کۆمپیوتەر 25, شوبات 2018

گشت زانیارییەک دەربارەی لاپتۆپی Matebook X Pro

لە مانگی ٢ی ئەمساڵ و لە میانەی MWC و لە شاری بەرشەلۆنە کۆمپانیای هواوەی لاپتۆپێکی بە ناوی مەیتبووک ئێکس پڕۆ ڕاگەیاند.

دیارترین و سەیرترین تایبەتمەندی لاپتۆپەکە کامێراکەیەتی کە وەک کامێرای لاپتۆپەکانی دیکە ناکەوێتە لێواری ڕوونماکە، بەڵکوو دەکەوێتە ژێر دوگمەیەک لە نێوان دوگمەکانی F6 و F7 و بە داگرتنی دوگمەکە لە کاتی پێویست کامێراکە دێتە دەرەوە و ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان و دوای بەکارهێنانی کامێراکە دەچێتەوە جێگای خۆی و تەنانەت دیاریش نامێنێت! ئەمەش تایبەتمەندییەکی زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێشە و گرنگە بۆ ئەو کەسانەی هەمیشە کامێرای لاپتۆپەکانیان دادەپۆشن و ترسی پارێزراوییان هەیە.

کامێرایەکی جیاواز تاکە شتی ناوازە نییە دەربارەی مەیتبووکە نوێیەکە، ئەم لاپتۆپە خاوەن ڕوونمایەکی ١٤ ئینچە بە ڕوونی 3K کە بە دەست لێدان کار دەکات و ڕووناکییەکەی دەگاتە ٤٥٠ نیت، هەروەها لێوارەکانی دەوروبەری ڕوونماکە ئەوەندە بچوکن کە ڕوونماکە ٩٢٪ی ڕووی پێشەوەی لاپتۆپەکەی داپۆشیوە، ماکبووک پڕۆی ١٣ ئینچ بۆ نموونە، تەنها ٨٢٪ی ڕووی پێشەوەی بە ڕوونما داپۆشراوە.

لاپتۆپەکە دیزاینێکی ناوازەی هەیە، لە ئەلەمنیۆم دروست کراوە و کێشی تەنها ١.٣٣کگ و ئەستووریی تەنها ١٤.٦ میللی مەترە، بەڵام ئەمە نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم هەبوونی ڕەقەکاڵای بەهێز و دەرچەی پێویست و تایبەتمەندی باش.

مەیتبووکە نوێیەکە هەستەوەری پەنجەمۆر لە دوگمەی هەڵبوونیدا لەخۆدەگرێت کە بە کەمتر لە ٢ چرکە قفڵی لاپتۆپەکە دەکاتەوە، هەروەها خاوەن ٤ بڵندگۆ و ٤ بیستۆکە، خاوەن دەرچەیەکی USB 3.0 و دوو دەرچەی USB-Cیە کە یەکێکیان لە جۆری Thunderbolt 3یە، هەروەها خاوەن دەرچەی بیستۆکی ٣.٥ میللی مەتر و پاترییەکە بە فراوانی ٥٧.٤ وات.کاتژمێر.

ماوەتەوە ئەوەش بڵێین کە ئەم لاپتۆپە تەنک و ناوازەیە گرافیک کاردێک لە جۆری Nvidia Geforce MX150 لە خۆ دەگرێت کە خاوەن ٢گب میمۆری لە جۆری GDDR5ە! ئەمە جگە لەوەی بە گرافیکی ناوەکی Intel UHD620یش بەردەستە بە نرخێکی هەرزانتر.

لاپتۆپەکە بەردەستە بە ڕەنگەکانی زیوی و خۆڵەمێشی و لە ویلایەتە یەکگرتووەکان نرخە بنەڕەتییەکەی لە ١١٩٩ دۆلارەوە دەست پێدەکات بۆ ٨گب ڕام و ٢٥٦گب بیرگەی SSD بەڵام زۆربەی کات داشکاندنی تایبەتی بۆ دەکرێت و بە نرخی کەمتر بەردەست دەبێت.

سەرچاوە :
بۆچوونەکان
بۆچونی تۆ