بیروڕا 31, ئازار 2018

بێ ئیشەکانی ناو فەیسبووک سەرقاڵی نان و پیواز پەیداکردنن بەلایک و کۆمێنت

بێگومان لە هەرشوێنێک ڕووی تێ دەکەیت بای خۆی تێکدەر و شێوێنەر هەن و دەبن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بوونەتە جێی ئەم جۆرە کەسایەتییانە. بەگوێرەی تێپەڕبوونی کات دیاردەی سەیر و سەمەرە لەناو کۆمەڵگا ڕوودەدەن و سەرهەڵدەدەن و بەربڵاوی بەخۆیەوە دەبینن. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەردەوام دیاردەی زەق و زۆر سەیر سەرهەڵدەدەن بە شێوەیەک کە مرۆڤ شەرم دەکات کە ئەم جۆرە دیاردە بێ بنچینە و بێ بنەمایانە دەبینێت و خەڵکێکی زۆریشی پێوە سەرقاڵ کراوە.

ئەوەتا لەم دواییانە دیاردەیەکی زۆر بێ مانا لەناو تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان سەری هەڵداوە ئەویش نان و پیواز پەیداکردنە بە لایک و کۆمێنت. کۆمەڵێک بێ ئیش هەڵدەستن بە دروستکردنی شتانێکی ساختە یان هەڵبەستراو یان گەورەکراو بە مەرجی لایک و کۆمێنتیش ئەو شتە ساختە و بێ بنچینە و گەورەکراوانە بە خەڵکی دەفرۆشن! سەیر لەوە دایە کە هەر یەک لەم بابەتانەی کە نان و پیوازیان پێوە دەخورێت بە تەن لایک و کۆمێنتیان لەلایەن خەڵکی نەشارەزا و تینوی دەستخستنی شتی بێ بنەما بۆ دەنوسرێت، کە بەڕاستی جێگەی داخ و پەژارەیە.

بەداخەوە داوای ١٠ لایک و شەیر و کۆمێنت دەکات یان ٥٠ لایک و کۆمێنت و شەیر یان هەر شتێکی لەو شێوەیە تا کەسەکە شتەکەی وەرگرێت کە جاری وا هەیە شتەکەشی بۆ نانێردرێت و ئەو شتەیشی کە وەریدەگرێت ئەوە نییە کە لە بابەتەکە زەق و گەورەکراوە! کەواتە دڵنیاتان دەکەمەوە شتەکان گشتی شتی بێ بنچینەن یان زۆر زەقکراونەتەوە کە ئەوە نییە ئەوەی ئەوان لە پۆستەکە ئاماژەی پێ دەکەن. بۆ نمونە بینیم بە مەرجی لایک و کۆمێنت ئەپێکی ئەندرۆیدیان بۆ خەڵک دەنارد کە مامۆستای خۆشەویست دەوەن سلێمان و دەستەکەی دروستیان کردووە بەناوی کتێبخانەی کوردی بۆ ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس. ئەمەی خوارەوە یەک دوو وێنەی ئەپەکەیە. کەواتە چ پێویست دەکات نان و پیاواز بەو شتانە پەیدا بکەن و لایک و کۆمێنت کۆبکەنەوە لەکاتێکدا شتەکان ئاشکران و دەتوانن ڕاستەوخۆ شتەکە بە خەڵکی ببەخشن بەبێ داواکردنی لایک و کۆمێنت. بەڵام بەداخەوە دیارە خەڵکی ئێمە هەر بەدوای هاتوو و هووتەوەیە و  تینوی شتی ساختە و بەلاشە و زەقکراو و لە سنور دەرچووە بۆیە خەڵکێکیش ئەمەیان بە هەل وەرگرتووە و بابەتی وا بڵاودەکەنەوە تا خەڵکی لەخۆیان کۆبکەنەوە. وە هەروەها لەم سۆنگەیەشەوە چالاکی خۆیان لە فەیسبووک بەم جۆرە بەرزبکەنەوە کە ئەمە دوورە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و بێ شەرمییە.

من وەکو خۆم چاوەڕوانی دەست و بردێکم لە گەنجی وڵاتەکەم کە شتێک بە شتێک بکەن و هەر یەکە و لەلای خۆیەوە زانستێک فێرببێت تا خۆی و دەوروبەر و گشت لایەک سودی لێ وەرگرن بەڵام داخەکەم هەموو شتەکان لە ڕێگە ڕاستەکە لایان داوە و تاک و تەلار کەسێک دەدۆزیتەوە سەرقاڵی شتێکی باش بێت بۆ بەرەوپێشبردنی خۆی و وڵات و نیشتمان و زمان و کەلتور و دینەکەی. پێم خۆشە بزانن کە پێشکەوتن لە دەستی ئێمەیە و ئەگەر شتێک خۆت نەیکەیت کەس بۆت ناکات. هەمیشە دەڵێم و دووبارەشی دەکەمەوە کە کەس لە وڵاتێکی ترەوە نایەت لەبەر خاتری چاوە جوانەکانی ئێمە خەریکی چاکسازی و نوێخوازی و بەرەوپێش بردن بێت. کەواتە با هەر یەکە لە شوێنی خۆمان دەست و برد بکەین و هەنگاو بنێین داهاتووی خۆمان و نەوەکانی داهاتوومان باشتر بکەین. هەر لەبەرئەوە شورەییە خەڵکانێک بەم شێوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرقاڵی شتی بێ بنچینە و بێ بنەما و گەورەکراون. لەجیاتی ئەوە خۆتان سەرقاڵ بکەن بە زانستێکی بەسوود تا بگەن بە خەونەکانتان.

ئەمانەی خوارەوە چەند نمونەیەکن لەم جۆرە بابەتە سەرقاڵکەر و بێ بچینە و بێ بنەما و گەورەکراوانە. تکایە خۆتان بەدووربگرن و چیتر برەو بەو جۆرە بابەتانە مەدەن:

 

لە کۆتایدا دەڵێم تکایە تکایە ئەی خوێنەری بەڕێز و ئەی بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆت بەدوور بگرە لەم جۆرە بابەتانە چونکە ساختەن یان زەقکراو و گەورەکراون و چیتر برەو و ڕەواجیان پێ مەدەن.

بۆچونی تۆ