ئامێرە هەمەجۆرەکان 3, كانونی یه‌كه‌م 2017

جیاوازی نێوان یەکەمین مۆبایلی زیرەک و گالەکسی ئێس ٨

دەشێت وا بیر بکەیتەوە مۆبایلە زیرەکەکان لە سەدەی ٢١ـەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام پێویستە بزانی لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ـدا یەکەمین مۆبایلی زیرەک، بەناوی سایمۆن(Simon) کە دروستکراوی کۆمپانیای IBM بوو لە ساڵی ١٩٩٢ـدا بڵاوکرایەوە.

لەم بابەتەدا بەروارکردنێک لە نێوانی مۆبایلەکەی سەدەی ڕابردووی کۆمپانیای IBM و یەکێک بەرهەمە ئاست بەرزەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ بۆ ئەمساڵ دەخەینە ڕوو، کە بەرهەمەکەی ئەمساڵی کۆمپانیای سامسۆنگ ناوی گالەکسی ئێس ٨ـە، تاوەکو ڕێژەی پێشکەوتنی نێوان ئەو دوو سەدەیە یاخود ئەو ٢٥ ساڵەی کە تێپەڕیوە دیاری بکەین، کە لەلایەن دەزگای Global Dataـەوە بەرواردکردنەکە خراوەتە ڕوو، گالەکسی ئێس ٨ تەنها وەک نموونەیەک بۆ بابەتەکە سودی لێوەرگیراوە، ئەگەر بێت و بە هەر بەرهەمێکی دیکەی ئاست بەرزی ئەمساڵی بەراورد بکەیت، ئاستی پێشکەوتنی نێوان ئەو دوو سەدەیەت بە ئاستێکی جیاوازتر بۆ دەردەکەوێت.

ڕەنگە زۆر گونجاو نەبێت گەر دەستەواژەی مۆبایلی زیرەک بە مۆبایلی سایمۆن بدەین، چونکە بەرهەمێک بووە زیاتر بۆ پەیوەندی کردن بەکارهاتووە وەک لە هەرشتێکی تر، بەڵام بۆ سەردەمی خۆی شۆڕشێکی گرنگ بووە، ڕێگا خۆشکەرێک بووە بۆ بەرهەمەکانی ئێستا.

ئێستا ئەگەر دەربارەی بەرواردەکە بدوێین:
گالەکسی ئێس ٨ بە بەراورد بە سایمۆن ٥ هێندە باریکترە و کێشی %٣٠٠ کەمترە، وە ڕێژەی هەبوونی پێکسڵ لە هەر ئینجێکی ڕوونمای گالەکسی ئێس ٨ %٤٠٠ پێکسڵی هەر ئینجێکدا زیاتر هەیە وەک لە سایمۆن.

بیرگەی ناوەکی ئەو مۆبایلە تەنها ١ مێگابایت بووە، بەڵام لە گالەکسی ئێس ٨ـدا ٦٤ گێگابایتە گەر سەرنج بدەین دەبینین پێشکەوتێکی ئێجگار زۆری بەخۆیەوە بینیەوە کە دەتوانین بیخەمڵێین بە %4000، بیرگەی زانیاری کاتی(ڕام)ـی مۆبایلەکەی سیمۆن تەنها ١ مێگابایت بووە، کە لە گالەکسی ئێس ٨ـدا ٤ گێگابایتە کە ٤٠٠٠ هێندەی ڕامەکەی سیمۆن پێشکەوتنی بەخۆیەوە دیوە، خێرایی پڕۆسێسەری سەرەکی و داگرتنی زانیاریەکان لە ئینتەرنێتەوە بە ڕێژەی %500000 گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیووە.

گالەکسی ئێس ٨ بە چەندین ڕەنگەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا بڵاوبۆتەوە، بەڵام سایمۆن تەنها یەک ڕەنگی لێ بەردەست بوو، لە ڕووی نرخەوە کەم بوونەوەیەکی باشی بەخۆیەوە دیوە، کە نرخی سایمۆن ١٠٩٩ دۆلار بوو، بەڵام گالەکسی ئێس ٨ نرخی ٧٥٠ دۆلارە، ناشبێت ئەوە لەیاد بکەین لە ئێستادا مۆبایلی زیرەکیمان هەیە کە نرخەکەی هیچی وای کەمتر نیە لە سایمۆن و بە نرخی ١٠٠٠ دۆلار دەفرۆشرێت.

تێبینی: لە بنەڕەتدا ئەم بەرواردکردنە گونجاو نیە چونکە سایمۆن و گالەکسی ئێس ٨ یاخود هەر مۆبایلێکی دیکەی ئێستا جیاوازییان زۆرە، بەڵام ئامانجی Global Data لەم بەراوردکردنە تەنها بۆ ئەوە بووە، کە پێشکەوتنی جیهانی مۆبایلە زیرەکەکانمان بۆ بخاتە ڕوو.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ