ئامێرە هەمەجۆرەکان 30, كانونی دووه‌م 2018

مۆبایلی Nokia 3310 4G، بە بێدەنگی لە چین نمایش کرا

کۆمپانیای HMD Global کە ئێستا خاوەندارێتی کۆمپانیای نۆکیا دەکات و بەرهەمەکانیان بەرهەم دەهێنێت و بڵاوی دەکاتەوە. لە نوێترین بەرهەمیدا بە شێوەیەکی بێدەنگ مۆبایلی نۆکیا ٣٣١٠ـی کارکردوو بە تۆڕی 4G، لە چین نمایش کرد.

ئەمەش لە دوای ئەوە هات لە ساڵی ڕابردوودا هەمان مۆبایل نمایش کرا، بەڵام ئەمساڵ کۆمپانیای HMD Global  کۆمەڵێک گۆڕانکاری تێدا ئەنجام داوەتەوە. مۆبایلەکە لە توانایدایە پشتیوانیی لە تۆڕی 4G LTE بکات، هەروەها هەڵگری وەشانی ٤ـی بلوتوث و ڕادیۆیی FM ـە. هەروەها دەتوانێت پەیوەست ببێت بە تۆڕی وای-فای ـەوە وە لە ڕێگای hotspot بتوانێت زانیاریی پەیوەست بوون بۆ مۆبایلەکانی دیکە ڕەوانە بکات.

بیرگەی ڕامەکەی ٢٥٦ مێگابایتە و قەبارەی بیرگەی ناوەکیەکەی بریتیە لە ٥١٢ مێگابایت، لە توانایدایە بیرگەی دەرەکی تا ٦٤ گێگابایت کار پێبکات. قەبارەی ڕوونماکەی ٢.٤ ئینچە، لەگەڵ هەبوونی کامێرایەک لە دواوەیدا بە فراوانیی ٢ مێگاپێکسڵ کە لەگەڵیدا ڕووناکەرەوەیەک(فلاش)ی LED بوونی هەیە. وە مۆبایلەکە کار بە سیستەمی وەگەڕخەری Yun دەکات، کە ئەپە پێویستەکانی لەسەر جێگیر کراوە.

 

توانستی پاتریەکەی ١٢٠٠ مللی ئەمپێر.کاتژمێر ـە، کە لە توانایدایە ١٢ ڕۆژ لە باروودۆخی بەکارنەهێانیندا بمێنێتەوە و بەرگەی ١٥ کاتژمێر دەگرێت لە پەیوەندی تۆڕی 2Gـدا. دەتوانێت ٥ کاتژمێر لە تۆڕی پەیوەندی 4Gـدا بەرگە بگرێت وە ١٥ کاتژمێر لە باروودۆخی ڕادیۆدا. دەربارەی ماوەی بەرگە گرتنی لە باروودۆخی hotspotـە تا ئێستا هیچ باس نەکراوە. هەروەها خاوەنی دەرچەی بستۆکی جاک ٣.٥ مللی مەترە وە دەتوانێت پەڕگەی MP3 کار پێبکات.

 

لە کۆتایی مانگی ٢ـدا لە چین بەردەست دەخرێت، بەڵام هێشتاکە نرخەکەی دیار نیە. وا پێدەچێت لە کۆنگرەی جیهانیی مۆبایلەکان بۆ ساڵی ٢٠١٨ زانیاریی دەربارەی نرخ و کاتی بڵاوبوونەوەی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەست بخرێت.

 

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ