هەواڵ
21, كانونی یهكهم 2017
ئەمەریکا بە فەرمی ئاشکرای کرد کێ لە پشت هێرشی ئەلیکترۆنی wannacry ـەوەیە

دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک لە دەستپێکی هێرشی (wannacry) کە زیانێکی ئابووری ئێجگار زۆری گەیاند بە دەیان وڵاتی جیهان، وادیارە تاوەکو ئێستاش نیشانەی پرسیاری لەسەرە و بەتایبەتیش ئەو لایەنەی لە پشت هێرشەکەوەیە، بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆتایی هێنا بەم باسە، ئەویش بە ئاشکرا کردنی ئەنجامدەری هێرشەکە، بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکی تۆم بۆسرت لە ڕوونکردنەوەیەکیدا بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ی ئەمەریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتی کۆریای باکوور بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پشت هێرشی ئەلیکترۆنی (wannacry)ـەوەیە و ئاماژەشی بەوەکرد کە ئەم تۆمەتەیان دژی کۆریای باکوور بنیادنراوە لەسەر بەڵگەی ڕاست و دروست و ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی بەریتانیا هەمان بۆچوونی هەیە لەسەر لەسەر هێرشەکە و کۆمپانیای مایکرۆسۆفتیش هەستاوە بە بەدواداچوون و دڵنیای کردوەتەوە کە هێرشەکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە وڵاتی ناوبراوەوە، شایەنی باسە ئەمە یەکەم جار نییە کۆریای باکوور تۆمەتبار دەکرێت بە ئەنجامدەری هێرشی (wannacry) بەڵام یەکەم جارە کە بەرپرسێکی ئەمەریکی دڵنیای دەکاتەوە بەو شێوەیە کە کۆریای باکوور ئەنجامدەری هێرشەکەیە.
جێی ئاماژەیە هەتا ئێستا وڵاتی کۆریای باکوور هیچ کاردانەوە و ڕونکردنەوەیەکی نەبووە لەسەر ئەو تۆمەتەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، چونکە دەکرێت ببێتە بەڵگەیەکی بەهێز بۆ ئەمریکا و بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە چونکە هێرشی ڕانسۆموێرەکە زیانی بە شوێنە پزیشکیەکانیش گەیاندووە کە لە ڕێککەوتنە نێو دەوڵەتییەکاندا باسی لێوە کراوە نابێت بە هیچ جۆرێک هێرش بکرێتە سەر دەزگا فریاگوزاری و تەندرووستییەکان.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.