ئای ئۆ ئێس
30, كانونی دووهم 2018
کانتار نوێترین ئاماری دەربارەی فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان بڵاوکردەوە

کانتار نوێترین ئامارەکانی خۆی دەربارەی بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان بڵاوکردەوە، ئامارەکان مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی پار دەگرنەوە و ئەپڵ بە هاوکاری ئایفۆن ١٠ لە چەند ناوچەیەک سەرکەوتنی باشی بەدەست هێناوە.
هەرچەندە ڕێژەی فرۆشی ئەپڵ بە بەراورد بە پار لە وڵاتانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، شانشینی یەکگرتوو، فەڕەنسا و ئیتاڵیا کەمی کردووە، بەڵام لە هەریەک لە ئیسپانیا، ئەڵمانیا، ئوستوڕالیا، ژاپۆن و بە تایبەت چین بارودۆخەکە پێچەوانە بووە، لە چین ڕێژەی فرۆشی ئەپڵ گەیشتووەتە ٢٨.٦٪!

لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەپڵ و سامسۆنگ ٧٠.٨٪ی بازاڕیان داگیر کردووە و هاوکات هواوەی کە لە جیهاندا لە پلەی سێیەمە، لەو وڵاتە تەنها ٠.٤٪ی بازاڕی داگیر کردووە.
لەسەر ئاستی جیهان سامسۆنگ لە پلەی یەکەم مایەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی فرۆشی لە ئەوروپا بە ڕێژەی ٢.٢٪ و گەیشتن بە ڕێژەی ٣١.٣٪ی بازاڕ هاوکارێکی گەورەی کۆمپانیاکە بووە بۆ مانەوە لە لوتکە.
شایەنی باسیشە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ٩٦٪ی ئەوانەی ئایفۆنیان بەکارهێناوە و مۆبایلی نوێیان کڕیوە، دووبارە ئایفۆنیان کڕیوەتەوە.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.