10
ئای ئۆ ئێس 16, ئازار 2018

ئامێری GrayKey ببینە، ئەو ئامێرەی قفڵی ئایفۆن دەکاتەوە!

هەفتەی پێشوو هەواڵ دەربارەی ئامێرێکی نوێ بڵاوبۆوە کە توانای کردنەوەی قفڵی ئایفۆنی هەیە، ئێستاش MalwareBytes توانیویەتی زانیاری زیاتر و وێنەی ئامێرەکە بەدەست بخات و بڵاویان بکاتەوە.

ئامێرەکە ناوی GrayKeyە و لە لایەن کۆمپانیای Grayshift دروست کراوە و لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بەکاردێت، ئامێرەکە لەسەر شێوەی بۆکسێکی بچوکە و دوو کەیبڵی Lightningی پێوەیە بۆ پەیوەست کردنی ئایفۆن پێوەی، ئامێرەکە پێویستی بە نزیکەی دوو خولەکە تاوەکوو نەرمەکاڵای تایبەتی خۆی لەسەر ئایفۆنەکە دادەمەزرێنێت و دواتر دەست دەکات بە خەمڵاندنی وشەی نهێنی ئایفۆنەکە و هەوڵی شکاندنی دەکات، بەپێی درێژی وشە نهێنییەکە دەکرێت کاری ئامێرەکە چەند کاتژمێرێکی کەم یاخود چەند ڕۆژێک بخایەنێت.

کاتێک ئامێرەکە دەگاتە ئەنجام و قفڵەکە دەکاتەوە، وشە نهێنییەکە لەسەر ڕوونمای ئایفۆنەکە نیشان دەدات و دەتوانیت هەموو زانیارییەکان بگوازیتەوە سەر ئامێرەکە و لە کۆمپیوتەرەوە دواتر سەیریان بکەیت، وەک لە وێنەکاندا دیارە ئامێرەکە توانیویەتی قفڵی iPhone Xێک بکاتەوە کە لەسەر iOS 11.2.5 کاری کردووە، لە ئێستادا iOS 11.2.6 بەردەستە و بە ئەگەری زۆرەوە ئامێرەکە بێ کێشە لەسەر ئەم وەشانەش کار دەکات، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەپڵ بێ دەنگ نەمێنێت و هەوڵ بدات لە وەشانەکانی داهاتوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.

ئامێرەکە دوو جۆری هەیە، جۆرێک کە نرخی ١٥،٠٠٠ دۆلارە و پێویستی بە ئینتەرنێتە بۆ کارکردن و دوای دامەزراندنی تەنها دەتوانێت لە ناوچەیەکی دیاریکراو کار بکات، جۆری دووەم نرخی ٣٠،٠٠٠ دۆلارە و پێویستی بە ئینتەرنێت نییە و دەتوانێت لە هەموو شوێنێک کار بکات.

ماڵپەڕی MalwareBytes ئاماژە بە مەترسی ئەم ئامێرە دەکات، بە تایبەت ئەو جۆرەی کە گرانترە و بێ کێشە لە هەموو شوێنێک کار دەکات، و ئەگەری ئەوە دەخاتە ڕوو کە لە حاڵەتی دزرانیدا، دەکرێت ئامێرەکە پارەیەکی ئێجگار زۆر بکات لە بازاڕی ڕەش و بۆ کاری خراپ بەکاربهێنرێت، بۆ نمونە دەکرێت ئەو کەسانەی مۆبایل دەدزن سوودی لێوەربگرن بۆ کردنەوەی ئایفۆنەکە و دووبارە فرۆشتنەوەی و تەنانەت بینینی هەموو زانیارییەکانی ناو مۆبایلەکەش.

سەبارەت بە خودی ئامێرەکەش، نازانرێت تا چەند پارێزراوە و ئاخۆ دەکرێت هاک بکرێت و زانیارییە تۆمار کراوەکانی ناوی ببرێت یاخود نا.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ