10
ئەندرۆید 27, ئازار 2018 بۆچوون

شاومی مۆبایلی می میکس 2Sـی بە کامێرایەکی ئاستبەرزەوە ڕاگەیاند

پاش تێپەڕبوونی ٦ مانگ بەسەر دەرچوونی شاومی می میکس ۲ کۆمپانیای شاومی هەستا بە ڕاگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لەم زنجیرەیە بە ناوی شاومی می میکس 2s کە ئەم مۆبایلە هەڵگری زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی نەوەی پێش خۆیەتی بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی کە کراون گرنگ و گەورەن کە لە ڕووی کامێرا و پڕۆسێسەرەوەن، ئێستاش بە کورتی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە دەخەمە ڕوو:

١- لەڕووی دیزاینەوە شاومی ساڵی پار توانی خەڵاتی زۆر بەدەستبهێنێت بەهۆی دیزاینی می میکس ۲ کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە دیزاینی مۆبایلەکە نەگۆڕێت و بەردەوامبێت لەسەر ئەم شێوەیە، ڕوونمای مۆبایلەکەش خاوەنی ڕوونمایەکی ٥.٩٩ ئینچە بە ڕوونی Full HD+ لەجۆری IPS و بەڕێژەی درێژی بۆ پانی ١٨:٩ کە ئەم ڕوونمایە هەروەک گشت مۆبایلە نوێیەکانی ئەم چەند ساڵە ڕێژەی bezzleی زۆر کەمکردوەتەوە و نزیکی کردووەتەوە لە لێواری مۆبایلەکە، وە ڕووی دواوەی مۆبایلەکە هەمووی سیرامیکە و پشتگیری بۆ بارگاویکردنی بێتەل هەیە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئامێری Qi کە ئەمە ئامێری بارگاویکردنی بێتەلی تایبەت بە شاومییە کاتێکی زۆر گونجاوە کە ئەم شتگیرییە بۆ مۆبایلە نوێیەکانی زیادبکات.

٢- بوونی نوێترین پڕۆسێسەر لەسەر ئامێرە نوێیەکەی کە ئەویش پڕۆسێسەری سناپ دراگۆن ٨٤٥ە کە ئەم پڕۆسێسەرە لەگەڵ ۲ جۆر ڕام بە دەست دەبێت کە ٦ یان ٨ گێگابایتە، هەروەها بوونی وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ لە ژێر ڕووکارەی MIUI 9.5 ی تایبەت بە شاومی خۆی، بیرگەی ناوەکی ئامێرەکەش لە ٣ ئاستدا بەر دەستە ئەوانیش ٦٤ و ١٢٨ و ٢٥٦ گێگابایت بەڵام دەرچەی بیرگەی دەرەکی لە ئامێرەکەدا بوونی نییە.

٣ کامێرا:

دەکرێت بڵێین گەورەترین گۆڕانکاری لە کامێراکانی ئەم مۆبایلەدا کراوە ئەویش بە جۆرێک لە ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکە لە بەشی خوارەوە بەلای ڕاستدا کامێرایەکی ٥ مێگاپێکسڵی هەیە کە بۆ گرتنی وێنەی سێڵفی پێویستە مۆبایلەکە سەرەوبن بکەیتەوە، لە ڕووی دواوەی مۆبایلەکە کامێرایەکی دوانە هاوێنە هەیە بە فراوانیی ١٢ مێگاپێکسڵ بە تیرەی کرانەوەی هاوێنەی f/1. 8 و f/2. 4. هەستەوەری سۆنی IMX363 لە خۆ دەگرێت و  جۆرەکەی دیەکشیان هەستەوەری سامسۆنگ S5K3M3. هەروەها گونجاندنی ژیری دەستکرد لەگەڵ نەرمەکاڵای کامێراکان بۆئەوەی بتوانێت تەنە نزیک و دوورەکان بناسێتەوە و ڕێکخستنی ڕەنگەکانی ئەو دیمەنە بکات تا وێنەکە بە جوانترین شێوە بچرکێنرێت. کامێرای ئەم مۆبایلە لە هەڵسەنگێنەری Dxo Mark توانیویەتی ئەم ئەنجامانە تۆمار بکات:

ئاستی وێنە توانیویەتی ١٠١ خاڵ بەدەست بهێنێت و ئاستی ڤیدیۆ ٨٨ خاڵ و بە تێکڕا بگات بە ٩٧ خاڵ ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کامێرای ئەم مۆبایلە کامێرایەکی ئاست بەرزە.

 پاتری ئەم مۆبایلە هەمان توانای نەوەی پێشووی هەیە ئەویش بە توانای ٣٤٠٠ مللی ئەمپێر/کاتژمێر و بوونی بارگاویی کەرەوەی خێرایە لە جۆری Quick Charge 3.0 بەهۆی دەرچەی USB لە جۆری C. سەبارەت بە نرخی ئامێرەکە ئەوا پشت بەو بیرگە و ڕامە دەبەستێت کە هەڵی ئەبژێریت و نرخەکان بەم شێوەیەیە:

  • بیرگەی ٦٤ گێگابایت + ٦ گێگابایت ڕام ٥۳۰ دۆلار.
  • بیرگەی ۱۲٨ گێگابایت + ٦ گێگابایت ڕام ٥۷٥ دۆلار.
  • بیرگەی ۲٥٦ گێگابایت + ٨ گێگابایت ڕام ٦٤۰ دۆلار.

ئەم مۆبایلە تەنها لە ۲ ڕەنگی ڕەش و سپی بەردەست دەبێت و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو لە بازاڕەکانی چین بڵاوبکرێتەوە و دواتریش بۆ بەشەکانی تری جیهان بەڵام پێشبینی ئەوە ناکرێت کە ئەم مۆبایلە بگات بە ئەمریکا.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ