ئای ئۆ ئێس
27, کانوونی یەکەم 2017
شکستێکی دیکەی تایبەتمەندی ناسینەوەی ڕوخساری ئایفۆن ١٠ و تۆمەتبارکردنی کۆمپانیاکە بە ڕەگەز پەرستی

وا دیارە کێشەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لەگەڵ مۆبایلەکانی ئایفۆن بەم نزیکانە کۆتایی نایەن، لە دوای ئەو تۆمەتانەی ڕووبەرووی کۆمپانیای ئەپڵ کرایەوە لە بارەی کەم کردنەوەی توانای جۆرە کۆنەکانی ئایفۆن، و کە لە دواتردا کۆمپانیاکە بە فەرمی دانی پێدا نا، دووبارە ئەپڵ تۆمەتبار دەکرێت بەڵام ئەم جارە لەگەڵ مۆبایلە نوێیەکەی کە ئایفۆن ١٠ ـیە.
ئەم جارەیان کێشەی کۆمپانیای ئەپڵ لەگەڵ مۆبایلی ئایفۆندا لە وڵاتی چینەوەیە کە یەکێکە لە بازاڕە گەورەکانی کۆمپانیای ئەپڵ، و لە دوای بڵاوبوونەوەی حاڵەتی بەکارهێنەرێک بە ناوی (لیو ئای) لە شاری شانگهای کە هەستاوە بە کڕینی ئایفۆن ١٠ بۆ خێزانەکەی بەڵام لە دواتردا تووشی سەرسوڕمان بوو کە بینی کوڕە بچوکەکەیان دەتوانێت لە ڕێگای تایبەتمەندی ناسینەوەی ڕوخسار (Face ID) ئایفۆنەکە بکاتەوە، وە لە پاش پەیوەندییان بە کارمەنداندانی کۆمپانیای ئەپڵ کۆمپانیاکە کێشەکەی گەڕاندەوە بۆ زۆری ڕادەی لێکچوون لە نێوان دایک و کوڕدا، بەڵام ئەم ڕوونکردنەوەیەی کۆمپانیای ئەپڵ نەبووە مایەی ڕازیبوونی زۆرێک لە بەکارهێنەران.
بەڵام حاڵەتی خێزانی (لیو ئای) تاکە حاڵەت نەبوو لە چین بەڵکو کچە بەکارهێنەرێکی چینی ئایفۆن ١٠ بۆی دەرکەوت کە کچە هاوڕێکەی دەتوانێت مۆبایلەکەی، کە پارێزراوە بە تایبەتمەندی ناسینەوەی ڕوخسار (Face ID) زۆر بە ئاسانی بکاتەوە لە کاتێکدا ئەوان کەسانێکی هەمان خێزان نین ئەمەش وای کرد کە هەمان کار ئەنجام بدەنەوە لە بەردەم کارمەندانی کۆمپانیای ئەپڵ بۆ سەلماندنی ڕاستی حاڵەتەکە.
بەڵام حاڵەتە زۆر دووبارە بووەوەکانی کردنەوەی مۆبایلی ئایفۆن X و تێپەڕاندنی تایبەتمەندی ناسینەوەی ڕوخسار (Face ID) بە ڕێژەیەکی زۆر لە وڵاتی چین وای کرد لە زۆرێک لە بەکارهێنەران کۆمپانیای ئەپڵ تۆمەتبار بکەن بە ڕەگەز پەرستی و هەروەها گرنگی پێ نەدانی کۆمپانیای ناوبراو بەو بەکارهێنەرانەی کە لە ڕەچەڵەکی ئاسیایین لە داهێنانە نوێیەکانیدا هەرچەندە کۆمپانیای ئەپڵ دڵنیای کردەوە کە ئەو حاڵەتانە چەند حاڵەتێکی کەم و شازن کە ڕوو دەدەن.



سەرچاوە :
- المحترف
- mirror
- dailymail
- newsweek
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.