ئەندرۆید
29, تشرینی دووهم 2017
هواوەی ئۆنەر ڤی ١٠ ڕاگەیەنرا، تایبەتمەندی بەرز و نرخی گونجاو لە یەک مۆبایلدا!

هواوەی مەیت ١٠ پڕۆ مۆبایلێکی نایابە، ئەی چی دەبێت ئەگەر مۆبایلێکی هاوشێوەی هەبێت بەڵام هەرزانتر بێت و دەرچەی بیستۆکی ٣.٥ میللیمەتری هەبێت؟! ئەو مۆبایلە ئۆنەر ڤی ١٠ە!
ئۆنەر ڤی ١٠ خاوەن ڕوونمایەکی ٥.٩٩ ئینچە بە ڕوونی ١٠٨٠x٢١٦٠ پیکسڵ و بە ڕێژەی درێژی بۆ پانی ٩:١٨ لە جۆری LCD، لە خوار ڕوونماکە هەستەوەرێکی پەنجەمۆر بوونی هەیە.
مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری ئاست بەرزی کیرین ٩٧٠ کار دەکات، خاوەن دەرچەی بیستۆکی ٣.٥ میللیمەتر، دەرچەی بیرگەی دەرەکی و پاترییەکە بە فراوانی ٣٧٥٠ میللی ئەمپێر.کاتژمێر و پشتگیری بارگاوی کردنەوەی خێرا دەکات بە هێزی ٢٢.٥ وات، بەڵام مۆبایلەکە دژە ئاو و تۆز نییە.
جیاوازییەکی گەورەی مۆبایلەکە لەگەڵ زنجیرەی مەیت ١٠، نەبوونی بەشداری لایکایە لە کامێراکەیدا، بەڵام سەرەڕای ئەمەش مۆبایلەکە زۆر بە توانایە لە بواری کامێرادا، خاوەن کامێرایەکی ١٦ مێگاپیکسڵی ڕەنگاوڕەنگ و کامێرایەکی ٢٠ مێگاپیکسڵی ڕەش و سپییە لە ڕووی پشتەوە، تیرەی چاویان (f/1.8)ە بەڵام خاوەن تایبەتمەندی OIS نین، لە پێشەوە کامێرایەکی ١٣ مێگاپیکسڵی بە تیرەی چاوی (f/2.0) بوونی هەیە.
ڕۆژی ٥ی مانگی داهاتوو مۆبایلەکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا نمایش دەکرێت و زانیاری دەربارەی نرخی لەو وڵاتانە ئاشکرا دەکرێت، لە ئێستادا لە چین بەردەستە بۆ داواکردنی پێشوەختە بە ڕەنگەکانی ڕەش و سور و نیللی و زێڕی بەم نرخانە:
٢٧٠٠ یوانی چینی(٤١٠ دۆلار) بۆ ٤ گێگابایت ڕام/٦٤ گێگابایت فراوانیی بیرگە.
٣٠٠٠ یوانی چینی(٤٥٠ دۆلار) بۆ ٦ گێگابایت ڕام/٦٤ گێگابایت فراوانیی بیرگە.
٣٥٠٠ یوانی چینی(٥٣٠ دۆلار) بۆ ٦ گێگابایت ڕام/١٢٨ گێگابایت فراوانیی بیرگە




محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.