ئای ئۆ ئێس
25, تشرینی دووهم 2017
ئەپڵ بڕێکی زیاتر لە ئایفۆن ١٠ بەرهەم دەهێنێت بە بەراورد بە پێشوو، مۆبایلەکە خواستێکی زۆری لەسەرە

دروستکردنی ئایفۆن ١٠ ئاسان نییە و وەک پێشتر باسی لێوەکراوە ئەپڵ تووشی چەندین کێشە بووە لە بەرهەمهێنانی بە بڕی پێویست، لە سەرەتای دەرچوونی، مۆبایلەکە بە ئاسانی دەست نەدەکەوت و بەرهەمهێنانی لە ئاست ئەو خواستە زۆرە نەبوو کە لەسەریبوو، بەڵام ئێستا مۆبایلەکە ئاسانتر دەست دەکەوێت، تەنانەت ئەپڵ مۆبایلەکەی لە ١٤ وڵاتی نوێ بەردەست کرد بەبێ کێشەی کەمی مۆبایلەکە.
بە وتەی Ming-Chi Kuo کە زۆرینەی هەواڵ و پێشبینییەکانی دەربارەی ئەپڵ ڕاست دەردەچن و دروستن، هۆکاری ئەم حاڵەتە زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانە نەوەک کەمبوونەوەی خواست لەسەر مۆبایلەکە، مینگ دەڵێت ئەپڵ بەسەر کێشەکانی پێشوودا سەرکەوتووە و لە ئێستادا ڕۆژانە ٤٥٠ بۆ ٥٥٠ هەزار ئایفۆن ١٠ دروست دەکات، لە کاتێکدا پێش دەرچوونی مۆبایلەکە ڕۆژانە تەنها ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار دانە دروست دەکرا.
مینگ پێی وایە ئەپڵ تەنها ٢ بۆ ٣ ملیۆن دانەی ئامادەی لە مۆبایلەکە هەبووە لە کاتی دەرچوونی، هەر بۆیەشە دەست کەوتنی زۆر قورسبوو، بەڵام ئێستا ئەو کێشەیە نەماوە.
کاتێک ئەپڵ ئەنجامەکانی چارەکی چوارەم کە ئێستا تێیداین و پێشبینییەکانی بۆ چارەکی داهاتوو دەخاتەڕوو، ئەوکات دەزانین تا چەند قسەکانی مینگ ڕاستبوون و هۆکار زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانبووە وەک دەڵێت، یاخود خواست لەسەر مۆبایلەکە کەمی کردووە.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.