10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 28, ئازار 2018 بۆچوون

دەرکەوتنی کەلێنێکی ئاسایش لە وەشانی iOS 11

یەکێک لە تایبەتمەندییە نوێیەکان کە کۆمپانیای ئەپڵ زیادی کردووە بۆ سیستمی iOS 11 پشکنەری QR Codeـە کە بووەتە بەشێکی لکێنراو بە ئەپی کامێرای سیستمەکە، ڕێگە دەدات بەکارهێنەر ئەپی کامێرا بکاتەوە و هەڵبستێت بە پشکنینی تێپەڕەوشەی وەڵامدەرەوەی خێرا ئەمەش بۆ ئەوەیە تا ئەپەکان لە لایەن کەسی سێیەمەوە کاری پێنەکرێت و دوور بێت لە بردنی زانیارییەکانی بەڵام وا دیارە کە کێشەیەکی ئاسایشی لە پشکنەری QR Codeـەکە هەیە. بە پێی ڕاپۆرتێکی نوێ کە بڵاوبووەتەوە لە لایەن Infosecـەوە وا دیارە بەهۆی کەلێنێکی ئاسایشی کە لەم تاییەتمەندییەدا هەیە هاککەران دەتوانن فێڵ لە خوێنەرەوەی QR Code بکەن کە تیایدا داوا لە بەکارهێنەر دەکات پەڕەیەکی نوێی ماڵپەڕ بکاتەوە بەڵام لە جیاتی ئەوە هاککەر لێرەدا هەڵدەستێت بە دووبارە ئاڕاستە کردنەوەی بەکارهێنەر بۆ ماڵپەڕێکی جیاواز ئەمەش لەوانەیە مەترسیدار بێت کاتێک کارەکە پەیوەندی بە خزمەتگوزارییە بانکییەکانەوە هەیە کە ئەگەری هەیە وات لێبکات زانیارییە تایبەتییەکانت تۆمار بکەیت لە ماڵپەڕە ساختەکەدا بەم شێوەیەش وردەکارییەکانی تۆماربوونت ڕووبەڕووی هاککردن دەبنەوە و بەو هۆیەشەوە وا دەکات هاککەران بتوانن دەست بەسەر پارە و زانیارییە بانکییەکانتدا بگرن.

هەروەها کۆمپانیای Infosec وتیشی کە ئەوان ئاگاداری کۆمپانیای ئەپڵییان کردوەتەوە لە بارەی ئەم کەلێنە لە مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوودا بەڵام تا ئێستا کۆمپانیاکە ئەو کەلێنەی پڕ نەکردووەتەوە، وە وتیشی هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە بە شێوەیەکی ئاشکرا زانیاری دەربارەی ئەم کەلێنە بڵاوبکەنەوە و ئاماژەشی بەوە کرد کە دڵنیا نین لە هۆکاری دەست بەکارنەبوونی کۆمپانیای ئەپڵ لە بارەی ئەم کەلێنە ئاسایشییەوە بەڵام بە هیوای ئەوەن کە ئەم کەلێنە چاکبکەنەوە چونکە لە ئێستادا هەموو کەسێک زانیاری دەربارەی هەیە و لە لایەن هاککەرانەوە دەتوانرێت وەک هەلێک بقۆزرێتەوە.

بۆچونی تۆ