ئامێرە هەمەجۆرەکان
8, كانونی یهكهم 2017
کۆمپانیای HTC به نیازه لهم مانگهدا مۆبایلێکی ئاست مامناوهند نمایش بکات

لە ساڵی ٢٠١٤ـدا کۆمپانیای HTC مۆبایلێکی ناوازەی بە ناوی Desire EYE بڵاو کردەوە، لە ئێستادا زانیارییەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە کۆمپانیا تایوانییەکە بە نیازە دووبارە ئەو ناوە زیندوو بکاتەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن دزەپێکەری بە ناوبانگ (ئیڤان بلەس)ـەوە بڵاو بۆتەوە، باس لەوە دەکەن کە کۆمپانیای HTC سەرقاڵی نمایش کردنی مۆبایلێکە بە ناوی U11 EYEs.
وا دەردەکەوێت مۆبایلی U11 EYEs هەمان ئەو مۆبایلە بێت، کە ماوەیەک پێش ئێستا بە ناوی HTC Ocean Harmony دەرکەوت.

پێشبینی دەکرێت کە HTC U11 EYEs خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە ٦ ئینچ و چیپ(پڕۆسێسەر)ی سناپدراگۆن ٦٥٢ بێت، لەگەڵ ئەوەنەشدا هەڵگری ڕامێکی ٤ گێگابایتی بێت.
لەبەر ئەوەی مۆبایلی HTC Desire EYE لە بەشی پێشەوەیدا خاوەن کامێرایەکی فراوانی ١٣ مێگاپێکسڵیی بوو، بۆیە هەڵگری ناوی HTC Desire EYE بوو.
ئەگەر چی تا ئێستا هیچ وێنەیەک لە U11 EYEs بەردەست نیە، بەڵام وا پێشبینی دەکرێت هاوشێوەی HTC Desire EYE خاوەن کامێرایەکی سێڵفی ئاست بەرز بێت و دیزاینی لاشەی مۆبایلەکە دەشێت هاوشێوەی HTC U11 Plus بێت چونکە خاوەنی ڕوونمایەکی ٦ ئینچە.
ماوەیەک پێش ئێستا بە پێی زانیارییەکان باسیان لهوهدهکرد مۆبایلی HTC Ocean Harmony یان که ئێستا ناسراوه به U11 EYEs وا بڕیارە بە شێوەیەکی فەرمی لە مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠١٧ـدا نمایش بکرێت، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی هیچ زانیارییەک دەربارەی کاتی بڵاوبوونەوەی بەردەست نیە، بەڵام وا پێدەچێت پێش ئاوابوونی خۆری ساڵی ٢٠١٧ بینەری نمایش کردنی ئەو مۆبایلە بین.