ئەپڵ
14, كانونی یهكهم 2017
ئێستا iMac Pro بەردەستە لە ٤.٩٩٩ دۆلارەوە دەست پێدەکات تا ١۳.١٩٩ دۆلار!

چاوەڕوانییەکە کۆتایی هات و خوازیاران ئێستا دەتوانن iMac Pro داوا بکەن!
نرخەکان دەست پێدەکەن لە:
٤٩٩٩ دۆلار بۆ جۆری ٨ ناوک
٥٧٩٩ دۆلار بۆ جۆری ١٠ ناوک
٦٥٩٩ دۆلار بۆ جۆری ١٤ ناوک
٧٣٩٩ دۆلار بۆ جۆری ١٨ ناوک
جۆری ٨ ناوک و ١٠ ناوک لە کۆتایی ئەم مانگەوە دەگەنە دەست کڕیارانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، جۆرەکانی ١٤ ناوک و ١٨ ناوک تا مانگی ٢ ناگەنە دەستی کڕیاران.
جگە لە جۆری ناوکەکان، کۆمەڵێک لایەنی دیکەش هەیە کە دەتوانیت بە خواستی خۆت گۆڕانکاری تیادا بکەیت وەک ڕام و بیرگە و گرافیک کارد، گرانترین جۆری کۆمپیوتەرەکە نرخی ١٣،١٩٩ دۆلارە و خاوەن پڕۆسێسەرێکی ١٨ ناوکی و ١٢٨ گێگابایت ڕام لە جۆری ECC و ٤ تێرابایت لە بیرگەی SSD و گرافیک کاردێکە لە جۆری AMD Radeon Pro Vega 64 کە خاوەن ١٦ گێگابایت (memory) تایبەتە لە جۆری HBM2.
ئەم کۆمپیوتەرە ئێجگار زۆر بەهێزە و بۆ کاری قورس و پیشەگەرانە گونجاوە، بەڵام گەورەترین کێشەی ئەوەیە کە بەکارهێنەر بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت کۆمپیوتەرەکە (upgrade) بکات، واتا ناتوانیت هیچ کام لە پێکهاتەکانی وەک ڕام و بیرگە و هتد… بگۆڕیت، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرینەی کۆمپیوتەرە هاوشێوەکانی iMac Pro کە کۆمپانیاکانی دیکە دروستیان دەکەن ئەو توانایە بە بەکارهێنەر دەبەخشن.
iMac Pro خاوەن ٤ دەرچەی جۆری Thunderbolt 3یە، دەتوانرێت لە هەمان کاتدا ٢ ڕوونمای دەرەکی 5K یان چوار ڕوونمای دەرەکی 4Kی پێوە پەیوەست بکرێت.
کڕیار لەگەڵ کۆمپیوتەرەکەدا ماوسێکی بێ وایەر و تەختەکلیلێکی بێ وایەریش بەدەست دەخات.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.