بیروڕا

کوردستان و کۆمپانیاکانی مۆبایلی زیرەک؛ ڕەخنە و هەندێک ڕێنمایی بۆ بەکارهێنەران

لەم ساڵانەی دواییدا ڕکابەری نێوان کۆمپانیاکان گەیشتوەتە لوتکە. ئەمڕۆ مۆبایلێک دەکڕیت پاش چەند مانگێکی تر مۆبایلێکی تری نوێ دەگاتە بازاڕەکان. ئیدی بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان لە کوردستان جمەی دێت، بەڵام زۆرجار نەشارەزایی بۆ کڕیاران و بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان گرفتە چونکە بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان وەک تەڵەیەک وایە، هەر کە نیازی کڕینی مۆبایلێکی نوێت هەبوو، ئیتر کە چوویتە ناوی بە بێ کڕینی مۆبایلێک نایەیتە دەرەوە.

کەسێک بیەوێت سەر لەم بازاڕە دەر بکات وا ئاسان نیە، هەرگیز ناتوانێت ١٠٠% لە فێڵ و تەڵەکەی نێوان کۆمپانیاکانی مۆبایل بەو ئاسانییە خۆی دەرباز بکات و چەند زۆرتر لە بازاڕەکەدا بیت شتی نوێتر و سەیر و سەمەرەتر دەبینیت و دەبیستیت. تۆ دەبێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام لەم بازاڕە کار بکەیت و پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی فرۆشگاکان و کۆمپانیاکانی مۆبایل درووست بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت لە زۆربەی شتەکان شارەزا بیت.

بێگومان بۆ کڕینی هەر مۆبایلێکی زیرەک پێوەرەکەی ئەوەیە چەند پارەت تەرخان کردووە. دوای پارە لای زۆربەی بەکارهێنەران پاترییەکی باش و کامێرایە و دواتر بیرگە و ڕام، بەڵام زۆر جار بەکارهێنەر بێ ئاگایە لەوەی کە گرنگترین پێوەر بۆ کڕینی هەر مۆبایلێکی زیرەک ئەوەیە لە چ کۆمپانیایەک دەیکڕیت؟

لەڕاستیدا گرەنتی و باوەڕپێکراوی کۆمپانیا لای کڕیاران گرنگترین کۆڵەکەیە بۆ ئەوەی تۆ مۆبایلێکی زیرەک بکڕیت. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار کڕیاران بەشتێکی تریش دەکەونە داوەکەوە ئەویش زۆری تەمەنی کۆمپانیاکەیە، کە پێم وایە ئەوەش پێوەر نیە، چونکە باشترین پێوەر بە بۆچوونی من سەنتەری خزمەتگوزاری (Service Center)ـە چونکە هیچ مۆبایلێکی زیرەک بەدەر نابێت لە کێشە. بۆ نمونە کاتێک تۆ تووشی کێشەیەکی رەقەکاڵا (Hardware) یان نەرمەکاڵا (Software) دەبیت، پێویستە ئەو کۆمپانیایەی مۆبایلەکەی لێ دەکڕیت باشترین خزمەتگوزاریت پێشکەش بکات. با من چەند نموونەیەکتان بۆ بێنمەوە لەسەر هەندێک کۆمپانیا کە ناوەکانیان پارێزراوە و نایدرکێنم لەبەر ئەوەی نامانەوێت کێشە لەگەڵ هیچ لایەنێکدا درووست بکەین تەنها بۆ زانینی ڕاستی هەندێک کۆمپانیایە:

  1. هاوڕێیەکی خۆم ڕوونمای (شاشە)ـی مۆبایلەکەی شکا، بردویەتی بۆ ئەو کۆمپانیایەی مۆبایلەکەی لێ کڕیوە، کۆمپانیا پێی دەڵێت پاش ١٥ ڕۆژی تر مۆبایلەکەت بۆ چاک دەکەینەوە. هاوڕێیەکی ترم بۆڕدی مۆبایلەکەی لە کار کەوتووە بردوویەتی کۆمپانیا دەڵێت بۆڕدمان نیە و تەنانەت ئامادە نین مۆبایلەکەی لە بەرامبەر بڕێک پارەشدا بۆ بگۆڕن.
  2. خۆم ماوەیەک پێش ئێستا مۆبایلێکی ئایفۆنی ٧ پڵەسم کڕی نزیکەی ٨٤٠$ پێدا بۆ کەسێکی نزیک خۆم. پاش ماوەیەک ڕوونماکە (شاشەکە)ـی شکا دوای ئەوەی بردم ڕوونماکەی بگۆڕم، ئەو کەسەی ڕوونماکەی بۆ گۆڕیم هاوڕێیەکی زۆر نزیکی خۆم بوو. لە کاتی کردنەوەی مۆبایلەکە پێی ڕاگەیاندم کە جگە لەوەی مۆبایلەکەم ڕوونماکەی پێشتر گۆڕاوە ئەوا کەڤەری مۆبایلەکەش گۆڕاوە. واتە من بە نوێی کڕیم و خۆم لەپاکەتەکەی کردمە دەر، کەچی ڕوونما و کەڤەریان گۆڕی بوو بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت. ئەوەی کێشە گەورەکەیە ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایەی گرەنتیشی دەکرد کۆمپانیایەکی عەرەب بوون و ئێستا لە بازاڕ نەماون.
  3. زۆر جار ئێمە مۆبایلێک دەکڕین نرخی ڕوونماکەی نیو هێندە یاخوود نیو هێندە زیاتری مۆبایلەکەیە کە ئەمەش گەورەترین کێشەیە.
  4. هاوڕێیەکی ترم خۆی لە یەکێک لە کۆمپانیاکان کار دەکات، ئاگاداری کردمەوە کە مۆبایلێکی نوێ دێت و کۆمپانیاکە نرخێکی زۆری خستۆتە سەر مۆبایلەکە بەڵام لەبەرامبەردا ئامێرێکی تی ڤی کە نرخی کەمترە لەو نرخەی خستوویانەتە سەر مۆبایلەکە بە دیاری دەیدەن بە کڕیارەکە.
  5. زۆربەی هەرە زۆری فرۆشگاکانی مۆبایل ئەو کەسانەی لەسەری کار دەکەن زانیاری ئەوتۆیان نیە لەسەر مۆبایل. واتە گرنگترین پارچەی مۆبایل کە پڕۆسێسەرە لە نێوان سناپدراگۆن و میدیاتێک و کیرن و ئێکسینۆس جیا ناکەنەوە، یاخوود ناتوانن پێت بڵێین و تێت بگەیەنن کە کامە مۆبایل لە کامە مۆبایل باشترە.
  6. گەورەترین کێشەی ئێمە چاولێکەریە کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی زۆرجار تووشی کێشە ببین. بۆ تۆ خۆت ئازاد ناکەیت بۆ ئەوەی ئەو مۆبایلەی خۆت هەڵیدەبژێریت بە پێی خواست و ویستی خۆت بیکڕیت، نەک پاڵنەری چەند کەسێکت لەسەر بێت بەبێ ئەوەی زانیاری پێش وەختەت لەسەر مۆبایلەکە هەبێت ئەوا بچیت بیکڕیت.

ئەوانەی سەرەوە هەندێک لەو کێشانە بوون کە زۆر جار دووچاری کڕیاری مۆبایلە زیرەکەکان دەبنەوە. باشترین چارەسەر و ئامۆژگاری منیش بۆ تۆ پێش کڕینی هەر مۆبایلێکی زیرەک ئەمانەیە:

  • هیچ مۆبایلێک مەکڕە تا دڵنیا نەبیت لە باشی و چاکی سەنتەری خزمەتگوزاریان (Service Center).
  • دواتر ئەو کۆمپانیایەی مۆبایلەکەی لێ دەکڕیت ئایا باوەڕپێکراوە یان نا؟ خۆتان دوور بگرن لە کۆمپانیای نەناسراو.
  • پێش ئەوەی هەر مۆبایلێک بکڕیت نرخی ڕوونماکەی بزانە چونکە گرنگترین پارچەی مۆبایلەکەیە.
  • بەراوردکردنی مۆبایل و زانینی تایبەتمەندییەکانی باشترین ماڵپەڕیش بۆ ئەم کردارە ماڵپەڕی GSMarena.comـە.
  • دواتر پڕۆسێسەر و ڕام و بیرگە و پاتری و کامێرا بکەن بە پێوەر بۆ کڕینی مۆبایلێکی زیرەک.
28 شوبات، 2018
ئاڤاتار
دەرچووی به‌شی كارگێری كۆلیژی به‌رێوه‌بردن و ئابوریم، و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینم له‌ ماڵپه‌ری تۆڕی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری كوردی، وه‌كو شاره‌زا له‌ بواری خۆپاراستن و كۆمپیوته‌ر و هه‌ردوو سیسته‌می ویندۆز و ماك ئۆ ئێكس و مۆبایل به‌ تایبه‌ته‌ی ئامێره‌كانی كۆمپانیای ئه‌پڵ و سیسته‌می iOS و Android کاردەکەم و لەو بوارە دەنوسم. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیای تازه‌ تێكه‌ڵم. هه‌وڵ ده‌دەم به‌رگێكی تازه‌ به‌به‌ر شێوازی ڕاگه‌یاندنی ته‌كنه‌لۆژیادا بكەم له‌كوردستان وده‌مەوێت بیخەمە سه‌ر ڕێڕه‌ویی جیهان و له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌نگاو بنێت.
266