ئەندرۆید 25, كانونی یه‌كه‌م 2017

ئەگەری هەیە وەنپڵەس ڕووبەڕووی داوای یاسایی ببێتەوە بەهۆی تایبەتمەندییەکی نوێی مۆبایلەکانی

نوێترین مۆبایلی کۆمپانیای وەنپڵەس بە ناوی ٥تی یەکەم مۆبایلی کۆمپانیاکەیە کە تایبەتمەندی کردنەوەی قفڵی لە ڕێگای دەم و چاوەوە هەبێت، بەڵام وا پێدەچێت ئەم تایبەتمەندییە ببێتە هۆی کێشە بۆ کۆمپانیاکە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای SensibleVision دەڵێت وەنپڵەس بە لایەنی کەمەوە یەکێک لە patentەکانی کۆمپانیاکەی پێشێل کردووە،(patent بە واتای داهێنانێک یان بیرۆکەیەک دێت کە لە ڕووی یاساییەوە لە لایەن کەسێک یان کۆمپانیایەک تۆمار دەکرێت و پێویستە کەسانی دیکە بۆ بەکارهێنانی بڕێک پارە بە خاوەنەکەی بدەن یاخود لەگەڵی ڕێبکەون)، SensibleVision کۆمپانیایەکی تایبەتمەندە لە بواری ئاسایشی بایۆمەتری و ناسینەوەی دەموچاو، خۆشبەختانە بۆ وەنپڵەس، پێدەچێت کۆمپانیاکە لەو جۆرانە نەبێت کە ڕێکەوتن لەگەڵی قورس بێت و کارەکە ئاڵۆز بکات.

بە وتەی بەڕێوەبەرەکە وەنپڵەس patentێکی پێشێل کردووە دەربارەی بەکارهێنانی ڕوونما وەک سەرچاوەی ڕووناک کردنەوەی ڕووخساری بەکارهێنەر و یارمەتیدانی کامێرا لە ناسینەوەی کەسەکە، لە بیریشمان نەچێت وەنپڵەس ٥تی هیچ ڕەقەکاڵایەکی تایبەت بۆ ناسینەوەی ڕووخسار بەکار ناهێنێت بەڵکوو تەنها کامێرای پێشەوەی و نەرمەکاڵا.

پێدەچێت هێشتا SensibleVision هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەگرتبێتە بەر و تەنانەت ئەگەر ئەو کارەش ئەنجام بدات، پێدەچێت وەنپڵەس ڕووبەڕووی سزا نەبێتەوە چونکە ئەم patentە زۆر فراوانە و قورسە بەهۆیەوە کۆمپانیایەک سزا بدرێت، هەروەها کۆمپانیاکە ئەمریکییە و ئەگەر patentەکەی لە چین تۆمار نەکردبێت ئەوا بە ئەگەرێکی ئێجگار زۆرەوە ناتوانێت هیچ قەرەبوویەک لە وەنپڵەس وەربگرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ