ئای ئۆ ئێس 14, تشرینی یه‌كه‌م 2017

ئەپێک بۆ هاوکاریکردنی کەسانی نابینا

ڕۆژانە ژمارەیەک ئەپی زۆر بۆ ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەست دەبن، زۆرینەی ئەپەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵێک مەبەستدا خۆیان دەبیننەوە و دووبارە دێنە بەرچاو، بەڵام جار بەجار لێرە و لەوێ ئەپی نایاب و نوێمان دێتە بەرچاو کە توانای نوێ  بە خەڵک دەبەخشن و مەبەستی جوان و مرۆڤانەیان هەیە.

نوێترینی ئەو ئەپانە ناوی Be my eyesە و لە کۆگاکانی ئەپ ستۆر و گووگڵ پلەی و ئەی پی کەی پیور بەردەستە، کەسانی نابینا دەتوانن ئەم ئەپە بەکاربهێنن بۆ داواکردنی هاوکاری لە کەسانی دیکە، زۆر سادەیە، تۆ وەک کەسێکی ئاسایی ئەپەکە دادەگریت و لە مۆبایلەکەتدا دەیهێڵیتەوە، هەر کاتێک نابینایەک داوای یارمەتی دەکات ئەپەکە کەسێکی بۆ هەڵدەبژێرێت کە یارمەتی بدات، بەپێی زمانەکەی، دەکرێت نابینایەک شتێکی لەبەر دەستبێت و بیەوێت بزانێت ماوەکەی بەسەرچووە یان نا، یاخوود بیەوێت لە ماڵ بچێتە دەر و نەزانێت کام لەو دوو چاکەتەی لەبەر دەستین ئەو ڕەنگەیە کە ئەو دەیەوێت بیپۆشێت، ئەگەر کەسی لانەبێت هاوکاری بکات ئەوا ئەپەکە بەکاردێنێت و داوای هاوکاری دەکات، ئێوەش دەتوانن بەم شێوەیە کارێکی مرۆڤانە ئەنجام بدەن و هاوکاری کەسانی تر بکەن.

تاوەکوو ئێستا زیاتر لە ٤٢ هەزار نابینا و ٥٨١ هەزار خۆبەخش ئەپەکەیان داگرتووە، شایەنی باسە لە ئەپەکەدا لە بەشی زمانەکان زمانی کوردیش بەدی دەکرێت! بەڵام ئەگەر زمانی ئینگلیزی یان عەرەبی بزانن ئەوا باشتر وایە یەکێک لەو زمانانە وەک زمانی سەرەکی دیاری بکەن و زمانی کوردی وەک لاوەکی، لەبەر بەربڵاوی و زۆری بەکارهێنانیان.

بەشداربن و هاوکاری مرۆڤایەتی بکەن!

بۆچونی تۆ