بیروڕا

داهێنان و گۆڕانکاریەکانی ئەپڵ لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

بەدەستهێنانی متمانەی خەڵکی و پەیداکردنی جەماوەر و ڕازیکردن و قەناعەت پێکردنیان شتێکی هەروا ئاسان نیە. سەرجەم کۆمپانیاکان بە چەندین هەنگاو و بارودۆخی سەختدا تێپەڕیون تا گەیشتوون بە ئاساتێکی خوازراو، وە ناشوەستن و بەردەوام کاردەکەن بۆ زیادکردنی ڕێژەی جەماوەر و گەورەکردنی وێنه‌ی کۆمپانیاکەیان لە زیهنی خەڵکیدا بە رێکلام کردن و بەراوردکردنی بەرهەمەکانیان بە بەرهەمی کۆمپانیاکانی تر بە بەکارهێنانی خاڵە لاوازەکانیان و بەکارهێنانی کەسایەتیە ناودارەکان و (باشترکردنی جۆرایه‌تی بەرهەمەکانیان) و هتد… کە بڕێکی زۆر لە داهاتەکەیانی بۆ تەرخان دەکەن، لەبەرئەوەی ئەگەر رێژەی جەماوەر ڕوو لە کەم بوون بوو ئەوا رۆژ بە رۆژ رێژەی داهاتەکەیان کەم دەکات و بەرەو داڕمان و نەمانی کۆمپانیاکە دەیانبات. بەڵام لە ئێستا دا پێم وایە کۆمپانیاکان زۆر زیاتر لە ساڵانی پێشووتر پێویستە هەنگاوی گەورەتر و قورستر بنێن بەتایبەت ئەوەی بیەوێت ببێت بە پاڵەوانی گۆڕه‌پان چونکە لە ئێستادا وەک ساڵانی 2007-2014 نیە چونکه‌ ئەو کات چەند کۆمپانیایەک بوون و ژماره‌یان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕی نەدەکرد.

کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی یەکێکە لە ناسراوترین کۆمپانیاکان و خاوەنی بەکارهێنەرێکی زۆرە و بە ناوازەی و تۆکمەی بەرهەمەکانی ناسراوه‌ و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی یەکەم ئایفۆن لەسەر دەستی بەڕێوبەری کۆچ کردووی ئەوکات – ستیف جۆبز – لەساڵی 2007 دا ساڵ بە ساڵ جەماوەری زیادی کردووه‌ و بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایە لە چاوی بەکارهێنەرەکانیان وێنەیه‌کی باشیان هەبوو، بەڕادەیەک هەر بەرهەمێکی ئەو کۆمپانیایە بە کۆن و تازەیەوە لەبازاڕەکاندا بە باشی و بەرزی جۆرایه‌تی ناوزڕەند کراوه‌ و لەگەڵ هەر بەرهەمێکی تازەدا چاوەڕوانی کۆمەڵێک کۆڕانکاری بێ وێنە و جییاوازی لێ دەکرا بەڵام لەو دواییانەدا سەرەڕای ئەوەی کە لە بەرهەمە نوێکانیاندا رووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بوونەوە لە لایەن بەکارهێنەران و شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا و بەتایبەت بەکارهێنەرە کۆنەکانی ئایفۆن بەوەی کە نەیانتوانیوە گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ بکەن لە بەرهەمە نوێکانیان دا و چاوەڕێی شتی گەورەتر بوون لە ئەپڵ. ئەمە لە لایەک و لەلایەکی ترەوە لەوە ناچێت ئەپڵ لە ئێستا دا بە باشترین ڕۆژەکانیدا تێپەڕبێت لە کاتێک دا کە رووبەڕووی رەخنەی توندتر بۆتەوە بەوەی کە بە ئەنقەست هەستاوە بە خاو کردنەوەی مۆبایلە کۆنەکان لە وەشانە تازەکانی سیستەمی وەگەڕخەری ئای ئۆ ئێس دا و هەروەها دابەزاندنی جۆرایه‌تی کامێرا و توانای بەرگەگرتنی پاتریەکەی لە پێناو گەورە کردنی وێنای بەرهەمە تازەکانی و قەناعەت پێکردنی بەکارهێنەران و زیادکردنی فرۆشتنیان بەشێوەیەک کە بە خێرایی و توانای باشتری پاتری و بەرزی جۆرایه‌تی کامێراکەی ناوزڕەند بکرێت.

ئەپڵ ئەم تۆمەتانەی رەت نەکردەوە بەڵکو دان پێدانانەکەی لەسەر شێوەی خۆ دەربازکردن بوو کە لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت: “بەڵێ ئێمە مۆبایلە کۆنەکان خاو دەکەینەوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پاتریەکەی و گونجاندی لەگەڵ تازەگەریەکاندا لە وەشانە تازەکاندا”. بەڵام ئەو وەڵامە نەبووە هۆی ڕازیکردن و قه‌ناعه‌ت پێکردنی رەخنەگرەکان و زۆرێکیان گومانیان لەو وەڵامە هەیە و بە فێڵی بازرگانی ناوی دەبەن و بەشێک لەوانه‌ سکاڵای یاسایان تۆ مارکردووە لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا بەتۆمەتی ئەوەی کە ئەپڵ ئاگاداری نەکردوونەتەوە لەو گۆڕانکاری و پێشهاتانە کە ئەوەش مافی خۆیانە چونکە ئەوان خاوەنی مۆبایلەکەن و ئەو گۆڕانکاریە کاری کردۆتە سەر ژیانی ڕۆژانەیان.

شایەنی باسە ئەو رێژەی زۆرەی رەخنەگرتنە لەوەوە سەریهەڵداوە کە خاوی مۆبایلەکە و زوو دابەزینی رێژەی شەحنی مۆبایلەکە لە ماوەیەکی کەمدا دوای بەرزکردنەوەی وەشانی مۆبایلەکانیان بە ئاشکرای هەستی پێدەکرا، کە پێشتر ئەوەم لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم تاوتێ کردبوو و ئەوانیش هاوڕام بوون لەوەی کە زۆرێک لە کۆمپانیاکان پەنادەبەن بۆ ئەم جۆرە کارانە.

وە من پێم وایە رەخنەکان لە ئەپڵ و سەرجەم کۆمپانیاکانی تریش رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم: زۆربوونی کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا و دروستکردنی بەرهەمی هەمەجۆر کە پێشتر ڕکابەریەکە لە ئاستێکی نزمتردا بوو، بەڵام لە ئێستا پێویستە هەموو ساڵێک بە گۆڕانکاری و نوێگەری جییاواز و سەرنج راکێش بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە و ئەوەش وادەکات توشی هەڵەی جۆراوجۆر و لەناکاوبن، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی هەیە و بەپلەی یەکەم دێت کە بۆتە هۆی زۆری ڕەخنەگرتن لە کۆمپانیاکانی ئەو بوارە.

دووەم: کێبه‌رکێی نێوان کۆمپانیاکان بۆ زۆرترین قازانج و زۆرترین فرۆش کە ئەوەش وا دەکات لەگەڵ خستنە بازاڕی بەرهەمە نوێکانیانەوە پەنا بۆ زۆر هۆکار بەرن بە ئاشکرا و بەنهێنی، هۆکارە نهێنیەکان جۆراو جۆرن و زۆرجار لەسەرتاوە هەستیان پێناکرێت، هەرچی هۆکارە ئاشکراکانە وەک پەناردنه‌ بۆ زیادکردنی نرخ و بەکارهێنانی کەلوپەلی گرانبەها لە دروست کردنی بەرهەمەکانیاندا و هتد… دیسان ئەوەش دەبێتە هۆی رەخنەگرتنی توند و هه‌ندێک کات ڕەتکردنەوەی بەرهەمە نوێکان لەلایەن بەشێک لە هەواداران.

لە کۆتایدا هەرکۆمپانیایەک پەنابەرێتە بەرهۆکاری نەخوازراو ئەوا ئەگەری زۆرە ڕێژەیەکی زۆر لە هەوادارانی لەدەست بدات، چونکە لەم سەردەمەدا بەهۆی تۆڕی ئینتەرنێت و بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خەڵکی چاو کراوە ترە و زیاتر لە جاران هەواڵ و بیروڕاکان تەشەنە دەکەن و دەبنە هۆی یەک دەنگی و دژ وەستانەوە و لە کۆتایشدا زیانگەیاندن بە ناو و ناوبانگی بەرهەم و کۆمپانیەکەش خۆی.

25 كانونی یه‌كه‌م، 2017