ئەندرۆید 13, تشرینی دووه‌م 2017

کۆمپانیای سامسۆنگ کار لەسەر دروستکردنی مۆبایلێکی بێ لێوار دەکات بە قەبارەی کەمتر لە ٥ ئینج

بەنزیکەیی ئەم بەرهەمانەی ئەمساڵی کۆمپانیای سامسۆنگ هەریەک لە مۆبایلە ئاست نزم و مامناوەند و بەرزەکانیدا قەبارەی ڕوونمای زیاتر لە ٥ ئینجیان هەبوو. بەپێی ئەو زانیارییە کە دزەیان پێکراوە و پێگە چینیەکان باسی دەکەن، وا دەردەکەوێت کۆمپانیای سامسۆنگ کار لەسەر دروستکردنی مۆبایلێکی بێ لێوار بکات بۆ ساڵی داهاتوو، کە قەبارەی ڕوونماکەی لە ٥ ئینج کەمتر بێت.

بۆ یەکەمین جارە زانیاری دەربارەی مۆبایلێکی بەوجۆرە بچووک بڵاوبێتەوە. چونکە کۆمپانیای سامسۆنگ لەمساڵدا هیچ کام لە بەرهەمە ئاست نزم و ئاست مامناوەندەکانی ڕوونماکەی بە بێ لێوار و جۆری ناکۆتا دروست نەکردووە.

لەو زانیاریانەی کە باس لە دروستکردنی ئەم مۆبایلە دەکەن، تاوەکو ئێستا لەسەر ناوی مۆبایلەکە نەدواون و بە نەزانراوی ماوەتەوە. لە سەرەتادا وا دادەنرا ئەم مۆبایلە بچووکە یەکێک بێت لەو سێ بەرهەمەی زنجیرەی گالەکسی ئەی ٨ بۆ ساڵی ٢٠١٨، چونکە وا بڕیارە ڕوونماکەیان بێ لێوار و ناکۆتا بێت. بەڵام بەهۆکاری ئەوەی زانیاریەکان دزەپێکراوەکان باسیان لەوە دەکرد، قەبارەی ڕوونمای گالەکسی ئەی ٧ بریتی دەبێت لە ٥.٧ ئینج و قەبارەی ڕوونمای گالەکسی ئەی ٥ بریتی دەبێت لە ٥.٥ ئینج، بێگومان قەبارەی گالەکسی ئەی ٣ی ساڵی ٢٠١٨ لە ٥ ئینج کەمتر نابێت، هەر بۆیە پێشبینیەکان وای بۆ دەچن کە ئەو مۆبایلە گالەکسی ئێس ٩ مینی(بچووک) بێت.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ زانیاریەکی فەرمی لەلایەن سامسۆنگەوە دەربارەی ئەم هەواڵە بەردەست نیە. بەڵام زانیاری دزەپێکراو و پێگە چینیەکان پێشبینی هاتنی جۆرێکی بچووکتر لە گالەکسی ئێس ٩ دەکەن لە ساڵی داهاتوودا. هەرچەندە لەمساڵدا سەرەتا وابڕیار بوو گالەکسی ئێس ٨ مینی(بچووک) بەرهەم بهێنرێت، پاشان سامسۆنگ پەشیمان بوویەوە و ئاماژەی بە بەرهەم نەهێنانی دا. و دەکرێت ساڵی داهاتووش هەمان باروودۆخی ئەمساڵ ڕووبداتەوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ شتێک ڕوون نیە، تەنها پێویستە چاوەڕێ وەڵامی فەرمی بین لەلایەن کۆمپانیای سامسۆنگەوە، کە ئاخۆ بە نیازە بەرهەمێکی وا لەگەڵ گالەکسی ئێس ٩ و ئێس ٩ پلەسدا بەرهەم بهێنێت یاخوود نا.

وێنەیەکی پێشبینیکراو لە هەر سێ بەرهەمەکەی ساڵی داهاتووی زنجیرەی ئێس:

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ