ئەندرۆید 16, تشرینی دووه‌م 2017

مۆبایلی وەنپڵەس ٥تی بە فەرمی ڕاگەیەندرا، ڕوونمایەکی بێ لێوار و نرخێکی گونجاو

دوای ماوەیەک لە چاوەڕوانی و هەواڵ و ڤیدیۆی دزەپێکراو، لە کۆتاییدا وەنپڵەس نوێترین مۆبایلی خۆی بە ناوی وەنپڵەس ٥تی ڕاگەیاند.

بە بەراورد لەگەڵ وەنپڵەس ٥، مۆبایلە نوێیەکە ڕووی پشتەوەی گۆڕانکارییەکی بەرچاوی تیادا نەکراوە و تەنها بە ڕەنگی ڕەشیش بەردەستە، ئەوەی گۆڕانکاری گەورەی تیادا کراوە ڕووی پێشەوەیە، ئەو دوگمەیەی پێشتر هەبوو ئێستا نەماوە، لە پشتەوە دوگمەیەکی تایبەت بە هەستەوەری پەنجەمۆر هەیە کە بازنەییە و لە سیرامیک دروست کراوە بۆیە پارێزراوییەکی زۆری هەیە دژ بە ڕووشان.

ڕوونمایەکی ٦ ئینچ لە جۆری ئەمۆڵێد و بە ڕوونی (١٠٨٠x٢١٦٠) پیکسڵ و بە ڕێژەی درێژی بۆ پانی لە جۆری ٩:١٨، ٨٠.٥٪ی ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکەی داگیرکردووە، دەتوانیت لە ٣ دۆخی جیاواز هەڵبژێریت بۆ ڕوونماکە، sRGB standard بۆ ڕەنگی ئاسایی، DCI-P3 بۆ ڕەنگی زەقتر و دیارتر و دۆخی Sunlight بۆ بەکارهێنانی بەر خۆر، کە بەکارهێنانەکە ئاسانتر دەکات.

لە دوای ڕوونما و ڕووی پێشەوە، گەورەترین گۆڕانکاری لە کامێرادا کراوە، ٥تی دوو کامێرای هەیە لە پشتەوە، کامێرایەکی سەرەکی بە ڕوونی ١٦ مێگاپیکسڵ و بە گۆشەیەکی فراوان، کامێرایەکی لاوەکیش کە ڕوونییەکەی ٢٠ مێگاپیکسڵە و توانای هەیە ٤ پیکسڵ لێکبدات و تێکەڵیان بکات و بیانکاتە یەک پیکسڵ بەمەش وێنە تاریکەکان زۆر باشتر دەگرێت، تیرەی چاوی هەردوو کامێراکە (f/1.7)ە، بە وتەی وەنپڵەس مۆبایلەکە خۆکارانە ژینگەی تاریک دەناسێتەوە و لەو کاتەدا وێنە بە کامێرا لاوەکییەکە دەگرێت بۆ ئەنجامی باشتر، هەروەها خاوەن تایبەتمەندی (Portrait mode)ە کە تیایدا پشتەوەی وێنەکان تەڵخ دەکات و تیشک دەخاتە سەر تەنێکی سەرەکی.

وەنپڵەس ٥تی یەکەم مۆبایلی کۆمپانیاکەیە کە پشتگیری کردنەوەی قفڵ دەکات لە ڕێگای ڕوخسارەوە، بۆ ئەم مەبەستەش کامێرای پێشەوە بەکار دەهێنێت، ئەم ڕێگایە بە ڕاددەی (Face ID)ی ئایفۆن ١٠ پارێزراو نییە و پێویستە سەرەتا ڕوونمای مۆبایلەکەت هەڵبکەیت ئینجا دەکەوێتە کار، بەڵام ٥تی هەستەوری پەنجەمۆریشی هەیە بۆ ئەو کەسانەی خوازیاری ئەم ڕێگایە نین.

ڕووکاری OxygenOS 4.7ی بنیادنراو لەسەر نوگەت ٧.١.١ تایبەتمەندی نوێ لەخۆدەگرێت:

  • بەکارهێنانی دوو دانە لە هەمان ئەپ، بۆ بەکارهێنانی هەژمارە جیاوازەکان.
  • نوێکاری گرنگ لە ئەپی Gallery.
  • توانای بەکارهێنانی وێنۆچکە(icon)ی جیاواز لە خودی ڕووکاری مۆبایلەکە بەبێ بەکارهێنانی (Launcher)ەکان، گۆڕینەوەی جێگای دوگمەکانی گەڕانەوە و ئەپە کراوەکان کە دەکەونە سەر ڕوونماکە و چەندین شتی تر.

تایبەتمەندییەکانی وەک دۆخی تاریک، دۆخی شەو، دۆخی خوێندنەوە و دۆخی یاریکردن کە لە مۆبایلەکانی پێشتری وەنپڵەس هەبوون لەمیشدا بوونیان هەیە.

فراوانی پاتری و جۆری پڕۆسێسەر وەک وەنپڵەس ٥ ماون، ٣٣٠٠میللی ئەمپێر.کاتژمێر و سناپدراگۆن ٨٣٥.

مۆبایلەکە لە ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەست دەبێت، لە زۆرینەی ئەوروپا، لە چین و هۆنگ کۆنگ و کەنەدا و هندستانیش بەردەست دەبێت.

جۆری ٦٤گب/٦گب لە ئەمریکا نرخی ٥٠٠ دۆلار و لە ئەوروپا ٥٠٠ یۆرۆیە، جۆری ١٢٨گب/٨گب لە ئەمریکا نرخی ٥٦٠ دۆلار و لە ئەوروپا ٥٦٠ یۆرۆیە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ