ئاسایشی ئەلیکترۆنی
23, شوبات 2018
هێرشی “Jackpotting” چییە؟ مەترسییەکانی چین؟

وا دیارە کە گەورەترین و مەترسیدارترین بەرەنگاربوونەوەکان کە جیهان تووشی دەبێت لە ساڵانی داهاتوودا کردارەکانی هاککردنی ئەلیکترۆنین، وە ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان کردووە بە قەبارەی ئەو زیانە ئابورییەی کە هۆکارەکەی کردارەکانی هاککردن و بڵاوبوونەوەی زیانەواڵا زیانبەخشەکانن لە چەندین دەوڵەتی جیهاندا و ئەم زیانانەش بە گەورەتر دادەنرێت بە بەراورد بەو زیانانەی کە هۆکارەکەی ڕووداوە سروشتییەکانن، وە لە نێوان ئەو هەڕەشە ئاسایشییانەدا کە جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەم چەند هەفتەی داهاتوودا و بڵاویش بووەتەوە لە کۆمەڵێک دەوڵەتدا هێرشی “Jackpotting”ـە.
“Jackpotting” هێرشێکە ئامانجی سیستمە بانکییەکانە و بەتایبەتیش ئامێرەکانی “ATM” کە تیایدا هاککەر هەڵدەستێت بە دانانی زیانەواڵای زیانبەخش تیایاندا ئەمەش دەسەڵاتی تەواو دەداتە هاککەر لە کۆنتڕۆڵ کردنی ئامێرە بانکییەکان و خاڵی کردنیان لە پارە، ئەم هێرشە بڵاوبوونەوەیەکی فراوانی هەبووە لە ئەوروپا و ئاسیادا و لە ئێستادا سیستمە بانکییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کردۆتە ئامانج.
بۆ جێبەجێ کردنی ئەم هێرشە هاککەر پێویستە دەستی بگات بە ئامێرە بانکییەکان بۆ دانانی زیانەواڵا زیانبەخشەکان ئەوەش لە ڕێگای گۆڕینی هارد دیسک ی ئامێرە بانکییەکە دەکرێت و بەمەش دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ئامێرەکە بکات لە خێرایی دەرهێنانی پارە و ڕێژەکەیدا، هەروەها هاککەرەکان کۆمەڵە ئامێرێک بەکاردەهێنن کەلە شێوەی هاوێنەدان و زیاتر بەکاردەهێنرێت لە بوارە پزیشکییەکاندا و لێرەشدا هاککەر بەکاریدەهێنێت بۆ بینینی ناوەڕۆکی ئامێرە بانکییەکان و ئەم هێرشەیان بڵاوبوونەوەیەکی خێرا و فراوانی بە خۆوە بینی لە 12 دەوڵەتی ئەوروپی و ئاسیاشدا بە تایبەت دوای ئەوەی یەکێک لە هاککەران هەستا بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڕێگایەی کە هێرشەکەی پێ ئەنجام دەدرێت لە دارک وێبدا (ئینتەرنێتی تاریک).
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.