ئاسایشی ئەلیکترۆنی 25, كانونی یه‌كه‌م 2017

گەورەترین ڕووداوەکانی هاککردن و کارەساتە ئاسایشییەکانی ساڵی 2017

ساڵی 2017 ساڵێکی قورس بوو بۆ ئاسایش و پاراستنی ئەلیکترۆنی کە کۆمەڵێکی زۆر لە ڕووداوەکانی هاککردن و بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەرمەکاڵای زیانبەخشی بە خۆیەوە بینی لە زۆرێک لە دەوڵەتەکانی جیهاندا، لەم بابەتەشدا کۆمەڵێک لە بەهێزترین کارەساتە ئەلیکترۆنییەکانی ساڵی 2017 دەخەینە بەر دیدی ئێوەی خوێنەر:

  • ویکیلیکس vault 7

لە 7 ی مارس ی ئەم ساڵدا ویکیلیکس کۆمەڵێک زانیاری بڵاوکردەوە کە پێکهاتبوون لە 8761 بەڵگە کە وا دادەنرێت دزەپێکراون لە دەزگای هەواڵگیری (CIA)، بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە دەزگاکە هەستاوە بە چەندین کاری سیخوڕیکردن و بەکارهێنانی نەرمەکاڵای هاککردن وە لە ناو بەڵگەکاندا ئەوە سەلمێندراوه کە دەزگاکە سوودی لەخاڵی لاوازی زۆر مەترسیداری سیستمەکانی ویندۆز، ماک، ئەندرۆید، وەرگرتووە و لە ڕێگەیانەوە توانیویەتی چەند ئامێرێکی زیرەکی وەک TV بۆ کاری سیخوڕیکردن بەکاربهێنن.

  • پەیدابوونی ڕانسۆموێرەکان بەشێوازێکی فراوانتر.

لەمانگی پێنجی ئەم ساڵدا جۆرێکی نوێی نەرمەکاڵای زیانبەخش دەرکەوت بە ناوی (ڕانسۆم وێر) کە بووە هۆی زیانێکی زۆر بۆ سەدەها کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان لە زیاتر لە 150 دەوڵەت لە جیهاندا، وە ئەم هێرشە پێکهاتووە لە نەرمەکاڵایەکی زیانبەخش کە سوود لە خاڵێکی لاوازی ئاسایشی وەردەگرێت لە سیستمی ویندۆز دا و دواتر هەڵدەستێت بە دانانی تێپەڕەوشە بۆ سەرجەم زانیارییەکانت و داوای بڕێک پارەت لێ دەکات کە 300 دۆلارە بۆ لابردنی تێپەڕە وشەکە لەسەر زانیارییەکانت.

  • دزە پێکردنی زانیاری 198 ملیۆن دەنگدەری ئەمەریکی

لە ڕاستیدا شتێکی ئاسایی نییە کە ببیستین زانیاری کۆمەڵێک لە دەنگدەران هاککراوە یاخود پیشان دراوە لە شوێنێکی جیهاندا بەڵام لە 19 ی یۆنیۆ دا توێژەر کریس فیکیری دۆزینەوەیەکی مەترسیداری ڕاگەیاند، کە ئەویش دۆزینەوەیەک بۆ سەنتەرێکی زانیاری بەردەست خراو بۆ خەڵک کە پێکهاتبوو لە زانیاری کەسێتی 198 ملیۆن دەنگدەری ئەمەریکی هەرچەندە ئەم دۆزینەوەیە هاککردنێکی زیانبەخش نییە بەو ڕێژەیە بەڵام مەترسییەکی زۆر بەربڵاو و گەورەیە بۆ سەر هەر ئەندامێک یان ڕێکخراوێک.

  • هاککرانی هەڵمەتی ماکرۆن

لە مانگی مایۆی پێشوودا و لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەڕەنسا دا، ئیمانوێل ماکرۆن هەڵبژێردراوی سەرۆکایەتی فەڕەنسا ڕایگەیاند کە بووەتە قوربانی کردارێکی هاککردنی ئەلیکترۆنی گەورە و پیلان بۆ داڕێژراو کە بووەتە هۆی دزەپێکردنی سەدەها بەڵگەی ناوەکی ئەمەش چەند کاتژمێرێک پێش هەڵبژاردنی بۆ ململانێکردنی لەگەڵ مارین لۆبن، وە دواتر لێکۆڵەران دڵنیاییان دا لە دەستکەوتنیان بۆ چەند بەڵگەیەک کە دەریدەخات کۆمەڵێک هاککەری پەیوەندیدار بە حکومەتی ڕووسی لە پشت ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییەوە بوون کە لە دژی هەڵمەتی ماکرۆن ئەنجام دراوە.

  • هاککرانی کۆمپانیای HBO وە دزەپێکردنی زنجیرەکانی Game of Thrones

لە ماوەی ئەم هاوینەدا کۆمپانیای HBO ی ئەمەریکی خاوەنی زنجیرە فیلمی Game of Thrones ڕووبەڕووی زیانێکی ئابووری زۆر بووەوە و ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هاککەرێک توانی سێرڤەرەکانی کۆمپانیاکە هاک بکات و زنجیرە فیلمەکان دزە پێ بکات و لە ئینتەرنێتدا بڵاویان بکاتەوە، ئەمە و سەرەڕای کۆمەڵێک زانیاری تریش کە خۆی دەبینێتەوە لە نامەی پۆستەی ئەلیکترۆنی ناوەکی و بەڵگەنامە داراییەکانی کۆمپانیاکە.

  • کۆگای گوگڵ پلەی و نەرمەواڵە زیانبەخشەکانی کە کۆتایی نایەن
لەم ساڵدا چەندەها بابەت و ئاگاداریمان بینی دەربارەی کۆمەڵێک لە ئەپڵیکەیشنە زیانبەخشەکان کە بە بەردەوامی دەردەکەون لە کۆگای گوگڵ پلەی دا و لە ڕاستیشدا ئەو ئەپڵیکەیشنانە توانیویانە بگەنە ملیۆنەها بەکارهێنەر لە جیهاندا و زیانیان پێ بگەیەنن وە سەرەڕای زۆری ئەو ئەپڵیکەیشنانە بەڵام کۆمپانیای گۆگڵ هەموو هەوڵێکی خۆی خستوەتە گەڕ هەتاوەکو تۆی بەکارهێنەر پارێزراو بیت لە دەستی هاککەران و نەتوانن زیانت پێ بگەیەنن.

 

سەرچاوە :
تاگەکان هاک هاککردن
بۆچونی تۆ