جۆراوجۆر 11, تشرینی یه‌كه‌م 2017

دزیکردنی ئاشکرا لە جیهانی تەکنەلۆژیادا – بەشی یەکەم

ڕوون و ئاشکرایە کە هیچ بوارێکی جیهان لە بەرتەسکترین تا بەرفراوانترینیان دوور نییە لە لەبەرگرتنەوەی بیرۆکە و دزیکرنی ئاشکرا لە چەندین ڕووەوە.
لێرەدا ئێمە چەند دیاردەیەکی دزێوی دزیکردن لە جیهانی تەکنەلۆژیادا دەخەینە ڕوو کە دەکرێت هەندێکی بزانین و هەندێکیشیان تا ئێستا پێمان سەیر بێت کە دەیبیستین.
لەم ڕاپورتەدا باسی دزیکردنی شێوە و ڕوخساری بابەتە تەکنەلۆژییەکان و بیرۆکە تاقانەکان دەکەین، کە دەکرێت کۆمپانیایەکی درووستکاری بەرهەمە تەکنەلۆژییە لاوازەکان لاسایی یاخود بیرۆکەی کۆمپانیا زلهێزەکان کۆپی بکەن، هەروەها دەشێت بیرۆکەکە کۆمپانیایەکی زۆر لاواز خاوەنی بوبێت و کۆمپانیایەکی زلهێز بیرۆکەکەی دووبارە بەکارهێنابێتەوە بە شێوەیەک کە مۆرکی بیرۆکە بنەڕەتییەکەی پێوە دیاربێت.
ئەمانەی خوارەوە هەندێک لە نموونە زیندووەکانی کۆپی کردنن:
۱ـ کۆمپانیای هۆتواڤ بۆ دوو جار کۆپی بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵی کردووە لە ژێر ناوی HOTWAV V20 کە بریتیە لە شێوەی ئایفۆن +7، هۆتواڤ هەر بەوەشەوە نەوەستاوە بەڵکو لە ڕیکلامی مۆبایلەکەیدا ئەوە هەست پێدەکرێت کە خوودی مۆبایلەکە بە سیستمی وەگەڕخەری ئەندرۆید کاردەکات لە کاتێکدا وێنەی سیستمی IOS بە ڕوونی دیارە.

۲ـ کۆمپانیای DOGGEE کە لەم دواییانەدا پەلی هاویشتە بواری تەکنەلۆژیاوە و لە ئێستادا بنکەی لە هەندێک وڵاتان هەیە و لە هەندێک وڵات بە دۆگی دەخوێنرێتەو و هەندێکیش بە دۆجی و لە کوردستانیش بە دۆج!
کەواتە خوودی ناوەکەی کۆپییە بەڵام لێرەدا مەبەستی سەرەکی لە ناو و نازناو نیە بەڵکو ئەم کۆمپانیایە لەم نزیکانەدا هەستا بە کۆپی کردنی ناوازەترین بەرهەمی کۆمپانیای شاومی چینی بە ناوی MI MIX کە کۆمپانیای دۆج لە ژێر ناوی DOGGEE MIX بڵاوی کردەوە ،لێرەدا نەک تەنیا شێوە و بیرۆکەی لێوار بۆ لێوار کۆپی کراوە بەڵکو ناوەکەیشی کۆپییە.

۳ـ کۆپیکردن و دزینی شێوە و ڕوخسار و بیرۆکە نەک بە مەبەستی برەودان بە مۆبایلەکە بوو بەڵکو بۆ تێکدانی سەرنج و چێژی هەوادارانی مۆبایل، ئەمانە و زۆری دیکە لە دزین و کۆپیکردنی مۆبایلەکانی CAT یاخوود ناسراو بە کاتێپێلار کە بە بەهێزی و بەرگەگرتن و دژە ئاو و دژە تۆز و چەندین تایبەتمەندی نایابی دیکە دەناسرێن لەلایەن چەندین کۆمپانیای چینییەوە شێوێندراون لەژێر ناوی سەیر و سەمەرە و سیستمی وەگەڕخەری بێزارکەر دەخرێنە بازاڕەوە.
کۆمپانیای ZILONC یاخود ناسراو بە زیلۆنجیانتێ لەژێر چەندین ناوی سەیر وەک (Range rover, Aventador, E&L) و چەندانی دیکە دەخاتە بازاڕەکانەوە.

٤ـ کۆمپانیای نۆکیا لە ساڵانی پێشوو داگیرکاری بازاڕەکانی مۆبایل بوو بە شێوەیەک بەرهەمەکانی بازاڕی تەنیبوو و بە هەرکەس دەگەیشتین باس باسی نۆکیا نایاب و ناوازەکان بوو، بەڵام ئەم داگیرکارییە وەک پێشبینی نەدەکرا هەرەسی هێنا.
نۆکیا چەندین بەرهەمی نایابی هەبوو بە نموونە NOKIA X2-01 کە بە بەهێزی و باشی و ئاسان بەکارهێنان و بوونی کیبۆردی درێژ یاخود QUERTY هەبوو، ئەم بەرهەمەش لە کۆپیکردنەوە دوور نەبوو و دوای ماوەیەک لەلایەن کۆمپانیای BLACKBERRY کۆپی کرا.

٥ـ کۆمپانیای ئێڵ جی LG کە خودی خۆی سەرکەوتوو نەبوو لە مۆبایلی LG FLEX کە مۆبایلێکی چەماوەیە، سامسۆنگ ویستی سەرکەوتوو بێت بە بەرهەمی SAMSUNG ROUNDو دووبارە دیزاینی بکاتەوە و هەمان بیرۆکەی بەکارهێنا بەڵام بە پێچەوانەوە. لە مۆبایلەکەی ئێڵ جی مۆبایلەکە بە باری ستونیدا چەماوەتەوە، بەڵام لە سامسۆنگدا بە باری ئاسۆییدا.

با هێندە بەس بێت بۆ بەشی یەکەم، پشت بە خوا لە بەشەکانی داهاتوو باسی چەندین بابەتی کۆپی دیکە دەکەین
ئێوەش هەر کۆپییەکتان بینی تا ئێمە بەدواداچوونی بۆ بکەین بە نامە بۆ پەڕەی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی بنێرن.

بۆچونی تۆ