ئەندرۆید 11, تشرینی دووه‌م 2017

وەن پلەس ٥ تی لە هەڵسەنگێنەری گیکبێنچدا دەرکەوت پێشبینی دەکرێت ڕامی ٨ گێگا بێت

کۆمپانیای وەن پلەس لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ نمایش کردنی نوێترین بەرهەمی خۆی، لە ژێر ناوی (وەن پلەس ٥ تی)ـدا. وابڕیارە لە ١٦ی ئەم مانگەدا لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا کۆمپانیایاکە مۆبایلیێکی نوێی خۆی نمایش بکات، تەنها پێنج ڕۆژ پێش نمایشکردنی مۆبایلەکە تایبەتمەندیەکانی ڕەقەکاڵای مۆبایلەکە لە هەڵسەنگێنەری گیکبێنچدا دەرکەوت، لەگەڵ کۆمەڵێک وێنە لە مۆبایلەکە کە دزەپێکەران تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاشکرایان کردووە.

لە دەرکەوتنی هەڵسەنگێنەرەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، پڕۆسێسەری  مۆبایلەکە لە جۆری سناپدراگۆن ٨٣٥ دەبێت، ڕامی مۆبایلەکەش ٨ گێگابایت دەبێت، لەگەڵ هەبوونی بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی ١٢٨ گێگابایت. بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکانی ڕابردوو بێت جۆرێکی تریش لە مۆبایلەکە بەردەست دەبێت کە ڕامەکەی ٦ گێگابایت دەبێت و بیرگەی ناوەکی ٦٤ گێگابایت دەبێت.

هەمان ئەو زانیارییە دزەپێکراوانە ئاماژەیان بەوەدا، مۆبایلەکە خاوەنی ڕوونمایەکی بێ لێوار دەبێت، بە قەبارەی ٦ ئینج و ڕێژەی 18:9، بە ڕوونی ١٠٨٠ پێکسڵ. ڕوونماکە لە جۆری Optic Amoled دەبێت، کە وابڕیارە لەلایەن کۆمپانیای سامسۆنگەوە بۆی دروست کرابێت. کامێرای مۆبایلەکەش وابڕیارە دوو هاوێنەیی بێت، بە فراوانی ٢٠ مێگاپێکسڵ. لەسەرەتادا وەشانی ئەندرۆید نوگەت ٧.١.١ لەسەر جێگیر دەبێت، دوای بڵاوبوونەوەی لە بازاڕەکانی جیهاندا وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ ٨.٠ پێدەگات.

مۆبایلەکە لە ٢١ی ئەم مانگەدا دەست بە فرۆشتنی دەکرێت، وابڕیارە نرخەکەی نزیکەی ٦٠٠ دۆلار بێت. توانستی پاتریەکەی ٣٣٠٠ ملی ئەمپێر/کاتژمێرێک بێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ