سامسۆنگ
11, تشرینی یهكهم 2017
دووبارە سامسۆنگ دەیەوێت مۆبایلەکانی داهاتووی خاوەن نوێترین چیپی سناپدراگۆن بن

وەک ئاشکرایە ساڵی پار سامسۆنگ بە زوویی نوێترین و بەهێزترین چیپی کۆمپانیای کواڵکۆمی بۆ مۆبایلەکانی ئێس ٨ و ئێس ٨ پڵەس کڕییەوە کە ئەویش سناپدراگۆن ٨٣٥ بوو کە ئەمەش وای کرد کۆمپانیایەکانی تر هانا بۆ بەرهەمەکانی پێشتری کۆمپانیای کوالکۆم بەرن یان بوەستن تا کۆمەڵەی دووەم لەم چیپە دروست بکرێت و پاشان لە مۆبایلەکانیاندا جێگیریان بکەن کە باشترین نمونە بۆ ئەمە مۆبایلی ئێڵ جی جی ٦ بوو، کە بەهۆی ئەم هەنگاوەی سامسۆنگ ئێڵ جی سناپدراگۆن ٨٢١ـی بۆ مۆبایلی ئێڵجی جی ٦ جێگیرکرد، ئەمەش بەدڵنیایەوە کاریگەری لەسەر توانست و جۆریەتی مۆبایلەکە هەبوو.

لە مانگی هەشتی ئەمساڵ دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە سامسۆنگ لەگەڵ کواڵکۆم ڕێککەوتووە بۆ ئەوەی دووبارە هەموو یەکەکانی کۆمەڵەی یەکەمی سناپدراگۆن ٨٤٥ بۆ سامسۆنگ بێت بۆ ئەوەی لەسەر گالەکسی ئێس ٩ و ئێس ٩ پڵەس جێگیریان بکات. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوە دڵنیاکرایەوە کە ئەم دەنگۆیە ڕاستە و هەر هەمان سەرچاوەش ئەوەی خستۆتە ڕوو کە کاتی نمایشکردنی دوو گالەکسیەکە مانگێک پێش کاتی نمایشکردنی ئاسایی دەبێت کە تا ئێستا لە مانگی ٣ دابووە، ئەگەر بێت و ئەمە ڕاستبێت ئەوا پێشبینیدەکرێت کە لە کۆنگرەی MWCـی ساڵی داهاتوو دوو ئامێرەکە نمایشبکرێن کە ئەم کۆنگرەیە لە مانگی ٢ دا بەڕێوەدەچێت وە کاتی بەردەستبوونی دوو گالەکسییەکە لە نیوەی مانگی ٣ دابێت.
پەنهان ئەحمەد
ناوم پەنهان ئەحمەدە و خوێندکاری بەشی تەکنەلۆژیای زانیاریم، وەکو نوسەرێکی پێشکەوتوو لەم ماڵپەڕە کاردەکەم و ئامانجم ئاشناکردنی کوردە بەم زانست و جیهانە نوێیە کە بەبەراورد بە بوارەکانی تر بەشێوەیەکی ئەوتۆ گرینگی پێنادرێت، یارییە ئەلیکترۆنیەکان بەشێکی تری خولیاکانی منە و بەشێوەیەکی بەردەوام ئاگاداری تازەترین هەواڵەکانی ئەم جیهانەم.