاپتۆپەکە تەختەکلیلێکی ئاست بەرزی ڕووناک کراوە(Backlit)ی هەیە، ئەمەش دەگمەنە لە ئامێرەکانی کڕومبووکدا.

پیکسڵبووک دوو دەرچەی USB-Cی هەیە کە بۆ بارگاوی کردنەوەش بەکاردێن لە ئەداپتەرە ٤٥ واتییەکەیەوە، بارگاوی کردنەوەی خێرا، بە شێوەیەک کە گووگڵ دەڵێت ١٥ خولەک بارگاوی کردنەوە ٢ کاتژمێر بەکارهێنانت پێ دەبەخشێت و بارگاوی کردنەوەی تەواوەتیش ١٠ کاتژمێر.

پێنوسێکیش ڕاگەیەندرا بە ناوی پیکسڵبووک پێن، پێویستی بە بەستنەوە نییە لە ڕێگای بلوتوث و ڕاستەوخۆ کار لەگەڵ پیکسڵبووک دەکات، بە پاتری AAAA کار دەکات و بارگاوی کردنەوەی ناوێت، بەشی ساڵێک بەکارهێنان دەکات پێش ئەوەی پاترییەکەی بگۆڕیت، بە داخەوە پێنوسەکە بەجیا بەردەستە بۆ کڕین بە ٩٩ دۆلار.

هاوشێوەی بەرهەمەکانی تری گووگڵ پیکسڵبووک پشتگیری گووگڵ ئەسیستەنت دەکات، تەنانەت دوگمەیەکی تایبەت بەوی هەیە، دەتوانیت قسە لەگەڵ ئەسیستەنت بکەیت یان دوگمەکە دابگریت و بۆی بنوسیت، قسەی لەگەڵکە قسەت لەگەڵ دەکات، بۆشی بنوسیت بە نوسین وەڵامت دەداتەوە!

دەتوانیت لە کاتی خوێندنەوەی بابەتێک یان شتێکی هاوشێوە دوگمەی ئەسیستەنت دابگری و ئەویش بە پێی ئەوەی لەسەر ڕوونماکەتە هەندێک شتت بۆ پێشنیار دەکات، ئەسیستەنت لەگەڵ پێنوسەکەش کار دەکات، بە پێنوسەکەت بازنەیەک بە دەوری وێنەیەکدا بکێشە و ڕاستەوخۆ گەڕانێکت بۆ دەکات و پێت دەڵێت ئەوە چییە یان کێیە.

ماوەیەکی زۆرە کڕوم ئۆ ئێس لەسەر کۆمەڵێک کڕومبووک بە شێوەی بێتا پشتگیری کۆگای گووگڵ پلەی و ئەپەکانی ئەندرۆید دەکات، لەگەڵ پیکسڵبووک ئەم پڕۆژەیە لە بێتا دەردەچێت و پێ دەنێتە قۆناغی جێگیری.

پاترییەکی ٤١ وات/کاتژمێر، بلوتوث ٤.٢، دەرچەی بیستۆکی ٣.٥ مم، کامێرایەک، دوو بیستۆک، چوار بڵندگۆ کۆمەڵێکی تر لە تایبەتمەندییەکانن.

لاپتۆپەکە بە پڕۆسێسەری Core iی نەوەی حەوتەم بەردەست دەبێت بەم نرخانە:

٩٩٩ دۆلار بۆ کۆڕ ئای ٥، ٨گب ڕام، ١٢٨گب بیرگەی SSD

١١٩٩ دۆلار بۆ کۆڕ ئای ٥، ٨گب ڕام، ٢٥٦گب بیرگەی SSD

١٦٤٩ دۆلار بۆ کۆڕ ئای ٧، ١٦گب ڕام، ٥١٢گب بیرگەی NVMe SSD

کرتە بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکانی ترمان دەربارەی بەرهەمە نوێیەکانی گووگڵ:

گووگڵ مۆبایلەکانی پیکسڵ ٢ و پیکسڵ ٢ ئێکس ئێڵی ڕاگەیاند

Google Home Mini بناسە

Google Home Max بناسە

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ