ئەندرۆید 4, كانونی دووه‌م 2018

نوێترین وێنەی دزەپێکراو لە HTC U12

بەهۆی نزیکەی بوونەوەی کۆنگرەی جیهانیی مۆبایلەکان بۆ ساڵی ٢٠١٨، کۆمپانیای HTC سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە لەو کۆنگرەیەدا نوێترین بەرهەمی ئاست بەرزی خۆی نمایش بکات، بە ناوی HTC U12.

لەمڕۆدا نوێترین وێنەی دزەپێکراو لە ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکە دزەی پێکرا، پاشان لە پێگە جیهانیەکانی تایبەت بە ژینگەی مۆبایلە زیرەکەکان بڵاوکرایەوە، بەپێی وێنەکە بێت مۆبایلە خاوەنی ڕەهەندی ١٨:٩ دەبێت واتە لە شێوازی بێ لێوار دەبێت.

سەڕەڕای ئەوەی هیچ وێنەیەکی دزەپێکراو لەو دواوەی مۆبایلەکە تاوەکو ئێستا بەردەست نیە، بەڵام وا پێدەچێت لە دواوەی مۆبایلەکەدا خاوەنی کامێرایەکی دوانە هاوێنەیی و پەنجەمۆرێک بێت.

وا بڕیارە لەم ساڵدا مۆبایلە ئاست بەرزەکەی کۆمپانیای HTC خاوەنی ڕوونمایەکی 4K بێت، لە پاڵ ئەوەشدا ڕامێکی ٦ گێگابایت و بیرگەیەکی سەرو ٦٤ گێگابایت، زانیارییە دزەپێکراوەکانی ڕابردوو دڵنیای ئەوەیان دا کە ئەم مۆبایلە کار بە چیپ(پڕۆسێسەر)ی سناپدراگۆن ٨٤٥ دەکات.

پێشبینی دەکرێت لاشەی مۆبایلەکە لە شووشە دروست کرابێت و لایەکانی لە چوارچێوەیەکی کانزایی، تا لەگەڵ بارگاویکەرەوەی بێتەلدا بە گونجاوی کار بکات، بەدەر لەوانەش دەرچەی بارگاوی کردنەوە USB-C لەخۆ دەگرێت و دەرچەی بستۆکی جاک ٣.٥ مللی مەتری تێدا دەسڕێتەوە، تا مۆبایلەکە لە زیاتر بەرگە گربێت لە ئاستی دژە ئاو و تەپ و تۆزدا.

گەر بێت و زانیارییە دزەپێکراوەکان دەربارەی ڕوونمایەکی 4K ڕاست دەربچێت، ئەوە دەبێتە سێیەمین مۆبایل لە جیهاندا کە خاوەنی ڕوونمایەکی بەو جۆرە بێت.

بۆچونی تۆ