ئەندرۆید 10, تشرینی دووه‌م 2017

چیپی تایبەت بە Galaxy A3ی ساڵی داهاتوو، ڕەزامەندی ڕێگەپێدانی بلوتوثی وەرگرت

نوێترین نەوەی چیپی ئێکسینۆوسی کۆمپانیای سامسۆنگ، چیپێکی ئاست مامناوەندە بە ناوی ئێکسینۆوس ٧٨٧٢ کە پێشبینی دەکرێت ئەم چیپە لە ساڵی داهاتوودا جێگیر بکرێت لەسەر نەوە نوێیەکانی زنجیرەی گالەکسی ئەی، لە نێوانیشیاندا گالەکسی ئەی ٣ی ساڵی ٢٠١٨ کە یەکەمین مۆبایل دەبێت بەو چیپەوە. بە پێی زانیارییەکانی ڕابردوو بێت، گالەکسی ئەی ٥ و ئەی ٧ی ساڵی ٢٠١٨ چیپەکەیان بریتی دەبێت لە ئێکسینۆوس ٧٨٨٥.

لە میانەی مۆڵەتپێدانی پشتگیری بلوتوث بە چیپەکە، کۆمەڵێک زانیاری ئێجگار کەم دەرکەوت و بە پێی ئەو زانیارییە کەمانە بێت، چیپەکە لەسەر بنچینەی ١٤ نانۆمەتری دەبێت، پشتیوانی لە وەشانی ٤.٢ی بلوتوث دەکات، چارەسەرکەری(پڕۆسێسەری) گرافیکی چیپەکە Mali-G71 دەبێت. دەرکەوتنی ئەم چیپە نزیکمان دەکاتەوە لەوەی بڵێین نەوەکانی زنجیرەی گالەکسی ئەی بۆ ساڵی داهاتوو، لە ئێستادا لە ئامادەبووندان بۆ نمایشکردنیان.

بە پێی زانیارییە دزەپێکراوەکانی تری ڕابردوو بێت، جۆریەتیی ڕوونمای هەریەک لە بەرهەمەکانی گالەکسی ئەی ٣ و ئەی ٥ و ئەی ٧، بۆ ساڵی داهاتوو لە جۆری ڕوونمای بێ لێوار و بێکۆتا (Infinite) دەبن، هاوشێوەی گالەکسی ئێس ٨ دەبن لە ڕووی لاشەوە، پاڵپشتی لە هاوکاریکەری دەنگیی تایبەتی بیکسبی دەکەن، ئەگەر هەیە بیرگەی زانیاری کاتی(ڕام)ی هەریەک لە بەرهەمەکانی گالەکسی ئەی ٥ و ئەی ٧ی ساڵی داهاتوو بریتی بێت لە ٦ گێگابایت و گالەکسی ئەی ٣ بۆ ساڵی داهاتوو ٤ گێگابایت ڕامی هەبێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ