10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 30, تشرینی دووه‌م 2017 بۆچوون

نۆکیا ٦ وەک گونجاوترینی ساڵ دەستنیشان کرا

ئەوە چەند ساڵێکە نۆکیاش کاردەکات بۆ ئەوەی مۆبایلەکانی بۆ سیستەمی ئەندرۆید بەردەست بکات دوای وەستانی سیستەمی وەگەڕخەری ویندۆزفۆن، ئەمە بە لایەنی باشەدا شکاوەتەوە بۆ هەردوولا و بە تایبەتیش بۆ نۆکیا کە ئێستا ئامێرەکانی خواستی زیاترییان لەسەرە بە بەراود بە پێشووتر.

لە هیندستان ساڵانە چەندین خەڵاتی جیاواز دەبەخشرێت بە ئامێرەکان لەسەر ئاستە جیاوازەکان، لە میانەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی Tech and Auto Awards بۆ ساڵی ٢٠١٧ نۆکیا ٦ وەکو گونجاوترین ئامێری مۆبایل هەڵبژێرا کە خەڵکی بتوانێت بیکڕێت بەرامبەر نرخێکی مامناوەند.

شایەنی باسە مۆبایلەکە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بڵاوکرایەوە کە وەشانی ئەندرۆید ٧.١.١ی لەسەر جێگیر کرابوو بەڵام چاوەڕێ دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی ٢٠١٧ وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆی پێبگات.

بۆ بیرهێنانەوە ئامێرەکە خاوەنی ڕوونمایەکە بە قەبارەی ٥.٥ ئینچ لەجۆری IPS LCD و بە ڕوونی ١٠٨٠x١٩٢٠ و بەردەستبوونی مۆبایلەکە لە ۲ ئاستی جیاواز کە یەکیان خاوەنی ٣ گێگابایت ڕامە لەگەڵ ٣٢ گێگابایت لە بیرگەی ناوەکی وە جۆرەکەی تریان خاوەنی ٤ گێگابایت ڕامە لەگەل ٦٤ گێگابایت لە بیرگەی ناوەکی و دەرچەی بیرگەی دەرەکیشی هەیە، ئەم مۆبایلە پشت بە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٤٣٠ دەبەستێت.

لە پشتەوەی ئامێرەکە کامێرایەکی ١٦ مێگاپێکسڵیی بەکار هاتووە کە فراوانی تیرەی چاوی f/2.0ـە و لە پێشەوەی مۆبایلەکە کامێرایەکی ٨ مێگاپێکسڵیی هەیە کە بە هەمان شێوە ئەمیش فراوانی تیرەی چاوی f/2.0ـە، ئەمانە هەمووی کار لەسەر پاترییەک دەکەن بە قەبارەی ٣٠٠٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێر و خاوەنی چەندین تایبەتمەندی ترە کە وای لێ دەکات بەڕاستی شایستەی ئەم خەڵاتە بێت کە پێی بەخشراوە.

بۆچونی تۆ