10
ئەندرۆید 8, كانونی دووه‌م 2018

سۆنی مۆبایلەکانی Xperia XA2 و Xperia XA2 Ultraی ڕاگەیاند

لە میانەی پێشانگای CESدا سۆنی هەریەک لە مۆبایلەکانی Xperia XA2 و Xperia XA2 Ultraی ڕاگەیاند کە ئاستیان مام ناوەندییە.

هەردوو مۆبایلەکە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٦٣٠ لەخۆدەگرن کە لە ٨ ناوکی Cortex-A53 پێکهاتووە و پڕۆسێسەرێکی ١٤ نانۆمەترییە، XA2 خاوەن پاترییەکی ٣٣٠٠میللی ئەمپێر.کاتژمێرە و پاتری XA2 Ultra ٣٥٨٠میللی ئەمپێر.کاتژمێرە، بەمەش مۆبایلە نوێیەکانی زنجیرەکە پاترییان زۆر فراوانترە لە هی نەوەی پێش خۆیان، هەروەها پشتگیری بارگاویبوونەوەی خێرا دەکەن، ئەم پاترییە فراوانانە بوونەتە هۆی ئەوەی مۆبایلە نوێیەکان کێشیان قورستربێت و ئەستورتربن، XA2 کێشی ١٧١ گرامە و ٩.٧ مم ئەستورە، XA2 Ultra کێشی ٢٢١ گرامە و ٩.٥ مم ئەستورە.

سەبارەت بە ڕوونما، XA2 خاوەن ڕوونمایەکی ٥.٢ ئینجە بە ڕوونی فوول ئێچ دی، برا گەورەکەشی ڕوونماکەی ٦ ئینچە بە هەمان ڕوونی.

XA2 خاوەن ٣گب ڕام و ٣٢گب بیرگەیە، برا گەورەکەشی ٤گب ڕام و ٦٤گب بیرگە، هەردووکیان پشتگیری بیرگەی دەرەکی دەکەن، بەڵام جۆرە بچوکەکە تەنها دەتوانێت دوو سیم کارد یاخود سیم کاردێک و بیرگەی دەرەکی لەخۆبگرێت لە کاتێکدا جۆری دوانە سیم کاردی ئوڵترایەکە دەتوانێت دوو کارد و بیرگەی دەرەکی لەخۆبگرێت.

کامێرای مۆبایلەکان لە لای چەپەوە گواستراونەتەوە بۆ ناوەڕاست و هەستەوەری پەنجەمۆریش لە تەنیشتی مۆبایلەکەوە براوەتە دواوە لە خوار کامێراکە.

هەردوو مۆبایلەکە لە دواوەیان خاوەن کامێرای ٢٣ مێگاپیکسڵن بە تیرەی چاوی (f/2.0)، ئەمە هەمان کامێرای مۆبایلە ئاست بەرزەکانی نەوەی پێشوویانە، لە پێشەوە هەردوو مۆبایل کامێرایەکی ٨ مێگاپیکسڵی گۆشە فراوانیان هەیە بەڵام ئوڵترایەکە بەمەوە ناوەستێت و لە پێشەوە کامێرایەکی دیکەشی هەیە بە ڕوونی ١٦ مێگاپیکسڵ و تایبەتمەندی OIS.

مۆبایلەکان لەسەر وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ و ڕووکاری تایبەتی سۆنی کار دەکەن و مانگی داهاتوو بەردەست دەبن، هێشتا نرخیان دیار نییە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ