ئای ئۆ ئێس

کانتار نوێترین ئامار دەربارەی فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان بڵاو دەکاتەوە

کانتار نوێترین ئاماری خۆی دەربارەی فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان بڵاوکردەوە، ئامارەکە مانگەکانی ٨ و ٩ و ١٠ی ئەمساڵ دەگرێتەوە، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە دواکەوتنی ئایفۆن ١٠ زیانی بە ئەپڵ گەیاندووە و بووەتە هۆی نزمبوونەوەی ڕێژەی فرۆشی لە کۆمەڵێک وڵاتی زۆر گرنگ.

 

ویندۆوز فۆن بەردەوامە لە پاشەکشەکردن و لە بەرامبەردا ئەندرۆید لە ٥ وڵاتە گرنگەکەی ئەوروپا(بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا) ڕێژەی فرۆشی ٤.٣٪ و لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ٨.٢٪ و لە ژاپۆن ٧.٥٪ بەرز بووەتەوە، لە لایەکی ترەوە چین جیاوازە و لەو وڵاتە ڕێژەی فرۆشی ئایفۆن بە ڕێژەی ٠.٥٪ بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ١٧.٤٪.

 

بە پێی ئاماری مانگی ١٠، ٣٥.٣٪ی بەکارهێنەرانی ئایفۆن لە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاد لە دوو ساڵە ئەو ئایفۆنە بەکاردێنن کە ئێستا پێیانە، ئەم ڕێژەیە بەرز بووەتەوە لە ٣٠.١٪ی پارەوە، واتا بەکار‌هێنەرانی ئایفۆن بەم دواییە زیاتر مۆبایلەکانیان هێشتووەتەوە و کەمتر ئایفۆنی نوێیان کڕیوە وەک لە پێشتر، ئەپڵ هیوای وایە ئایفۆن ١٠ سەرنجی خەڵک ڕابکێشێت و ئەمە بگۆڕێت.

 

سەبارەت بە چین، ساڵانی پێشوو بازاڕی ئەم وڵاتە ڕکابەرییەکی ئێجگار سەختی لەخۆگرتبوو کە تیایدا چەندین کۆمپانیای زۆر ڕکابەرییان دەکرد و بەردەوام سەرنجی بەکارهێنەرانی یەکتریان بەلای خۆیاندا ڕادەکێشا، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە بەو شێوەیە نەماوە، هواوەی، شاومی، ئەپڵ، ڤیڤۆ و ئۆپپۆ بە تەنها ٩١٪ی بازاڕی وڵاتەکەیان داگیر کردووە! لە کاتێکدا ساڵی پار و لە هەمان ماوە ڕێژەیان تەنها ٧٩٪بوو.

کۆمپانیا چینییەکانی وەک مەیزوو و ZTE و LeTV و کووڵپاد و لینۆڤۆ کە پێشتر هاوشێوەی شاومی چاوەڕێی شتی گەورەیان لێدەکرا ئێستا دۆخیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەندێکیان هەوڵی ئەوە دەدەن تەنها ١٪ی بازاڕی وڵاتەکە داگیر بکەن، تەنانەت سامسۆنگی زەبەلاح کە یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان لە چین تەنها ٢.٢٪ی بازاڕی داگیرکردووە.

 

لێرەوە دەتوانن بینەری تەواوی ئامارەکانبن:

سەرچاوە :
5 كانونی یه‌كه‌م، 2017
ئاڤاتار
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
341