رەقەکاڵا 26, كانونی یه‌كه‌م 2017

زۆرترین زانیاری لەسەر نوێترین پڕۆسێسەری کواڵکۆم

کۆمپانیای کواڵکۆم کار دەکات لەسەر کۆمەڵێک چیپ(پڕۆسێسەر)ی نوێ بۆ ساڵی ٢٠١٨، وابڕیارە یەکێک لەو چیپانە ناوی سناپدراگۆن ٦٧٠ دەبێت، تاوەکو ئێستا زانیارییەکی ئەوتۆ لەسەر تایبەتمەندییەکانی ئەو چیپە بەردەست نیە.

بەپێی یەکێک لە جریوەکانی (ڕۆناڵد قواندت) بێت کۆمپانیای کواڵکۆم سەرقاڵیی تاقیکردنەوەی چیپێکە بە ناوی سناپدراگۆن ٦٧٠، کە یەکێکە لە چیپە ئاست مامناوەندەکانی زنجیرەی ٦٠٠، وابڕیارە لە چیپی سناپدراگۆن ٦٦٠ باشتر بێت، لە ڕووی خێرایی لەرەلەری پڕۆسێسەر و پشتگیریی کردن لە قەبارەی زیاتری ڕوونما و ڕام و کۆمەڵێک شتی دیکەش.

وابڕیارە ئەم چیپە نوێیە بناغەی ١٠ نانۆمەتریی بێت، لە کۆریای باشووردا پێکەوە بەستنی پارچەکانی و بناغەکردنی بۆ ئەنجام دەدرێت، هەربۆیە ئەوەش نزیکمان دەکاتەوە لەوەیی بڵێین کاری بە بناغەکردن و پێکەوە بەستنی لەلایەن کۆمپانیای سامسۆنگەوە بۆی ئەنجام دەدرێت، لە ئێستادا تاقیکردنەوەی لەسەر ئەنجام دەدرێت لەسەر کۆمەڵێک مۆبایلیی زیرەک.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆناڵد بێت، ئەو مۆبایلەی کە ئەم چیپەی لەسەر تاقیکراوەتەوە ڕوونیی ڕوونماکەی WQHD بووە واتە ١٤٤٠ پێکسڵ لە ٢٥٦٠ پێکسڵدا، بەڵام هێشتا قەبارەی ڕوونماکەی دیاری نەکراوە، لە پاڵ ئەوەشدا لە توانایدایە بووە تا ڕامی ٦ گێگابایتی DDR4X پشتیوانیی لێبکات، لە مەودای بیرگەکانیشدا بیرگەی ٦٤ گێگابایتی لە جۆری eMMC 5.1 لەسەر جێگیر کراوە، لە کۆتاییشدا لە ژینگەی کامێراکانیدا فراوانیی کامێرای دواوەی ٢٢.٦ مێگاپێکسڵ بووە و فراوانیی کامێرای پێشەوەی ١٣ مێگاپێکسڵ.

هەربۆیە لە ساڵی داهاتوودا بینەری کۆمەڵێک چیپی ناوازە دەبین لەلایەن کۆمپانیای کواڵکۆمەوە، بەدەر لە سناپدراگۆن ٦٧٠ وابڕیارە مۆبایلی کارکردوو بە چیپی سناپدراگۆن ٨٤٥ لە بازاڕەکانی جیهاندا بڵاوبنەوە، لەکۆتایی ساڵی داهاتووشدا بینەری نمایش کردنی چیپی سناپدراگۆن ٨٥٥ دەبین.

بۆچونی تۆ