ئەندرۆید 12, تشرینی دووه‌م 2017

گووگڵ چەکێکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەفیڕۆچوونی پاتری بەردەست دەخات

بێگومان بۆ زۆربەمان هاتووەتە پێش کە توانای پاتری مۆبایلەکەمان زووتر تەواو ببێت لەچاو ئەوکاتەی کە پێشبینی بۆ دەکەین. کۆمپانیای گووگڵ هەمیشە لە وەشانە نوێیەکانیدا هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی داوە. چەکێکی نوێ لە تایبەتمەندیە نوێیەکانی وەشانی تاقیکاری ئەندرۆید ئۆریۆ ٨.١ دەرکەوت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشەیە.

لە وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ ٨.١ و بەشی ڕێکخستنەکانی پاتریدا، هێمایەکی وریاکەرەوەی سوور بەردەست خراوە، کە بەکارهێنەر ئاگادار دەکاتەوە لەو ئەپەنەی کە توانایەکی زۆری پاتریان پێویستە. لە یەکەمین تاقیکردنەوەی تایبەتمەندیەکەدا وەک لە وێنەکاندا دیارە، ئەپی دیاری کردنی سەر نەخشە لەپلەی یەکەمیدا دەبینرێت. ئەپەکانی دیکەش کە لە پاشبنەمای مۆبایلەکەتدا نوێکاری و کارەکانیان بەڕێوەدەبەن، لە نێو ئەم لیستە ئاگادارکەرەوەیەدا بوونیان هەیە.

گرنگی ئەم تایبەتمەندییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەوکاتەی کرته لە هێما سوورە ئاگادارکرەوەکە دەکەیت، بە خۆکاری کۆمەڵێک پێشنیازت پێدەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. بۆ نموونە ئەپی نەخشە پێشنیازی کوژاندنەوەی دۆخی Location پێ دەدات، تاوەکو وزەی پاتریەکی کەمتر بە فیرۆ بچێت و مۆبایلەکەشتان بۆ ماوەیەکی زۆرتر بە کارکردوویی بمێنێتەوە.

لەبیریشمان نەچێت، لە ئێستادا وەشانی تاقیکاری ئەندرۆید ئۆریۆ ٨.١، تەنها بۆ مۆبایلەکانی گووگڵ پێکسڵ و نێکسوس بەردەستە، و دیار نیە کەی بۆ مۆبایلەکانی دیکە بەردەست دەبێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ