ئامێرە هەمەجۆرەکان
5, تشرینی یەکەم 2017
Google Clips بناسە
گووگڵ پێش کۆتایی هێنان بە کۆنگرەکەی هەستا بە نیشاندانی دوایەمین بەرهەمی ئەویش Google Clips بوو کە بریتیە لە کامێرایەکی بچوک کە لەڕێی زیرەکیەکی دەستکردەوە ساتەکان تۆماردەکات، بەشێوەیەکی گشتی ئەرکی ئەم کامێرایە بریتییە لە تۆمارکردنی ساتە دڵخۆشکەرەکان کە لە ناو خێزاندا ڕوودەدەن یان هەر کاتێکی دڵخۆشکەر کە بەسەرت دێت یان ئەگەر بەکارهێنەر ویستی خۆشی لە دیمەنەکان دەربکەوێت چونکە ئەو دیمەنەکە تۆماردەکات بەڵام بەهۆی گووگڵ کڵیپس ئەمە چارەسەر دەکرێت و ڕێگەدەدات کە هەمووان لە دیمەنەکەدا بەشداربن، وە دیزاینی ئەم ئامێرە زۆر هاوکاری و ئاسانکاری بۆ بەجێگەیاندنی کارەکەی دەکات چونکە شێوەی نیمچە چوارگۆشەییە ئەمەش ڕێدەدات لە هەموو شوێنێک دابنرێت و بە شوێنی بەرزەوە هەڵبواسرێت.

ئەم ئامێرە خاوەنی کامێرایەکی ١٢ مێگاپێکسڵە و فراوانی تیرەی چاوی بریتیە لە f/2.4 و هاوێنەیەکی بە گۆشەی ١٣٠ پلە لەسەرە و توانا گرتنی ١٥ وێنەی لە چرکەیەکدا هەیە ، ئەم ئامێرە بچوکە لەگەڵ داگیرساندنی دەست دەکات بە ناسینەوەی دەم و چاوی خاوەنەکەی و ئەو کەسانەی کە لێیەوە نزیکن کە ئەمە هاوڕێکان و خێزانەکەی دەگرێتەوە، ئامێرەکە وردە وردە زیاتر لەگەڵ ئەم دەموچاوانە ئاشنا دەبێت بۆ ئەوەی کە کات و ساتە جوان و پێکەنیناوییەکان لەگەڵیان تۆماربکات، ئەمە لەلای هەندێک کەس بە ڕێگەیەک دادەنرێت بۆئەوەی گووگڵ چاودێری بەسەر خێزان و کەسەنزیکەکانی بەکارهێنەرانی بکات بەڵام گووگڵ دەڵێت کە ئەم ئامێرە هیچ پەیوەندیەکی بە گووگڵ فۆتۆس و هیچ ئەپێکی تری بارکردنی وێنە و زانیاری نیە جگە لەو ئەپەی کە تایبەتە بە کامێراکە و لە ڕێگەی WiFi- Directەوە دەتوانی دیمەنە تۆمارکراوەکان بنێریت بۆ ئەو ئەپەی کە لە مۆبایلەکەت جێگیرت کردووە و هەر لەوێشەوە دەتوانی دیمەنەکانی بسڕیتەوە یان بڵاویان بکەیتەوە، بەهۆی ئەپەکەوە دەتوانی دیمەنی ڕاستەوخۆش ببینی و لە هەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراو دەتوانی وێنەیەکی دیاریکراو هەڵبژێریت بە بێ لەدەستانی جۆریەتی وێنەکە، وە دووگمەیەک لەژێر لێنزەکەوە هەیە کە بەپێی گووگڵ بێت لەسەرەتادا بڕیاربووە داینەنێن بەڵام لەبەرئەوەی بەکارهێنەران داوای بونی ئەم دووگمەیەیان کردووە بۆ تۆمارکردنی گرتەکە ئەوا گووگڵیش بەگوێی ئەوانی کردووە ئەم دووگمەیەی زیادکرووە.

ئامێرەکە ئەوکاتەی کە ڕووداوێکی دڵخۆشکەر و پێکەنیناوی دەبینێت دەست دەکات بە تۆمارکردنی گرتە ڤیدیۆیەکی ٧ چرکەیی بێ بوونی دەنگ و ڕاستەوخۆ باریدەکاتە ناو ئەپەکەی، ئامێرەکە وا دیزاین کراوە کە لەکاتی دەستکردن بە تۆمارکردن گڵۆپێکی جۆری LED لە تەنیشت لێنزەکە دادەگیرسێنێت بۆ ئەوەی بەکارهێنەر ئاگادار بکاتەوە لە دەستکردن بە تۆمارکردن.

قەبارەی بیرگەی ئامێرەکە ١٦ گێگابایتە و دەتوانێت بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەبەردەوامی کورتە ڤیدیۆ تۆماربکات و هیچ جۆرە بڵندگۆیەک لە ئامێرەکەدا نیە بۆ تۆمارکردنی دەنگ ئەمەش دووبارە بۆ ئەوەی کە دڵنیایی بداتە بەکارهێنەرانی ئەم ئامێرە هیچ مەترسیەکی نیە لەسەر ئاسایشی زانیاری و داتا کەسیە تایبەتەکان.

ئامێرەکە لەسەرەتادا تەنها پشتگیری چەند ئامێریکی دیاریکراو دەکات کە بریتین لە پێکسڵەکان و ئایفۆن و گەلەکسی ئێس ٧ و ئێس ٨ وە نرخەکەشی ٢٤٩$ دەبێت.
پەنهان ئەحمەد
ناوم پەنهان ئەحمەدە و خوێندکاری بەشی تەکنەلۆژیای زانیاریم، وەکو نوسەرێکی پێشکەوتوو لەم ماڵپەڕە کاردەکەم و ئامانجم ئاشناکردنی کوردە بەم زانست و جیهانە نوێیە کە بەبەراورد بە بوارەکانی تر بەشێوەیەکی ئەوتۆ گرینگی پێنادرێت، یارییە ئەلیکترۆنیەکان بەشێکی تری خولیاکانی منە و بەشێوەیەکی بەردەوام ئاگاداری تازەترین هەواڵەکانی ئەم جیهانەم.