10
ئای ئۆ ئێس 3, ئازار 2018

JP Morgan: بەرهەمهێنانی iPhone X کەم دەکرێتەوە

کۆمپانیای JP Morgan ڕایگەیاند پێشبینی دەکات لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ١٥ ملیۆن مۆبایلی ئایفۆن ١٠ بەرهەم بهێنرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر پێشبینی ٢٠ ملیۆن دانەی دەکرد. هەروەها Nanci Chang کە لە کۆمپانیاکە کار دەکات ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکەن لە چارەکی دووەمدا تەنها ١٠ ملیۆن دانە لە مۆبایلەکە بەرهەم بهێنرێت لە کاتێکدا پێشتر پێشبینی ١٨ ملیۆنیان بۆ ئەو چارەکە دەکرد.

سەبارەت بە گشت جۆرەکانی ئایفۆن کۆمپانیاکە پێشبینییەکانی فرۆشی بۆ چارەکی یەکەم لە ٥٥ ملیۆنەوە کەم کردەوە بۆ ٥٢ ملیۆن دانە، لە کاتێکدا تەنها مانگ و نیوێک لەمەوبەر بوو پێشبینییەکەی کەم کردەوە لە ٦٠ ملیۆنەوە بۆ ٥٥ ملیۆن. سەبارەت بە چارەکی دووەمیش دوای ئەوەی مانگ و نیوێک لەمەوبەر پێشبینی کۆمپانیاکە کەم کرایەوە لە ٥٠ ملیۆن بۆ ٤٥ ملیۆن دانە، ئێستا ٤٥ ملیۆنەکەش کەم کراوەتەوە بۆ ٤٢ ملیۆن دانە.

ئەم پێشبینییە نەرێنییانە لە کاتێکدا دێن کە ئەپڵ لە چارەکی پێشوو کە چارەکی چوارەم و کۆتایی ٢٠١٧ بوو قازانجێکی ئێجگار زۆری کردبوو و تێکڕای نرخی ئایفۆنی فرۆسراو ٧٩٧ دۆلاربوو کە ژمارەیەکی پێوانەییە و زۆر لە پێشبینییەکان زیاتر بوو کە چاوەڕێی ٧٥٥ دۆلاریان دەکرد، بەڵام بە پێی ئەم هەواڵە و چەندین هەواڵی دیکەی مانگەکانی پێشوو پێدەچێت مۆبایلە ١٠٠٠ دۆلارییەکەی ئەپڵ خواستە بەهێزەکەی سەرەتای لەسەر نەمابێت.

پێویستە چاوەڕێ بکەین و لە داهاتوودا ژمارە فەرمییەکانی ئەپڵ ببینین.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ