10
ئەندرۆید 27, ئازار 2018

گشت زانیارییەک دەربارەی مۆبایلەکانی هواوەی P20 و P20 Pro

دوای چەند مانگێک لە پێشبینی و زانیاری دزەپێکراو، لە مانگی ٣ی ئەمساڵ هواوەی لە پاریس مۆبایلە نوێیەکانی زنجیرەی Pی ڕاگەیاند.

Huawei P20

P20ی ئاسایی بچوکتر و هەرزانترە لە چاو جۆرە پڕۆیەکە، خاوەن ڕوونمایەکی ٥.٨ ئینچی LCDیە و لە بەشی سەرەوەی ڕاگر(Notch)ی تایبەت بە کامێرا و هەستەوەرەکان هەیە، ڕوونی ڕوونماکە ١٠٨٠ پیکسڵ x ٢٢٤٤ پیکسڵە، لە بەشی خوارەوەی مۆبایلەکە کە زۆر بچوکە هەستەوەرێکی پەنجەمۆر بوونی هەیە.

مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری Kirin 970 کار دەکات کە دروستکراوی هواوەی خۆیەتی و خاوەن هەشت ناوکە، ٤ لە جۆری Cortex A73 و چواری Cortex A53، هەروەها خاوەن یەکەی چارەسەری گرافیکی Mali G72 MP12ە، خاوەن NPUیەکی تایبەتیشە بە زیرەکی دەستکرد، مۆبایلەکە خاوەن ١٢٨ گێگابایت بیرگەی ناوەکییە کە دەکرێت لە ڕێگای بیرگەی دەرەکییەوە زیاد بکرێت و خاوەن ٤ گێگابایت فراوانی ڕامە.

هواوەی بەردەوامە لە هاوبەشی لەگەڵ لایکا سەبارەت بە کامێرای مۆبایلەکانی و ئەمجارە کامێراکانی باشتر کردووە، لە پشتەوەی P20 دوو کامێرا هەیە، کامێرا سەرەکییەکە ١٢ مێگاپیکسڵە بە قەبارەی هەستەوەری 1/2.3″ و تیرەی چاوی f/1.6 و قەبارەی ١.٥٥ مایکرۆمەتر بۆ هەر پیکسڵێک و خاوەن تایبەتمەندی OISە، کامێرای دووەم ٢٠ مێگاپیکسڵە و لە جۆری Monochrome(ڕەش و سپییە) بە تیرەی چاوی f/1.6 و هاوشێوەی هی Mate 10ە، کامێراکان خاوەن دوو فلاشی LEDن و دەتوانن وێنەی پۆرترەیت(تەڵخکردنی بەشی پشتەوە)، چەندین دۆخی جیاواز و ڕووناکی جیاواز دابین بکەن، هەروەها ڤیدیۆی هێواشی Super slo-mo بە ڕوونی [email protected] تۆمار دەکەن، ئەمە جگە لە زووم کردن تا ۲ هێندە بە بێ لەدەستدانی ڕوونی.

لە پێشەوە کامێرایەکی نوێی ٢٤ مێگاپیکسڵ هەیە بە تیرەی چاوی f/2.0 و هاوشێوەی کامێراکانی دواوە توانای وێنەی پۆرترەیت و دۆخە جیاوازەکانی هەیە، هەروەها دەتوانیت بەکاری بهێنیت بۆ کردنەوەی قفڵی مۆبایلەکە لە ڕێگای ڕووخسارت.

مۆبایلەکە خاوەن پاترییەکی ٣٤٠٠میللی ئەمپێر/کاتژمێرە کە لە ڕێگای بارگاوی کردنەوەی خێرای Super Chargeی تایبەت بە هواوەییەوە بارگاوی دەکرێتەوە، لاشەی مۆبایلەکە لە شووشە دروست کراوە و چوارچێوەکەی کانزایە، خاوەن بڕوانامەی IP53یە و بە هۆیەوە بەرگەیەکی کەمی تەڕبوون و تۆز دەگرێت، مۆبایلەکە بەردەستە بە ڕەنگێکی ئێجگار تایبەت کە تێکەڵەی دوو ڕەنگی جیاوازە، ئەمە جگە لە ڕەنگەکانی ڕەش، شین، پەمەیی و زێڕی، بەڵام بەداخەوە ئەم مۆبایلە لە کوردستان بەردەست نییە.

Huawei P20 Pro

برا گەورەکەی P20 ڕوونماکەی گەورەترە، ٦.١ ئینچە و لە جۆری OLEDە، بەڵام هەمان ڕوونی P20ی ئاسایی هەیە و هەستەوەری پەنجەمۆرەکەشی بە هەمان شێوەیە.

P20 Pro خاوەن هەمان پڕۆسێسەر و بڕی بیرگەی ناوەکییە بەڵام ڕامەکەی بریتییە لە ٦ گێگابایت.

سەبارەت بە کامێرا، مۆبایلەکە لە پشتەوەی ۳ کامێرای هەیە! یەکێکیان جیاکراوەتەوە و ٢٠ مێگاپیکسڵە لە جۆری Monochrome بە تیرەی چاوی f/1.6، سەبارەت بە دو کامێراکەی دیکە کە بە تەنیشت یەکترەوەن، یەکیکیان ٤٠ مێگاپیکسڵە! بە تیرەی چاوی f/1.8 و قەبارەیەکی ئێجگار گەورەی هەستەوەر کە 1/1.7″ـە، کۆتا کامێرا ٨ مێگاپیکسڵە و تیرەی چاوەکەی f/2.4ە، کامێراکان جگە لە دوو فلاشە LEDەکە خاوەن هەستەوەرێکی پلەی گەرمیشن و دەتوانن زوومی بینایی تا ۳ هێندە بەدی بهێنن، ئەم پێکهاتە نوێیە بەرزترین بڕی ISOی سەرسوڕهێنەرە و بڕەکەی 102,400ـە. هەروەها دەتوانێت سەرنجی خۆکارانە بخاتە سەر هەر شتێک تا دووری ٣ مەتر.

کامێرای پێشەوە هاوشێوەی P20ە.

پاتری مۆبایلەکە ٤٠٠٠میللی ئەمپێر/کاتژمێرە و بە هەمان شێوە بە Super Charge بارگاوی دەکرێتەوە.

لاشەی مۆبایلەکە بە هەمان شێوەی P20یە بەڵام خاوەن بڕوانامەی IP67ە و دژە ئاو و تۆزە، مۆبایلەکە لە ئێستادا لە کوردستان نرخی نزیکەی ٦١٠ دۆلارە.

 

مۆبایلەکان بە ڕووکاری EMUI 8.1ی تایبەت بە هواوەی کار دەکەن کە لەسەر ئەندرۆید ٨.١ بنیاد نراوە و لە ئێستادا هێواش هێواش و بەپێی ناوچە جیاوازەکان نوێ دەکرێنەوە بۆ EMUI 9 کە لەسەر ئەندرۆید ٩ بنیاد نراوە، هەروەها تایبەتمەندییەک لە خۆ دەگرن کە لە ڕێگایەوە دەتوانیت بەشی سەرەوەی ڕوونماکە تاریک بکەیت و وا هەست بکەیت پارچە زیادەکە بوونی نییە، هەروەها بە وتەی هواوەی کردنەوەی قفڵ لە ڕێگای رووخسار بە مۆبایلە نوێیەکان ٢ هێندەی Face unlockی ئایفۆن خێرایە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ