ئای ئۆ ئێس 19, كانونی یه‌كه‌م 2017

جیاوازیی بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی Ram لە لایەن ئەندرۆید و IOS چییە؟ چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و بیرۆکەکان

ناکرێت بە هۆی جیاوازییەکی زۆری هەردوو سیستەمەکە ڕاستەوخۆ بیرۆکەی باشترین سیستەممان لە نێوانیان هەبێت، جیاوازیی لە نێوان IOS – ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆیددا هەیە نەک بەو مانایەی دانەیەک لە ئەوەی تر باشترە، یان پێچەوانە. لە جیاوازترین خاڵە کاریگەرەکانی نێوان ئەم سیستەمانە بوونی ڕەقەکاڵای ڕامە چونکە جیاوازی و تایبەتمەندییان دەر دەخات، پێدەچێت بە هەڵە هەندێک بیرۆکەی هەڵەی خاڵی بەهێزیی و خراپی ئەم سیستەمانەمان بڵاوکردبێتەوە و بڕوامان پێیان هێنابێت. ئەم بابەتە بە ڕاست و دروستیی و بیرۆکەی قوڵتر، بە شێوەی ئەکادیمیی ڕوون دەکەینەوە.

هۆکاری دروست بوونی ئەم بیرۆکەیە لە کوێ هاتووە؟

لە کاتێکدا کە مۆبایلی پێکسڵ XL و گالەکسی ئێس ۷ و زێن فۆن ۳ بە فراوانیی ٤ گێگابایت ڕام نمایش کران، ئایفۆن ۷ بە فراوانیی ۲ گێگابایت ڕام نمایشکرا، بە بیرۆکەی سەرەکی ئەم جیاوازییە شتێکی ئاساییە بەڵام خەڵکانێک بە جیاوازییەکی تر بیر دەکەنەوە یاخوود تانە لە سیستەمی ئەندرۆید دەدەن، بە هۆی ئەوەی کە هەندێک مۆبایلی ئەندرۆید بە بوونی فراوانی ٤ گێگابایت ڕام هەیە و هێشتا توانا و لە خۆ گرتنی نە گەشتووەتە ئاستی IOS. ئەم بابەتە بە تێگەشتنێکی باش هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم جیاوازییە ڕوون دەکاتەوە و تێگەشتنی هەوادارانی مۆبایلەکان باشتر دەکات.

ڕام – Ram چییە؟

پێش وردبوونەوە لە بابەتەکە پێویستە بزانین ڕام لە مۆبایل و کۆمپیوتەرەکان و هتد… چیە و چ کارێک دەکات؟ ڕام بە کورتکراوەی ڕستەی ئینگلیزیی (Random Acces Memory) جۆرێک لە تەکنەلۆژیای پاراستنی زانیارییە کە پەڕگەکان – فایلەکان لە کۆمپیوتەر یان مۆبایلەکەت لە خۆ دەگرێت. بە پێچەوانەی بیرگە – میمۆری، ڕام زانیاریەکان بە شێوەی هەمیشەیی هەڵناگرێت و کاتییە، بۆ هێشتنەوەی زانیاریەکانی هەر شتێکی مۆبایلەکەیە لە کاتی بەکارهێنان. بۆ نموونە لە کاتی کردنەوە و بەکارهێنانی هەر ئەپێک و یارییەک، لە کاتی داخستنی مۆبایلەکەت یان هاتنە دەرەوە لەو ئەپانە پێویستت بە بوونی بیرگەیەکی کاتیی دەبێت بۆ ئەوەی بەکارهێنەر دووبارە ئەپەکان بکاتەوە و زانیاریەکان مابن ئەمەش بۆ ڕام ئەرکێکی گرنگە و لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سیستەمی ئامێرەکان دەبێت.

  • لە کۆتاییدا ڕام پەیوەندی بە فراوانی بیرگەی هەڵگرتنەوە نییە و بە مانای وشە ۲ ڕەقەکاڵای جیاوازن و ۲ ئەرکی جیاوازیان هەیە. زێن فۆن 3 خاوەن ٦ گێگابایت فراوانی ڕامە و بیرگەیەکیش بە فراوانی ۱۲٨ گێگا لە خۆ دەگرێت.

ئەندرۆید بەرامبەر IOS: جیاوازی بەڕێوەبردنی ڕام له نێوان ئەم سیستەمانەدا چۆنە؟

بۆ تێگەشتنی ئاسانتر پشت بە ڕوونکردنەوەکانی یەکێک لە ئەندامەکانی پێگەی Android Authority دەبەستین کە چۆن تاقیکردنەوەی بۆ هەردوو مۆبایلی ئایفۆن ۷ (بە ڕامی ۲ گێگابایت) و و زێن فۆن ۳ (بە ڕامی ٤ گێگابایت) بۆ جیاوازی بەکارهێنانی ڕام کردووە، کە هەردووکیان بە دوایین وەشانی سیستەمی وەگەڕخەرەکەیانن. ئەم ڕوونکردنەوەیەی پێگەکە هەندێک جیاوازی بەکارهێنانی ڕاممان پێشان دەدات. یەکەم بیرۆکەی تاقیکردنەوەکە دەیسەلمێنێت کە بیرۆکەی بەکارهێنانی زۆرترین ڕێژەی ڕام لە لایەن ئەندرۆیدەوە مانای نییە تەنیا داستانێکە چونکە لە کاتی دەستپێکردنەوە – Restartـی هەردوو مۆبایلەکە، ئایفۆن ۷ ڕێژەیەکی زۆرتری ڕامی داگیر کرد. بۆ ئەم بیرۆکەیە با بزانین ڕامی بەردەست چییە؟

مەبەست لە ڕامی بەردەست چییە؟

لە کۆمپیوتەرەکانی پێشوودا ڕام تەنیا بۆ ئەپ و نەرمەکاڵاکان و لەگەڵ هەندێک لە زانیاریەکانی سیستەمی وەگەڕخەر بوو. ئەمڕۆ ئەم شتە گۆڕاوە و تایبەتمەندییەکان جیاوازن، کە ئێستا بە هۆی فرە ئەرکی ئەپەکان و جووڵە و گواستنەوەیانەوە ڕام لە ئێستادا قۆناغێکی جیاوازترە وەک لە قۆناغەکانی پێشوو. ئەمە مانای چییە؟ بە شێوەیەکی سەرەتایی لە هەردوو سیستەمەکەدا ڕێژەیەک لە ڕام بە سیستەمی وەگەڕخەر داگیر دەکرێت، ڕێژەیەکی دیکەش بە هۆی چەند ئەپ و نەرمەکاڵایەکەوە، کەواتە هیچ ڕامێک بە ڕێژەی ۱۰۰% بەردەست نییە و بەڵکو خۆ کارانە بە هۆی چەند ئەپێکەوە بە هەمان شێوە داگیر دەکرێت. سیستەمێکی وەگەڕخەری باش فراوانیی تەواوەتی ڕامی نییە، بەڵام ڕامی بەردەستی هەیە کە ئەو کاتەی ئەپێک دەکەیتەوە دەتوانێت بزانێت زانیاری کاتی ئەم ئەپە هەڵبگرێت تا ئەو کاتەی بەکارهێنەر خۆی دایبخات یان ڕامەکە لەم زانیاریانە پاک بکاتەوە.

با بگەڕێینەوە بۆ بەراوردکردنەکەی نێوان IOS و ئەندرۆید. پاش هەڵبوونەوەی ئایفۆن ۷ و زێن فۆن ۳، ۷۳۰ مێگابایت لە ڕامی ئایفۆنەکە بەردەستە و هێشتا زێن فۆن ۳ بە ڕێژەی ٨٤۰ مێگابایت ڕامی بەردەستی هەیە.

جیاوازیی بەکارهێنانی ڕام لە لایەن ئەپەکانی ئەندرۆید و IOS

له خاڵێکی تری گرنگدا بۆ ‌نیشاندانی بەکارهێنانی ڕام لە لایەن هەردوو سیستەمەکە، جیاوازی بەکارهێنانی ڕامە لە لایەن ئەپەکانیانەوه. وا دیارە لە کاتی کردنەوەی ئەپ و یاریەکان لە هەردوو سیستەمەکە جیاوازی دروست دەبێت، بە شێوەیەکی گشتی سیستەمی ئەندرۆید بە هۆی ئەپەکانیەوە زیاتر ڕام بەکاردەهێنێت، ئەویش بە دەیان هۆکار و سروشتیی سیستەم. گرنگە لێرە ڕوونکردنەوە بدەین کە قەبارەی ئەپەکانی IOS نیوەی قەبارەی ئەپەکانی ئەندرۆیدە. چاوێک لەم تاقیکردنەوەیە بکەن:

سەرەڕای ئەوەش ئەو ڕێگایەی کە ئەپڵ و گووگڵ بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی مامەڵەی ئەپەکان لە پشت پەردەوە گرتوویانەتە بەر، بابەتێکی گرنگترە لەوەی بزانرێت کام سیستەم ڕامی زۆرتر بەکاردەهێنێت.

بۆ نموونە ئەپەکانی سیستەمی ئەندرۆید زیاتر ئازادییان هەیە، بە مانایەکی تر دەتوانن دەست بە خزمەتگوزارییەکان بگەیەنن یان هەڵدەستن بە چالاکییەکانی تری پشتی پەردەی سیستەمەکە. ئەم شتە لە لایەکەوە شتێکی باش دەبێت و لە لایەکی دیکەوە لەوانەیە لای هەندێک خەڵک گونجاو نەبێت. بەڵام ستراتیژیەتی ئەپڵ بۆ ئەم چالاکییانە زۆرتر کۆنتڕۆڵکردن و بە سنوردار کردنییانە کە ئەمەش وا دەکات ئەپەکان لە کاتی خۆیدا چالاکیی ئەنجام بدەن، بە پێچەوانەی ئەندرۆید.

تەکنەلۆژیای بەڕێوەبردنی ڕام بە شێوەی کارامانه لە ئەندرۆید و IOS

بە شێوەیەکی بنچینەیی بەڕێوەبەرایەتی ڕام لەم ۲ سیستەمەدا کارامانە و چونیەکە، تاکە جیاوازییان چۆنیەتیی یان سروشتی مامەڵەکردنە لەگەڵ پشت پەردە بێگوومان وەک ئەوەی کە لە سەرەوە ڕوون کراوەتەوە. لە کاتێکدا کە سیستەمی ئەندرۆید لەسەر لینوکس بنچینە کراوە، ئەو کاتانە چالاکیی ئەپەکان دەوەستێنێت کە بیرگەی مۆبایلەکە لە پڕ بووندا بێت ئەمەش لە پێناو دەست کەوتنی فراوانییەکی پێویستی بیرگە بۆ دامەزراندنی ئەپی نوێ. لە IOSـدا بەراورد بە ئەندرۆید زانیاریەکانی ئەپەکان زیاتر کۆنتڕۆڵ کراون و زیاتر گوشراون، لە کۆتاییدا دەتوانیت ئەپەکانی ئایفۆن بەکاربهێنیت تا ئەو کاتەی خۆت دایان دەخەیت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ