ئای ئۆ ئێس
2, شوبات 2018
ئاماری گشتی فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکرایەوە

هەریەک لە Strategy Analytics و IDC ڕاپۆرتەکانی خۆیان دەربارەی چارەکی چوارەمی پار و تەواوی ساڵەکە بڵاوکردەوە و تیایاندا هاتووە کە ئەپڵ لە چارەکی چوارەم ٧٧.٣ ملیۆن ئایفۆنی فرۆشتووە و لە پلەی یەکەم بووە، بەڵام بۆ تەواوی ساڵەکە سامسۆنگ لە لوتکەدا ماوەتەوە بە فرۆشتنی ٣١٧ ملیۆن مۆبایلی زیرەک.
شاومی بە بەراورد بە ٢٠١٦ گەشەیەکی ئێجگار زۆری کردووە، بە تایبەت لە چارەکی چوارەم کە ٢٨.١ ملیۆن مۆبایلی زیرەکی فرۆشتووە کە ئەمە نزیکەی دوو هێندەی ١٤.٣ ملیۆنەکەی هەمان چارەکی ٢٠١٦یە.

هەرچەندە ئاماری دوو کۆمپانیاکە کەمێک جیاوازە بەڵام هەردووکیان کۆکن کە هاوشێوەی ٢٠١٦ سامسۆنگ لە پلەی یەکەم و ئەپڵ لە دووەم و هواوەی لە سێیەم و ئۆپپۆ لە چوارەمبوون، شاومیش هاتووەتە پلەی پێنجەم.


لە ٢٠١٧دا هاوشێوەی پێرار نزیکەی ١.٥ ملیار مۆبایلی زیرەک ڕەوانەی بازاڕەکان کراون، بەڵام چارەکی چوارەم لە ٤٣٨ ملیۆنەوە دابەزیوە بۆ ٤٠٠ ملیۆن.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.