10
ئەندرۆید 6, كانونی یه‌كه‌م 2017

کوالکۆم پڕۆسێسەری Snapdragon 845ـی ڕاگەیاند (نوێکراوەتەوە)

دوێنێ ۳ شەممە کۆمپانیای ئەمریکیی کوالکۆم بە فەرمیی نوێترین ڕەقەکاڵای چارەسەرکەر – پڕۆسێسەری بە ناوی سناپدراگۆن ٨٤٥ ڕاگەیاند. بێگوومان ٨٤٥ دەبێتە ناودارترین تایبەتمەندیی مۆبایلەکان لە ساڵی داهاتوودا، کە لەسەر مۆبایلە ئاست بەرزەکانی ساڵی داهاتوو جێگیر دەکرێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت بە هەمانشێوەی مۆبایلەکان، لەسەر لاپتۆپەکانی سیستەمی ویندۆوز ۱۰ جێگیر بکرێت. ئەم پڕۆسێسەرە خاوەن خێرایی و هێزێکی زۆر و و نیشاندانی بەرزی وێنەکانە، خوێنەری زانیاریی زیاتر بن، بەڵام هێشتا زانیاری تەواوەتی لە بەردەست نییە.

دوای ساڵێک لە بەکاربردنی پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨۳٥ـی ئاست بەرز لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ مۆبایلەکانیان کە ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندی خێرایی مۆبایلەکان بوو لە لایەن بەکارهێنەرانەوە، کۆمپانیای کوالکۆم دووبارە دەیەوێت بازاڕ و ناوی خۆی بەم ڕەقەکاڵا پێشکەوتووە لای کۆمپانیاکان و خەڵکییەوە گەرم بکاتەوە. با دەربارەی تایبەتمەندییەکانی بدوێین. سناپدراگۆن ٨٤٥ نوێترین تەکنەلۆژیا لە فرە ناوکی پڕۆسێسەر کە لە لایەن ARMـەوە دروستکراون بە کار دەبات، کە لەگەڵیدا DynamicIQ هەیە کە جگە لەوەی خێراییەکی زۆرتر دەدات بە مۆبایل، دەتوانێت باشتر وزە و هێزی مۆبایل بە کار ببات.

ئاستی خێرایی ئەم پڕۆسێسەرە نوێیە بە ڕێژەی ۳۰% لە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨۳٥ـی پێشوو بەرزترە.

بە هۆی ئەوەی زانیاری تەواو دەربارەی تەکنەلۆژیاکانی تری ئەم پڕۆسێسەرە نییە ناتوانین تەکنەلۆژیای نانۆمەتری ئەم پڕۆسێسەرە دیاری بکەین کە ئایا لەسەر تەکنەلۆژیای ۱۰ نانۆمەترییە؟ یان ۷ نانۆمەتریی؟ بەڵام دەکرێت بڵێین ۱۰ نانۆمەتریی ئەمەش بە هۆی ئەو هەواڵانەی کە تێیدا دەوترا کۆمپانیای کوالکۆم لە ساڵی ۲۰۱٨ لەگەڵ کۆمپانیای TSMC بۆ دروستکردنی پڕۆسێسەر بە تەکنەلۆژیای ۷ نانۆمەتریی کار دەکات، کە وایە بۆ ئەم بەرهەمە کۆمپانیا تەکنەلۆژیای ۱۰ نانۆمەتریی فەراهەم کردووە. “تەکنەلۆژیاکانی نانۆمەتریی لە مۆبایلەکان کاریگەریی لە خێرایی دروست دەکات.”

دەربارەی توانای گرافیکییش، سناپدراگۆن ٨٤٥ گرافیک کاردی ئەدرێنۆ ٦۳۰ لە خۆ دەگرێت و توانا گرافیکییەکەی بە ڕێژەی ۳۰% باشتر کراوە. ئەم گرافیک کاردە دەتوانێت ڕوونی و توانایەکی باشتر بۆ یارییەکان و هەندێک لە ئەپەکان بدات، هەروەها بە بەراوردکردن بە گرافیک کاردی پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨۳٥ دەتوانێت ڤیدیۆکان باشتر نیشان بدات.

سناپدراگۆن ٨٤٥ـی نوێ پشتگیری لە پێشاندانی وێنە و ڤیدیۆی 4K HDR دەکات. پشتگیری لە پێشاندانی تەواویی جۆرایەتیی ڤیدیۆی خاو بە ڕوونی ۷۲۰ دەکات. پشتگیری لە هەموو جۆرە هەستەوەرێکی دەنگ و ڕووخسار و پەنجەمۆر دەکات.

زانیاریەکی کەم دەربارەی پشتگیریکردنی پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨٤٥ بۆ ڕەقەکاڵانی تر هەیە، تەنیا پێشبینی دەکرێت پشتگیری لە خێرابارگاوییکەرەوەی ٥ بکات کە پێدەچێت لە مۆبایلە پێشکەوتووەکانی ساڵی داهاتوودا هەبێت و خێراییەکی زۆر لە کاتی بارگاوییکەرەوە بدات. ئەمە زانیاریە دەستکەوتووەکانی ئەم بەرهەمە نوێیەی کۆمپانیای کوالکۆم بوو، دوای ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشکراکرا، ئەوا بێگوومان بابەتەکە بە تایبەتمەندییە نوێیەکان نوێ دەکەینەوە. هەروەها کوالکۆم ڕایگەیاندووە ئەو مۆبایلانەی کە بە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨٤٥ کار دەکەن له سەرەتاکانی ساڵی داهاتوودا نمایش دەکرێن، کە پێشبینی دەکرێت مۆبایلەکانی کۆمپانیاکانی سۆنی و سامسۆنگ و شاومی و HTC و هەندێکی تر بە زوویی هەڵگری پڕۆسێسەرە نوێیەکە بن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ