سامسۆنگ 18, تشرینی دووه‌م 2017

سامسۆنگ بیر لە بەکارهێنانی ڕێگایەکی نوێ دەکاتەوە بۆ ساردکردنەوەی مۆبایلەکانی

کۆمپانیای سامسۆنگ لە بەرهەمە ئاست بەرزەکانی وەک گالەکسی ئێس ٧ و نەوەکانی ئێس و نۆت دوای ئێس ٧ـدا، بۆرییەکانی گەرمی(Heat pipes)ـی بەکاردەهێنا بۆ ساردکردنەوەیان.
بەپێی سەرچاوەکان، کۆمپانیای سامسۆنگ بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوامیان پێدەدات بۆ بەرهەمە ئاست بەرزەکانی بەڵام بە قەبارەی بەرهەمهێنانی بچووکتر.

بۆرییەکانی گەرمی بە شێوەیەکی هەمیشەیی زیادکراون تەنها بۆ بەرهەمە ئاست بەرزەکانیان، کە ئەم بۆرییانە سودێکی زۆریان بۆ چیپی مۆبایلەکە هەیە بە مەبەستی ساردکردنەوەیان، کە هەڵدەستێت بە گواستنەوەی گەرمییەکە بە مەبەستی ساردکردنەوەیان.

لێرەدا ڕێگایەکی دیکەش بوونی هەیە بۆ ساردکردنەوە بەشەکانی ناوەوەی ئامێرەکان، ئەویش ڕێگای ژوورەکانی هەڵم(Vapor Chambers)ـە، ئەمانیش بەکاردەهێنرێن بۆ گواستنەوەی گەرمی بە مەبەستی ساردکردنەوەیان، کە کۆمەڵێک ژووری بچووکن ئەم کردارە جێبەجێ دەکەن، لە ڕووی توانای سارکردنەوەوە لە بۆرییەکانی گەرمی باشتر و بەتواناترە، بە تایبەت لە ئێستادا بۆ گواستنەوەی گەرمی پڕۆسێسەری گرافیکی لاپتۆپەکانی یارییە ڤیدیۆییەکان بەکاردێت، هەرچەندە نرخی ژوورەکانی هەڵم گرانترە لە بۆری گەرمی بۆ دروستکردنیان.

کۆمپانیای سامسۆنگ نیازی هەیە لە جۆری بۆرییەکانی گەرمی بگۆڕێت بۆ ژووری هەڵم، چونکە تاوەکو ئێستا لە جیهانی مۆبایلە زیرەکەکاندا کاری بەو جۆرە نەکراوە، کۆمپانیای سامسۆنگ دەیەوێت یەکەم کۆمپانیا بێت کە ئەو تایبەتمەندییە لەناو بەرهەمەکانیدا دابنێت، لە ئێستادا سەرقاڵی تاقیکردنەوەیەتی.

ژوورە هەڵمیەکان قەبارەیان گەورەترە لە بۆرییەکانی گەرمی، ئەمەش دەبێتە کێشە و نەگونجاوییەک بۆ مۆبایلە زیرەکەکان، هەرچەندە هەندێک لە کۆمپانیا دروستکەرەکانی ئەو ژوورە هەڵمییانە، باس لەوە دەکەن کە دەتوانن بە ڕێژەی ٠.٤ مللی مەتر دروستی بکەن، زۆرێکیش لە کۆمپانیا پیشەسازییەکان دەڵێن تاقیکردنەوەیان بۆ ژوورە هەڵمییەکان کردووە لەسەر مۆبایلەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ مۆبایلێک بەو تایبەتمەندییەوە بڵاونەبۆتەوە.

بۆیە لە ساڵی داهاتوودا ئەستەم دەبێت تایبەتمەندییەکی وەک ژوورە هەڵمییەکان جێگیر بکرێت چونکە تاوەکو ئێستا بەکارنەهاتووە، هیچ تاقیکردنەوەیەک نییە پشتڕاستی ڕاستییان بکاتەوە کە بڵێت سەرکەوتوو دەبن لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان، بۆیە پێویستە چاوەڕێی ساڵی ٢٠١٩ بین تاوەکو ببینین کۆمپانیای سامسۆنگ لەگەڵ ئەم تایبەتمەندییە سەرکەوتوو دەبێت یاخوود شکست دەهێنێت، هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن سامسۆنگ بۆ بەرهەمەکانی ساڵی ٢٠١٩ سود لە ژوورە هەڵمییەکان وەردەگرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ