رەقەکاڵا 6, كانونی یه‌كه‌م 2017

پڕۆسێسەرەکانی کواڵکۆم سناپدراگۆن پەل دەهاون بۆ ئامێرەکانی کۆمپیوتەر

کواڵکۆم کە گەورەترین دروستکەری پڕۆسیسەرەکانی مۆبایلە دەیەوێت بەشێک لە بازاڕی دابینکردنی پڕۆسێسەرەکانی کۆمپیوتەریش داگیر بکات و بەو مەبەستەش لەگەڵ مایکرۆسۆفت و کۆمپانیاکانی وەک ئەیسوس و ئێچ پی و لینۆڤۆ ڕێکەوتووە.

کواڵکۆم و مایکرۆسۆفت پێکەوە کاریان کردووە تاوەکوو بتوانن سیستەمی ویندۆوز ١٠ لەسەر پڕۆسێسەرەکانی سناپدراگۆن کار پێبکەن، یەکەم شەپۆلی ئەو لاپتۆپانەش پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨٣٥ لەخۆدەگرن، ئامانجی ئەم کارەش کۆمەڵێک لاپتۆپی نرخ هەرزانە کە خاوەن تەمەنێکی پاتری ئێجگار نایابن، هەروەها ئەو لاپتۆپە نوێیانەی سەر بەم پڕۆژەیەن دەرچەی سیم کاردیان هەیە! ئەمەش شتێکە لە لاپتۆپدا کەم دەبینرێت.

پڕسێسەرەکانی سناپدراگۆن لەسەر بناغەی ARM دروستکراون بەڵام مایکرۆسۆفت کاری کردووە تاوەکوو ئەپە ئاساییەکانی جۆری X86 بگونجێنێت و ئەپەکان بێ کێشە لەگەڵ پڕۆسێسەرەکانی سناپدراگۆن کار بکەن، ئەیسوس و ئێچ پی یەکەمینن لاپتۆپی لەم شێوازە نوێیە نمایش بکەن، لاپتۆپەکان لەسەر سیستەمی ویندۆوز ١٠ ئێس کاردەکەن کە تەنها کار بە ئەپەکانی کۆگای ویندۆوز دەکات بەڵام بەکارهێنەران دەتوانن بێبەرامبەر سیستەمەکە بەرز بکەنەوە بۆ ویندۆوز ١٠ پڕۆ لە ئێستادا.

 

مایکرۆسۆفت کاری کردووە تاوەکوو زۆرینەی ئەپ و پڕۆگرامە ٣٢ بیتەکان لەگەڵ پڕۆسێسەرە نوێیەکان کار بکەن، بەڵام ئەپە ٦٤ بیتەکان هێشتا پشتگیرییان لێناکرێت و کار کردن لەسەریان بەردەوامە، زۆرینەی پڕۆگرامە دژە ڤایرۆسەکان و زۆرینەی ئەو یارییە ڤیدیۆییانەی نەرمەکاڵای anti-cheat بەکاردێنن لە ئێستادا بە باشی کار ناکەن، ئەپەکانی وەک فۆتۆشۆپ و ئۆفیس و کڕوم ئاسایی کار دەکەن.

 

بێگومان گەورەترین پرسیار لەسەر ئاستی خێرایی پڕۆسێسەرەکان و گونجاوییانە بۆ ویندۆوز، بێگومان ئەم پڕۆسێسەرانە هێز و خێراییان کەمترە بە بەراورد بە پڕۆسێسەرەکانی ئینتێڵ و ئەی ئێم دی، بەڵام تەمەنێکی پاتری ئێجگار درێژتر بۆ لاپتۆپەکان دابین دەکەن، پێویستە چاوەڕێ بکەین و ببینین ئاخۆ تەمەنی پاتری ئەم لاپتۆپانە قەرەبووی کەمی هێزیان دەکاتەوە یاخوود نا.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ