10
پڕۆژە و چالاکییەکان 10, تشرینی یه‌كه‌م 2017 بۆچوون

شه‌شه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی کەی ئای تی ئێن پیرۆزبێت، پڕۆژە نوێکان چین؟

لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و لە ١٠\١٠\٢٠١١ ماڵپەڕی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی دامەزرا و بەجۆش و خرۆشێکی زۆرەوە دەستمان بەکارەکانمان کرد.
ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بەبۆنەی تێپەڕبوونی شەشەمین ساڵ بەسەر تەمەنی ماڵپەڕە خۆشەویستەکەمان ماڵپەڕی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی. سوپاس بۆ خوا لەماوەی ڕابردوو بەو پەڕی توانا هەوڵی تەواوی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵە تەکنەلۆژییەکانمان داوە و بە دروشمی وردترین و نوێترین و خێراترین ڕووماڵی هەواڵ و بابەتە تەکنەلۆژییەکانمان کردووە بە زمانی شیرینی کوردی.
ماڵپەری کەی ئای تی ئێن کە کورتکراوەی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردییە ئەو ماڵپەڕە کوردییە بوو کە شەش ساڵ لەمەوبەر لەژێر دەستی چەند گەنجێکی بەهرەمەند دامەزرا و هەر لەوڕۆژەوە بێ وچان و بەهاوکاری هاوڕێ جێ پەنجە دیارەکان لە خەباتداین و ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر جەختمان لە باشترکردن و بەرەوپێشبردنی ماڵپەڕەکەمان کردووەتەوە و وەکو لای هەمووان ئاشکرایە بە بەرزترین ئەتەکێتی ڕۆژنامەوانی کارەکانمان ئەنجامدەدەین و گرنگترینیشیان برەودانە بە زمانە خۆشەویستەکەمان لە بوارەکەدا و فەرامۆش نەکردنیەتی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بەبێ پشت بەستن بەسەرچاوە دروستەکان و دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و دروستی هەواڵ و بابەتەکان هەرگیزا و هەرگیز شتێکمان بڵاونەکردووەتەوە.
کەی ئای تی ئێن، تا ئێستاش لەلایەن چەند گەنجێکی خۆبەخش بەڕێوە دەچێت و ئەمڕۆ دەیانەوێت بە دروشمی خۆڕاگری پەیمانی بەردەوامی خۆبەخشییەکەیان بۆ ئێوە نوێبکەنەوە!
لێرەوە دەمانەوێت سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی یەکە بەیەکەی ئەو هاوڕێ نوسەر و خۆبەخشانە بکەین کە لەماوەی ڕابردوو بەردەوام یارمەتیان داوین و هەروەها سوپاسی میوان و هاندەرە خۆشەویستەکانمان دەکەین کە بەردەوام سەرنج و تێبینی خۆیان بۆ ئێمە هەبووە و بەو هۆیەوە ئێمە زیاتر و زیاتر بەرەوپێشچووین.
ئەم ساڵیش ستافە جوانەکەی کەی ئای تی ئێن بەردەوامن لە خزمەت کردن بە ئێوەی خۆشەویست و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین پڕۆژەمان دەبێت بۆ ئێوەی خۆشەویست کە پێک هاتوون لەمانەی خوارەوە:
١-کردنەوەی فەرهەنگی ئای تی:
یەکەم پڕۆژەی کەی ئای تی ئێنە و کۆمەڵێکی زۆر وشەی گرنگی بوارەکە لەخۆدەگرێت، گرنگی ئەم فەرهەنگە ئەوەیە کە لە وشە پێویستەکاندا کورتەیەک دەربارەی واتای وشەکە دەدات و ڕوونیدەکاتەوە نەوەک تەنها وشەیەکی کوردی لە بەرامبەردا دابنێت، بە تێپەڕینی کات و بە هاوکاری ئێوەی خۆشەویست فەرهەنگەکە فراوانتر دەبێت و بەردەوام وشەی نوێی بۆ زیاد دەکرێت، کرتە لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتێک لەسەر ئەو پڕۆژەیە.
٢- دروست کردنی ئەپی کەی ئای تی ئێن بۆ سیستەمی ئەندرۆید:
هاوشێوەی چەندین ماڵپەڕی جیهانی هەستاوین بە دروستکردنی ئەپێکی تایبەت بە خۆمان، تاوەکوو ئێوەی ئازیز بە شێوەیەکی ئاسانتر و خێراتر سەردانمان بکەن و خوێنەری بابەتەکانمانبن و چیتر پێویستتان بە کردنەوەی وێبگەڕ نەبێت؛ کرتە لێرە بکە بۆ داگرتن، سوپاسی بێپایانمان هەیە بۆ هاوکارمان کاک ڕێباز ڕەئوف کە ئەرکی درووست کردن و کۆد چنینی ئەپڵیکەیشنەکەی لە ئەستۆ گرتووە و بەڕێزان دیلمان عومەر کاری داتابەیس و بەڕێز ئەحمەد عومەر کاری دیزاینی بۆ کردووە.
٣-وەرگێڕانی ئەپ و پڕۆگرام:
لە میانەی گرنگیدانی کەی ئای تی ئێن بە بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی لە بوارەکەدا، نوسەرێکمان هەستاوە بە وەرگێڕانی ئەپێک بۆ سیستەمی ئەندرۆید و پڕۆگرامێکی سیستەمی ویندۆز، لە ئێستاشدا کار لەسەر وەرگێڕانی چەند پڕۆگرامێکی تر دەکات.

سەبارەت بە ئەکادیمیا داوای لێبووردنمان هەیە لە تەواوی خوێنەرانمان کە بە هۆی کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووەوە نەمان توانی پڕۆژەکە ڕابگەیەنین و پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە پێویستی بە ئامادەکاری زۆر زیاتر هەیە تاوەکوو خوێنەران بتوانن سوودی لێببنن و نەبێتە پڕۆژەیەکی دووبارە و کۆن، لە ئێستادا پڕۆژەکە ڕاگیراوە.

بۆچونی تۆ