رەقەکاڵا

یەکەم لاپتۆپ بە پڕۆسێسەری Coffee Lake Hی نەوەی هەشتەم دەرکەوت

 

هەرچەندە چەند مانگێک دەبێت پڕۆسێسەرەکانی نەوەی هەشتەمی ئینتێڵ لە جۆرەها لاپتۆپدا بەدی دەکرێن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەردەستبوون و بەکارهاتوون پڕۆسێسەرە ١٥ واتییەکانی جۆری U بوون کە زیاتر بۆ لاپتۆپە تەنک و کەشخەکان و لاپتۆپە ئاست نزمەکان گونجاون، ئێستاش نۆرەی پڕۆسێسەرەکانی Coffee Lake Hە کە ٤٥ واتین و هێزێکی زۆر زیاتریان هەیە و بۆ لاپتۆپە بەهێزەکانی وەک هی گەیمینگ گونجاون.

بۆ یەکەمجار لاپتۆپێک بە پڕۆسێسەری Core i7-8850H لە ماڵپەڕی public.gr دەرکەوت کە ماڵپەڕێکی بازاڕکردنی یۆنانییە، لاپتۆپەکە مۆدێلێکی نوێی MSI GT83VR Titanە، پڕۆسێسەرە نوێیەکە خاوەن شەش ناوکە! خێرایی سەرەتایی ناوکەکان ٢.٦ گێگاهێرتزە و دەکرێت هەموویان لە کاتی پەستان و ئیشی قورسدا تاوەکوو ٤ گێگاهێرتز یاخوود تەنها یەک دانەیان تاوەکوو ٤.٣ گێگاهێرتز بەرز ببنەوە لە ڕێگای Turbo boostەوە، پڕۆسێسەرەکە خاوەن ٩ مێگابایت کاشی ئاستی سێیەمە، ١٤ نانۆمەترییە و خاوەن Intel UHD Graphics 630ی ناوەکییە.

لاپتۆپەکە خاوەنی نەوەک یەک بەڵکوو دوو گرافیک کاردی Nvidia GeForce GTX 1080یە لەسەر شێوەی SLI! هەروەها خاوەن ٦٤گب ڕام و ٢تب بیرگەیە، ١تب لە جۆری HDD 7200RPM لەگەڵ دوو دانە NVMe SSDیی ٥١٢گب، خاوەن ڕوونمایەکی ١٨.٤ ئینچیشە کە ڕوونییەکەی فووڵ ئێچ دییە.

کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکەی ئەم لاپتۆپە ناوازەیە بریتین لە سیستەمی فێنککردنەوە و سیستەمی دەنگیی تایبەت بە MSI لەگەڵ تەختەکلیلێکی میکانیکی RGBی کۆمپانیای Steelseries.

سەبارەت بە نرخیش بێگومان ئەم هەموو تایبەتمەندییە زۆر و ناوازەیە پارەیەکی زۆریشی دەوێت، لاپتۆپەکە لە ماڵپەڕە یۆنانییەکە نرخی ٦١٩٩ یۆرۆ(٧٦٩١ دۆلار)ە!

سەرچاوە:

8 ئازار، 2018
ئاڤاتار
خوێندکاری قۆناغی دووی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا کەمێک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
195