ئای ئۆ ئێس 13, كانونی یه‌كه‌م 2017

بەراوردێک لە نێوان مۆبایلەکانی iPhone 7 Plus و Huawei Mate 10 Pro

هەرچەندە ئەپڵ هەریەک لە مۆبایلەکانی ئایفۆن ١٠ و ئایفۆن ٨ پڵەسی خستووەتە بازاڕەکان، بەڵام ئەو مۆبایلانە نرخیان زۆر بەرزە و لە مەیت ١٠ پڕۆ گرانترن، بۆیە دادپەروەرانە و گونجاوترە ئەگەر ئایفۆن ٧ پڵەس بەراورد بکەین بە مۆبایلە نوێیەکەی هواوەی، بە تایبەت بۆ ئەو کڕیارانەی کە توانای کڕینی ئایفۆن ١٠ و ئایفۆن ٨ پڵەسیان نییە، نرخەکان بە نزیکەیی بەم شێوەیەن:

مەیت ١٠ پڕۆ:

٦٠٠ دۆلار بۆ ٦٤ گێگابایت بیرگە/٤ گێگابایت ڕام

٦٦٠ دۆلار بۆ ١٢٨ گێگابایت بیرگە/٦ گێگابایت ڕام

ئایفۆن ٧ پڵەس:

٦٨٠ دۆلار بۆ ٣٢ گێگابایت بیرگە

٨٠٥ دۆلار بۆ ١٢٨ گێگابایت بیرگە

پێش هەموو شتێک دەبێت باس لە جیاوازی نێوان سیستەم و ڕووکاری ئەم مۆبایلانە بکەین، ئایفۆن ٧ پڵەس لە ئێستادا لەسەر وەشانی iOS11 کار دەکات، ئەگەر ئەپڵ لەسەر شێوازی ئێستای بمێنێتەوە ئەوا مۆبایلەکە ساڵی داهاتوو iOS 12 و ساڵی داهاتووتر iOS 13ی پێدەگات و دواتر لە ٢٠٢٠ iOS 14ی پێدەگات پاشان دەوەستێت لە نوێبوونەوە، لە بەرامبەریشدا مەیت ١٠ پڕۆ لەسەر ڕووکاری EMUI 8کار دەکات کە لەسەر ئەندرۆید ئۆریۆ ٨.٠ بنیاد نراوە و ساڵی داهاتوو وەشانی ئەندرۆید ٩ی پێدەگات و ساڵی داهاتووتر ئەندرۆید ١٠ی پێدەگات و دواتریش تا ماوەیەک نوێکردنەوەی پارێزراوی و چاککاری پێدەگات پاشان دەوەستێت لە نوێبوونەوە، ئەگەریشی هەیە هواوەی ئەو ڕێچکەیە بشکێنێت و هاوشێوەی گووگڵ ٣ نوێکردنەوەی گەورە(major updates) بۆ مۆبایلەکانی ڕەوانە بکات، بەهۆی ئەندرۆید و EMUI مەیت ١٠ پڕۆ زۆر لە ٧ پڵەس کراوەترە و خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی زۆر زیاترە و ئازادییەکی زۆر زیاتر دەدات بە بەکارهێنەر لە ڕێکخستن و دەستکاری کردنی ڕووکار و شێوەی مۆبایلەکە و بەهۆی سروشتی کراوەی ئەندرۆید دەتوانێت سوود لە کۆمەڵێک ئەپ ببینێت کە لە ئای ئۆ ئێس بەردەست نین، لە بەرامبەریشدا ئایفۆنەکە پارێزراوترە(بەڵام بەو شێوەیەش نا کە هەندێک کەس لێی تێگەیشتوون) هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە گەشەپێدەران ئەپ و یارییەکانیان سەرەتا بۆ ئای ئۆ ئێس بەردەست دەخەن ئینجا ئەندرۆید(بە تایبەت یارییەکان) ئەمە جگە لەو ئەپ و یارییانەی کە بە تەواوی تایبەتن بە ئای ئۆ ئێس.

 

هێز و خێرایی: هەردوو مۆبایلەکە زۆر  بەهێز و خێران و بەکارهێنەر کێشەی لەگەڵ هیچ کامیان نابێت لەو ڕووەوە، یەکەی چارەسەری ناوەندی هواوەیەکە کەمێک بەهێزترە، یەکەی چارەسەری گرافیکی هەردوو مۆبایلەکە بەهێز و خێران بەڵام بەهۆی ڕوونی کەمێک نزمتری ڕوونماکەی، ئایفۆنەکە باڵادەستییەکی کەمی هەیە لە یاری کردندا، ڕامی مەیت ١٠ پڕۆ ٤ گێگابایت یاخوود ٦ گێگابایتە، دوو جۆری هەیە و هی ئایفۆنەکە ٣ گێگابایتە و لەم ڕووەوە هیچیان کێشەیان نییە.

کامێرای سەرەکی: کامێرای مەیت ١٠ پڕۆ لە جۆری دوانە کامێرایە بە ڕوونی ٢٠+١٢ مێگاپیکسڵ و بە تیرەی چاوی (f/1.6) و تایبەتمەندی OIS و بە هاوبەشی لەگەڵ لایکا دروست کراوە، لە بەرامبەریشدا ئایفۆنەکە خاوەن دوو کامێرای ١٢ مێگاپیکسڵە بە تیرەی چاوی (f/1.8) و (f/2.8)، بەپێی زۆربەی ماڵپەڕە جیهانییەکان کامێرای مەیت ١٠ پڕۆ باشترە و لە ماڵپەڕی Dxomarkی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی کامێرا و کامێرای مۆبایل مەیت ١٠ پڕۆ خاوەن ٩٧ خاڵە و لە ئاست ئایفۆن ١٠ دایە! ئەمە لە کاتێکدایە ئایفۆن ٧ پڵەس خاوەنی تەنها ٨٨ خاڵە!

براوە: مەیت ١٠ پڕۆ

کامێرای پێشەوە: لە ڕووی پێشەوە مەیت ١٠ پڕۆ کامێرایەکی هەیە بە ڕوونی ٨ مـێگاپیکسڵ و تیرەی چاوی (f/2.0) بۆ هەوادارانی سێڵفی، ئایفۆنەکەش کامێرایەکی هەیە بە ڕوونی 7 مێگاپیکسڵ و تیرەی چاوی (f/2.2).

دیزاین و لاشە: هەردوو مۆبایلەکە خاوەن دیزاینی کەشخە و نایابن، ئایفۆنەکە لە ئەلەمنیۆم دروست کراوە، مەیت ١٠ پڕۆ تەنها چوارچێوەکەی ئەلەمنیۆمە و پشتەوە و دواوەی لە شووشە دروست کراون کە شێوەیەکی جوان دەبەخشن بەڵام دەکرێت وابکەن مۆبایلەکە خۆڕاگری کەمتربێت بەرامبەر شکان و زیان پێگەیشتن، ٨٠.٩٪ی ڕووی پێشەوەی مەیت ١٠ پڕۆ بە ڕوونما داگیر کراوە لە کاتێکدا ڕوونمای ئایفۆن ٧ پڵەس تەنها ٦٧.٧٪ی ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکەی داپۆشیوە! ئەمەش جیاوازییەکی ئێجگار گەورەیە و وا دەکات مەیت ١٠ پڕۆ زۆر هاوچەرختر و سەرنجڕاکێشتر دەربکەوێت، سەرەڕای ئەوەی کە پی ١٠ قەبارەی روونماکەی بە شێوەیەکی بەرچاو لە هی ئایفۆنەکە گەورەترە بەڵام کێشی ١٠ گرام کەمترە (١٧٨بەرامبەر ١٨٨)، هەردوو مۆبایل خاوەن بڕوانامەی IP67ن و پارێزراون دژ بە ئاو و تۆز.

براوە: مەیت ١٠ پڕۆ

ڕوونما: ڕوونمای هواوەیەکە ٦ ئینچە لە جۆری Amoled و بە ڕێژەی درێژی بۆ پانی ٩:١٨ی نوێ و هاوچەرخ کە لە زۆرینەی مۆبایلە ئاست بەرزە نوێیەکان هەیە، ڕوونمای ٧ پڵەس ٥.٥ ئینچە لە جۆری IPS LCD و بە ڕێژەی درێژی بۆ پانی ٩:١٦ی ئاسایی، ڕوونمای مەیت ١٠ پڕۆ گەورەترە(بەڵام لاشەی مۆبایلەکە بچوکترە چونکە لێواری زۆر کەمترە!)، هەروەها ڕوونمای مەیت ١٠ پڕۆ بەهۆی ئەوەی لە جۆری ئەمۆڵێدە ڕەنگەکان بە شێوەیەکی باشتر و جوانتر نیشان دەدات و کەمێک باشترە بۆ بەکارهێنان لەبەردەم ڕووناکی خۆردا.

براوە: مەیت ١٠ پڕۆ

تەمەنی پاتری: هەرچەندە بچوکی و ڕوونی کەمێک نزمتری ڕوونمای ئایفۆنەکە یارمەتیدەرە لە کەم بەکاربردنی وزە بەڵام بەهۆی ئەوەی پاترییەکەی تەنها ٢٩٠٠ میللی ئەمپێر.کاتژمێرە، هواوەی مەیت ١٠ پڕۆ کە خاوەن پاترییەکی ٤٠٠٠ میللی ئەمپێر.کاتژمێرە تەمەنێکی پاتری درێژتری هەیە، هەروەها مەیت ١٠ پڕۆ پشتگیری بارگاوی بوونەوەی خێرا دەکات و زۆر خێراتر بارگاوی دەبێتەوە.

براوە: مەیت ١٠ پڕۆ

کۆمەڵێک لایەنی تریش هەیە کە شایەنی ئاماژە پێکردنە، هەردوو مۆبایل خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرن و ئایفۆنەکە خاوەن تایبەتمەندی 3D Touchە لە بەرامبەریشدا مەیت ١٠ پڕۆ پشتگیری لە کارکردن بە دوو سیم کارد دەکات، کێشەیەکی گەورەی مۆبایلەکان ئەوەیە پشتگیری بیرگەی دەرەکی ناکەن، بەڵام ئەمە زیاتر بۆ ئایفۆنەکە کێشەیە چونکە نرخی بە شێوەیەک گرانە کە ٣٢ گێگابایتەکەی لە جۆری ١٢٨ گێگابایتی مەیت ١٠ پڕۆ گرانترە! خۆ ئەگەر باس لە ١٢٨ گێگابایتەکەی بکەین ئەوا تەنانەت لە گالەکسی نۆوت ٨یش گرانترە و ڕکابەرییەکەی زۆر قورستر دەبێت، هیچ کام لە مۆبایلەکان دەرچەی بیستۆکی ٣.٥ میللی مەتریان نییە.

باڵادەستییەکانی هواوەی مەیت١٠ پڕۆ:

-کراوەیی و تایبەتمەندی زیاتری ڕووکار و توانای گونجاندنی ڕووکار بەپێی خواستی بەکارهێنەر.

-کۆمەڵێک ئەپ و یاری تایبەت بە ئەندرۆید

-کامێرای سەرەکی

-دیزاین و لاشە

-ڕوونما

-تەمەنی پاتری

-قەبارەی بیرگەی ناوەکی و پشتگیری دوو سیم کارد

-بارگاوی بوونەوەی خێرا

-نرخێکی کەمتر

باڵادەستییەکانی ئایفۆن ٧ پڵەس:

-پارێزراوی زیاتر

-کۆمەڵێک ئەپ و یاری تایبەت بە ئای ئۆ ئێس

-تایبەتمەندی 3D Touch

-بەردەستبوونی ژمارەیەکی زۆر زیاتری ئێکسسواراتی وەک کەڤەری پارێزەر و لەزگەی ڕووپۆش کردن و جوانکاری بە بەراورد بە مۆبایلەکانی تر.

 

تێبینی: بۆ زۆرێک لە زانیارییەکان پشت بە هەریەک لە جی ئێس ئێم ئێرینا و فۆن ئێرینا بەستراوە.

بۆچونی تۆ