10
بابەتی گرینگ 12, تشرینی یه‌كه‌م 2017 بۆچوون

پێداچونەوەی تەواوەتی بۆ وەشانی تاقیکاری Star Wars Battlefront II لەلایەن کەی ئای تی ئێنەوە

یاری ستاروەرسی یەکێکە لەو زنجیرە یاریانەی کە کۆمپانیای EA سەرپەرشتی باڵاوکردنەوەی دەکات و تا ئێستە ئەم بەشانەی لێ بڵاوکراوەتەوە:

  1. Star Wars: Battlefront کە لە ٢٠/٩/٢٠٠٤ بڵاوکرایەوە و بۆ ئێکس بۆکس و پلەیستەیشن ٢ و ویندۆزی مایکڕۆسۆفت.
  2. Star Wars: Battlefront II کە ئەمەیان لە ٣١/١٠/٢٠٠٥ بۆ هەریەکە کە ئێکس بۆکس و ئێکس بۆکس ٣٦٠ و پلەیستەیشن ٢ و PSP و ویندۆزی مایکڕۆسۆفت بەردەستبوو.
  3. Star Wars Battlefront: Renegade Squadron ئەمەشیان لە ٩/١٠/٢٠٠٧ بڵاوکرایەوە و تەنها بۆ PSP بەردەستبوو.
  4. دواتر لە ٣/١۱/۲۰٠٩ بەشێکی تر بە ناوی Star Wars Battlefront: Elite Squadron بۆ PSP و نینتێندۆ DS بڵاوکرایەوە.
  5. Star Wars Battlefront لە ١٧/١١/٢٠١٥ بۆ پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس یەک و ویندۆزی مایکڕۆسۆفت بڵاوکرایەوە.
  6. تازەترین بەشی زنجیرەکەش بەناوی Star Wars Battlefront IIە کە بڕیارە لە ١٧/١١/٢٠١٧ بۆ پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس یەک و ویندۆزی مایکرۆسۆفت بەردەست بێت.

وەشانی تاقیکاری بەشە نوێیەکە لە ٤/١٠ بڵاوکرایەوە بۆ ئەوەی یاریکەران بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یاری پێبکەن بۆیە منیش یاریەکەم داگرت و بۆ ماوەیەکی باش یاریم پێکرد بۆ ئەوەی لە کۆتایدا چاوپێداخشاندنەوەیەک بە یاریەکەدا بکەم.

سەرەتا ئەم یاریە لەلایەن هەریەکە لە ستۆدیۆکانی (Motive StudiosEA DICECriterion Software) گەشەی پێدراوە و EA بڵاویدەکاتەوە, وە یاریەکە بینایی هاوێژی کەسی یەکەمە واتە First Person Shooter وە دەتوانی بە بینایی هاوێژی کەسی سێیەمیش یاری پێبکەی.

بێتاکە سەرەتا لە ٤/۱۰ بۆ ئەوکەسانە بەردەستبوو کە پێشوەخت یاریەکەیان داواکردبوو بەڵام لە ٦/۱۰ بۆ هەموو یاریکەران بەردەستبوو وە بڕیاربوو لە ۹/۱۰ وەشانە تاقیکاریەکە  کۆتایی پێبێت بەڵام EA دوو ڕۆژی تر ماوەکەی درێژکردەوەو  لە ۱۱/۱۰ کۆتایی پێهات، هەرچی قەبارەی وەشانە تاقیکاریەکە بوو ئەوا لەسەر پلەیستەیشن ٤ نزیکەی ۱۵ گێگابایت بوو وە لەسەر ویندۆزی مایکرۆسۆفت ۲۲ گێگابایت بوو وە لە سەر ئێکس بۆکس یەک ۱۳ گێگا بوو.

لەگەڵ کردنەوەی یاریەکە ڤیدیۆیەکی ناساندنت پێشاندەدرێت کە باس لە بێتایەکە دەکات و ئەوکەسەی کە یاریەکەت پێدەناسێنێت ناوی John Boyega کە ئەمە ڕۆڵی Finn دەبێنێت لە زنجیرە فیلمەکانی ستار وەرس کە ئەمەش ڤیدیۆیەکەیە:

دواتر دەچیتە ناو یاریەکە کە سێ شێواز یاریکردنی تێدایە ئەوانیش بریتین لە چیرۆک و یاریکردنی سەرهێڵ و بەشێکیتریش بەناوی Arcade کە ئێستا دانە دانە باسیان دەکەین:

۱- بەشی چیرۆک/ تۆ لەم چیرۆکەدا ڕۆڵی Iden Versio دەبینی کە ئەفسەرێکی پلەبەرزە کە کاردەکات لەگەڵ گروپێکی تایبەت لە کەسانی خاوەن توانای سەربازی بەرز بەناوی Inferno کە کاردەکەن بۆ پاراستنی ئیمپڕاتۆرییەت, بەشێوەیەکی گشتی کارێکی زۆر لە بەشی چیرۆکەکەدا کراوەو پێدەچێت زۆریش بەهێزبێت بەڵام لە بێتاکە تەنها دیمەنێکی یاریەکەیان نیشانداو هیچیتر.

۲- ئێستاش باس لە گرینگ ترین بەشی یاریەکە دەکەین ئەویش بریتیە لە یاریکردنی سەرهێڵ Multiplayer کە ئەمە دەبێتە یەکێک لە بەهێزترین ئەو یاریانەی تا ئێستا کردوومە، لە ناو بێتاکە سێ جۆر یاری بەردەستبوو کە ئەوانیش:

  • Galactic Assault کە ئەمە لە ماپی Naboo بەڕێوە دەچێت کە دەتوانی وەکو هێرشبەرەکانی Separatist یاری بکەیت یان بەرگری بکەیت کە هەر لایەک هەڵبژێری کەسایەتی و فڕۆکەی ئاسمانی تایبەت بەخۆی هەیە و یاریەکە ۲۰ کەس بەرامبەر ۲۰ کەسە و ئەمە تاکە جۆری یاریبوو کە دەتتوانی فڕۆکەی ئاسمانی و جەنگاوەرەکانت پێکەوە لەیەک شوێن بەکاربێنیت.
  • Starfighter Assault ئەمەیان زۆر تایبەتە چونکە جەنگی نێوان فرۆکەکانە لە بۆشایی ئاسمان کە من زۆر ئەم جۆرەیانم بەدڵبوو چونکە شێوازی کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەکان و ئەو کەشەی کەتێیدا دەجەنگیت بەراستی ناوازەبوو، لەمەیاندا یاریکەران دابەشدەبن بۆ دووبەرە یەکێکیان هەوڵدەدات بۆ لەناوبردنی کەشتی ئاسمانی تایبەت بە بەرەی بەرامبەر بەڵام بەرەی دووەم پارێزگاری لە کەشتیە ئاسمانیەکەی دەکات، ئەم جۆرە یاریەیان بەڕای خۆم چێژبەخشترین جۆری یاریبوو لە بێتایەکەدا.
  • هەرچی Strikeە ئەمە جەنگی نێوان هێزەکانی First Order troopers و هێزی دژایەتییە کە هەر لایەک ۸ یاریکەر لەخۆدەگرێت و هەر لایەکیش خاوەن کەسایەتی تایبەت بەخۆیەتی کە EA بە Heroes ناویادەبات.

٣-Arcade/ ئەمەیان شتێکە ئێستا زۆر بەدەگمەن لە یاریەکاندا بەدیدەکرێت ئەویش تایبەتمەندی یاریکردنی دوو کەسییە یان Co-Op کە ئەمە بەواتای ئەوەدێت دوو کەس دەتوانن یاریەکە بکەن و ڕوونماکە دووبەشدەبێت بۆ هەر کەسێک وە دەتوانن پێکەوە یاری بکەن و چێژ لە ئاستەکانی یاری کردن ببینن کە ئەمیشیان سێ جۆری تر یاری لەخۆدەگرێت کە هەریەکیان چێژی خۆی هەبوو.

ئێستاش باس لە کەسایەتیەکان و شێوازی یاریکردن بکەین کە ئەم یاریە هاوشێوەی یاریەکانی وەکو کاڵ ئۆف دوتی و باتڵفیلد و زۆری دەتوان لەنێوان چەند پۆلێکی جیاوازدا هەڵبژێریت بۆ یاریپێکردن کە ئەوانیش بریتی بوون لە Assault و  Heavy و Officer و Specialists و Heroes کە هەر کامێک لەم کەسایەتیانە خاوەنی کۆمەلە کارتێکی تایبەت بەخۆیەتی کە هێز و توانایەکی جیاوازی  پێدەبەخشێت و هەر کارتێکیش چەند جۆرێکی بەردەستە کە  هەیە ئاڵتونیە یان زیوە یان بڕۆنزە کە ئەمە ئاماژەیە بۆ توانای کارتەکە و هەمان شتیش بۆ بەشی فڕوکە ئاسمانیەکان ڕاستە کە هەریەکەو خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی، هەندێ لەم کارتانە دەتوانی بەهێزتریان بکەی بە بەکارهێنانی Crafting Parts کە ئەمە بریتیە لە دراوی ناو یاریەکە کە بەهۆەوە دەتوانی کارت و چەکی نوێ و بەشی زیاتر بۆ چەکەکانتی پێبکڕیت وەک نیشانە یان هەرشتێکی تر.

تاکە ڕێگەش بۆ دەستکەوتی ئەمە شتێکە بەناوی crates کە ئەمە هاوشێوەی Supply Droops لە یاری بلاک ئۆپس ٣ یان Battlepacks  لە باتڵفیڵد ۱ یان هەر شتێکی تر بۆ دەسکەوتنی کاڵاکانی ناو یاریەکە، ئەمە گەورەترین کێشەیە کە ئەم یاریە هەیەتی لەبەرئەوەی EA ڕایگەیاندووە کە ئەمان لەم یاریە پەیڕەوی سیستەمی Pay to win دەکەن واتە ئەگەر خواستت بێت کە  ئاستت بەرزبێت لەم یاریە پێویستە پارە بدەی.

لەپاڵ ئەمەشدا شتێکی تریش هەیە کە بەڕاستی سەیرە لام ئەویش ئەمەیە کە تۆ لەم یاریەدا چەندە باشبیت یان چەندە خراپبی کارناکاتە سەر ئەو Credit کە وەری دەگریت لەبەرئەوەی هەرکەسێک لە بەرەی براوە هەمان بڕ لە credit وەردەگرێت جا ئەگەی هەر تازە هاتبێتە ناو یاریەکە و یاریەکە کۆتایی پێهاتبێ یان لەسەرەتاوە کەسەکە هەوڵی تەواوی خۆیدابێت و ۳۰ بۆ ٤۰ کەسی کوشتبێت بۆ بابەتی وەرگرتنی Credit جیاوازی نیە کە ئەم Credit ڕێگەیەکە بۆ کڕینی Crates بەڵام ئەمە هەرگیز ناتوانی پشتی پێببەستی بۆ ئەوەی بتتوانی لە یاریکردن بەردەوامبی چونکە تاقیکراوەتەوە کەسێک بۆماوەی ۵ کاتژمێر یایەکەی کردووە و لە دوای کرینی چەند Crates بەهۆی ئەو Credit کە بەدەستی هێناوە و پاش کردنەوەی هەموو ئەو Crates تەنها ۱۳۰ Crafting Parts دەست کەوتووە کە ئەگەر بێت و بیەوێت چەکی دووەمی کەسایەتی Heavy بکڕێت بە نمونە کە بە ٦۰۰ Crafting Parts ئەوا دەبێت لایەنیکەم ۳۰ کاتژمێری تر یاریەکە بکات بۆ ئەوەی ئەم چەکە بکڕێت پاشان هەر چەکێکیش دەتوانی سێ پارچەی تری بۆ زیادبکەی کە هی Heavy بریتین لە Night version و  ION Shot و Auto Cooling کە نرخی هەریەکیان ۱۰۰ Crafting Partsە ئەمەش واتە بۆ ئەوەی تەنها یەکێک لە چەکەکان بەتەواوی بەهێزبکەی پێویستت بە نزیکەی ٣٥ کاتژمێر لە یاریکردن هەیە بەڵام دەشکرێت بە ڕێکەوت لە یەکێک لەو Crates دەستت بکەوێت چونکە من ئاوا دەستم کەوت.

دڵنیام لەوەی کە لە بەرهەمی کۆتایدا ژمارەی ئەو Crates کە لە یاریەکاندا دەیبەخشنە یاریکەران زۆر کەمدەبێتەو بە بەراورد بە بێتاکە بۆئەوەی وا لە یاریکەرانیان بکەن هانا بۆ کڕینی Crates ببەن بەرامبەر بە بڕەپارەیەکی دیاریکراو چونکە شێوازی کارکردنی ئەم سیستەمە ئاوایە، بۆ زانیاریش لەناو کارتەکاندا کۆمەڵێک هەن کە بەهۆی Crafting Parts دەتوانی کاریگەرییەکەیان بەهێزتربکەی کە ئەمەش کاتێکی زیاتری دەوێت بۆ ئەوەی بەتەواوی ئەو کەسایەتیەی کە مەبەستتە بەهێز بکە.

لەکۆتایدا دەڵێم کە ئەگەر هاتبایە EA پەنای بۆ سیستەمی Pay to win  نەبردبایە ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم یاریە دەبوو بە یەکێک لە باشترین و بەهێزترین یاریەکانی ساڵ کە پێشبڕکێی کاڵ ئۆف دوتی و دێستنی و چەندانی تریش بکات، بەڵام لەئێستادا دەبێت تەنها چاوەڕێبکەین بزانین بەرهەمی کۆتایی چۆن دەبێت، ئەوکات دەتوانین بڕیار لەسەر یاریەکە بدەین.

بۆچونی تۆ