بیروڕا

بۆچی بازاڕی بەرهەمە خراپەکان لە بەرهەمە باشەکان گەرمترە؟

کەم یان زۆر دێتە بەر گوێیەکانمان کە کەسێک مۆبایلێک، کۆمپیوتەرێک، کامێرایەک یاخود هەر بابەتێکی تەکنەلۆژیی دەکڕێت یاخود ڕیکلامەکەی بەرچاو دەکەوێت ئیدی ئەگەر لەبەرچاوی مێشێک بێت دەبێتە فیلێک! ئەمەش چونکە هێشتا بەکرداری دەستی نەکردووە بە بەکارهێنانی لەبەرئەوەیە بە شتێکی گەورە دێتە پێش چاوی بەڵام کاتێک دێتە سەر بارە کرداریەکەی ئەوەنییە کە ئەو چاوەڕوانی کردووە.

بێگومان، دونیای تەکنەلۆژیی ئەمڕۆ پشت دەبەستێت بە فرۆشتن و ساخکردنەوەی بەرهەمەکان لە بازاڕدا ئیتر ئەو بەرهەمە باش بێت یان خراپ ئەوا لە نێو خەڵکدا بڵاودەبێتەوە و ڕەواجێکی باش پەیدا دەکات. لێرەدا ئێمە باسەکەمان لەسەر بازاڕی کەلوپەلی باش نییە، بەڵکو باسی ئەوە دەکەین بۆچی کەلوپەل گەلێکی خراپ و زیان بەخش و لاسایی کراوە بازاڕیان لەوانی دیکە گەرمترە و پێگەی کەلوپەلە جۆرایەتی باشەکانیان نزم کردووە لەناو خەڵکدا؟

بەپێی بیروڕای خۆم دەیگێڕمەوە بۆ چەند خاڵێک:

  1. زۆری بابەتەکە واتە کەلوپەلەکە لە بازاڕدا. بێگومان کاتێک بابەتێکی تەکنەلۆژیی هەرزان بێت، ئەوا بە ڕێژەیەکی زۆر زۆر ڕەوانە دەکرێتە بازاڕەکانەوە چ لە ڕێی بریکارەکانەوە بێت، چ لە ڕێی بازاڕی ڕەشەوە بێت، کە وادەکات بازاڕ پڕ دەبێت لەو ئامێرانە و خەڵک بە زۆری بەرچاوی دەکەوێت و دەیکڕێت.
  2. هەرزانی لەچاو بەرهەمەکانی دیکە. بێگومان ئامێری جۆرایەتی ئاست نزم زۆر زۆر هەرزانترە لە چاو ئامێرێکی جۆرایەتی بەهێز کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەندین خاڵ کە دیارترینیان ئەمانەن:
    ـ جۆرایەتی (کوالتی) بابەتەکە لاوازە
    ـ تێچووی کەمترە
    ـ کەرەستەی بەکارهێنراو ئاستێکی نزمی هەیە
    ـ لەو وڵاتانە بەرهەم هێنراوە کە دەستی کار تیایاندا هەرزانە.
  3.  ئەنجامدانی ڕیکلامێکی گەورە بە نرخی خەیاڵی. ڕوون و ئاشکرایە کە ڕیکلامکردن بۆتە پێویستیەکی ڕۆژانە، چ لە چیلکەی ددان پاککردنەوە تا بگات بە فڕۆکە هەموو ڕیکلامیان بۆ دەکرێت، بێگومان کارێکی گرنگی بواری ڕیکلامیش نیشاندانی جوانی و باشیەکانە و وەلانان و چاوپۆشیکردنە لە کەم و کوڕیەکانی ئامێرەکە یان ئەو بابەتە تەکنەلۆژییە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەلاڕێبردنی کڕیار.
  4. تێنەگەیشتنی کڕیار لە بنەما سەرەکیەکانی تەکنەلۆژیا (ڕام، ڕۆم، پڕۆسێسەر ……هتد). زۆر شتێکی دیارە لەناو کۆمەڵگای کوردی کە چاوەڕێی نوێترین جۆری مۆبایل و تابلێت و کامێرا و کۆمپیوتەر دەکەن ئەگەر چی نەزانن چی لە ناخی بابەتەکەشدا هەیە ئەوا هەر حەز و ئارەزووی پێ دەکەن و دوای ناو و ناوبانگ دەکەون.
  5. تێکەوتن بە ڕەنگ و دیزاین. کڕیار پێش هەر شتێک سەرنج دەداتە دیزاینی بابەتەکە کە ئەگەر بە دڵی نەبێت نەک هەر نایکڕێت بەڵکو ئاوڕیشی لێناداتەوە، ئاشکرایشە زۆربەی ئەو بابەتە تەکنەلۆژیانەی کە هەن لە ئێستادا ئەگەر جۆرایەتیشیان (کوالتیشیان) نزم بێت ئەوا بۆ دیزاین لاسایی کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەکەنەوە یان هیچ نەبێت شێوازێکی وا پێشکەش دەکەن کە کڕیار گوێ لە چاوی بگرێت نەک مێشکی.
  6. ئەنجامدانی تیروپشکی خەڵاتی گرانبەهای خەڵەتێنەر. چەند کەس لە ئێمە نەیبیستووە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ڕیکلامێکدا باس لەوە بکرێت کە مۆبایلێکی ۳۰ دۆلاری بکڕە و ئۆتۆمبێلێکی ۱۲ هەزار دۆلاری کیلۆمەتر سفر ببەوە!، خوودی ئەمە فێڵێکی بازرگانییە و لە کڕیار دەکرێت تاکو بە ئاواتی شتێکی گەورەتر ئەم بابەتەی کە دەیکڕێت لای گەورە و مەزن دەربکەوێت.

لەڕاستیدا ئەمانە چەند خاڵێک بوون کە دەریدەخەن بۆچی کەلوپەل و بەرهەمێکی تەکنەلۆژی ئاست نزم بازاڕی گەرمترە وەک لە بەرهەمێکی تر کە ئاستی بەرزە. ئیتر بەهیوای ئەوەی لەمەودوا هەمووان هۆشیارتر و بەرچاو ڕوونتربن لەکاتی کڕیندا و لە پێناو چەند دۆلارێک یان دینارێک خۆت توشی خەفەت بکەیت چونکە من پێم وایە شتێک بکرێت کە لە دوای کڕینی بە ئارامی بەکاری بهێنیت نەوەک هەموو خولەکێک خەم و خەفەتت لەناوچاوان ببارێت و بڵێت ئەها ئامێرەکەم ئیش ناکات و ئەها چارەسەری نییە و ئەمانە و چەندین کێشە و گیروگرفتی تریش کە لەکاتی کڕینی بەرهەمی جۆرایەتی نزم ڕووبەڕوومان دەبنەوە. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە دەگونجێت زۆر ڕووی دیکە هەبێت کە باسمان نەکردبێت بەڵام گرنک ئەوەیە بەرچاو ڕوونیمان هەبێت لە دەستنیشانکردنی باشترین بابەتی تەکنەلۆژیی. تۆش کە دەزانی خاڵێکی تری گرنگ هەیە لە کۆمێنتەکان لەگەڵ هاوڕێ و دۆستان هاوبەشی پێ بکە.

24 شوبات، 2018